کرۆکی دەستێوەردانە سیاسی و سەربازیەکانی دەوڵەتی تورکیا

نادر عەبدولحەمید

یەکێک لە پایە بنەڕەتیەکانی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا لە سەردەمی ئۆردوگاندا نەک هەر دەستێوەردان بەڵکو سەرکێشی سەربازیانەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیادا. ئەمەش نەک هەر لە داگیرکاری بەشێکی باکور و ڕۆژاوای سوریادا دەیبینین، بەڵکو لە پشتیوانی سەربازیانەی دەوڵەتی قەتەر دژی سعودیە و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازیانە لە لیبیا و هەروەها لەو سنگدەرپەڕاندن و سەرکێشیەشدا دەیبینین کە ملنەدانە بۆ دیاریکردنی سنوری ئاوی نێوان وڵاتانی دەریای ناوەڕاست بۆ دابەشکردنی ئەو یەدەگە لە گازی سروشتی کە لەژێر دەریاکەدایە.

ڕاستە ئەو کێشمەکێشە توندوتیژەی کە لەنێوان زلهێزە ئیمپریالیستەکاندا لە ئارادایە لە ناوچەکەدا بۆ دیاریکردنی ڕێڕەوە سیاسی و سەربازیەکان، کەلێن و بۆشایی سیاسی لە ناوچەکەدا هێناوەتە ئاراوە کە تامەزرۆیی دەوڵەتی تورکیای پەرەپێداوە بۆ دەستێوەردان و کارئاسانی کردوە بۆی، بەڵام ئەو پێداویستیەی کە پاڵ دەنێت بەم دەوڵەتە و سەرۆک کۆمارەکەیەوە ئەم سەرکێشیە سەربازیانە بکات لە ناوچەکەدا لەوە واوەترە کە پڕکردنەوەی کەلێن و بۆشایی سیاسی و سەربازی بێت لە ناوچەکەدا.

گەشەی سەرمایەداری تورکیا لە دەیەی هەفتاکانی سەدەی بیست گەیشتە قۆناغێک لە پەرەسەندن کە پێویستی کرد ئاڵوگۆڕێکی پەیکەرەیی بێتەدی لە بنەماکانیدا، ئەوەش لە ڕێگەی گرتنەبەری سیاسەتی ئابوری نوێ لە (١٩٨٠)ەوە، کە لەسەر سێ پایەی (کرانەوە، چاکسازی، نوێکاری) دامەزرابوو.

کرانەوە چەمکێکی بەربڵاو بوو لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا و مانای ڕووهێنان بوو بۆ بلۆکی ئیمپریالیستی ڕۆژاوا و خۆسازدان بوو لەگەڵ سیاسەتەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی و دوورکەوتنەوە بوو لە بلۆکی ڕۆهەڵاتی (سۆڤیەتی) و دەستبەرداربوون لە سەرمایەداری دەوڵەتی (میسری ئەنوەر سادات باشترین نمونەی ئەوەیە). هەرچی کرانەوەش بوو لەلای تورکیا واتا گرتنەبەری ستڕاتیژی خەسخەسە، چاکسازی یاساکان و سوکەڵەکردنی ڕێنماییە ئیداریەکان بۆ کارئاسانی و پیادەکردنی و ڕێخۆشکردن بۆ کێبڕکێ و کێشکردنی سەرمایەی دەرەکی کە تەکنۆلۆژیای تازەش لەگەڵ خۆیدا هاوردە دەکات. ئەمەش واتا نوێکردنەوەی ئابوری وڵات و گونجاندنی لەگەڵ پێداویستیەکانی سەرمایەی جیهانی کە بەدەوری خۆی پێویستی بە نزیک بوونەوە بوو لە یەکیەتی ئەوروپا و بازاڕە هاوبەشەکەی و هەوڵدان بۆ ئەندامەتی تیایدا.

پەرەسەندنێکی گەورە و هەمەلایەنە لە هەشتاکان و نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا لە کەرتی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی کەلوپەلی تورکیادا هاتەدی کە زیاد لە پێویستیەکانی ناوخۆ بوو کە پێویستی بە دۆزینەوەی بازاڕی ساغکردنەوە و دابینکردنی کەرەستەی خاو هەبوو بۆ کەرتی پیشەسازی، هەموو ئەمانەش هاوڕای ئاڵوگۆڕێکی جیهانی بوون لە داڕمانی بلۆکی سۆڤیەتی کە بازاڕی وڵاتانێکی تازە دروستبووی لە خواروی ڕووسیادا ئاوەڵاکردەوە بەڕووی پیشەسازی گەشەکردوی تورکیا لەگەڵ کرانەوەی بازاڕی هەرێمی کوردستانی عێڕاق بەهۆی ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسیانەوە کە بەدوای جەنگی کەندوای یەکەم (١٩٩٠) هاتنەدی. هەناردە کردنی سەرمایە و وەبەرهێنانیش لە ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتانە و هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە کەرتی ئاوەدانکردنەوە و خانوبەرە و پرد و ڕێگاوبان و بەنداوەکاندا بەشێک بوو لەو پرۆسەیە.

بەم شێوەیە تورکیا لە کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای هەزارەی دووەمدا وەک دەوڵەتیێکی خاوەن نفوزی ئابوری و بەرژەوەندی ستڕاتیژی لە ناوچەکەدا دەرکەوت کە ئەمەش دەستێوەردانی سیاسی و سەربازی دەخوازێت نەک هەر بۆ دابینکردنی بەرژەوەندیەکان و پاراستنیان، بەڵکو بۆ بەرفراوانکردنی ڕوبەرەکەشیان. واتا سەرمایەداری گەیشتبۆ قۆناغێک لە پەرەسەندن کە چوارچێوەی نیشتیمانی و نەتەوەیی دەوڵەتی تورکیا تەسکوتروسک بوو بە بەژن و باڵاکەی. ئابووری تورکیا یەکێک لە (٢٠) ئابووری بەهێزی جیهانە و پلەی شانزە یا حەڤدەهەمی هەیە لەسەر ئاستی جیهان، وە لە نێو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوە تورکیایە کە هەناردەکەری هەرە گەورەی کەلوپەلی پیشەسازی و کشتوکاڵیە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا.

ئەم ئاڵوگۆڕە ئابوریانە گۆڕانکاریەکی کۆمەڵایەتیشی لە پێکهاتەی چینایەتی بورژوازی تورکیادا هێنایە ئاراوە لە چەند دەیەی کۆتایی سەدەی بیستدا، کە پەیوەندی نێوان توێژ و بەش ولایەنە جۆراوجۆرەکانی بورژوازی گۆڕانکاری بەسەردا هات لە بەرژەوەندی ئەو توێژەی کە جێگەوڕێگەیەکی پێشەوای وەرگرتووە بۆ ڕابەرایەتی و ئاڕاستەکردنی پەرەسەندنی سەرمایەداری و مسۆگەرکردنی کەڵەکەی سەرمایە و بەرفراوانکردنی. هەموو ئەم ئاڵوگۆرە ئابووری و گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیانەش ئاڵوگۆڕی فکری و کلتوریشیان بەدوای خۆیاندا هێنا.

بیروڕای نەتەوەخوازی علمانی ئەتاتورکی کە لەسەرەتای سەدەی ڕابردوودا باڵادەست بوو وەک پێداویستیەک بۆ شکڵپێدانی دەوڵەتێکی بورژوازی قەومی سەردەمیانە و گەیشتنەوە بە کاروانی وڵاتانی پێشکەوتوو، بە هاتنەدی ئەو ئامانجە لە کۆتایی سەدەی ڕابردوودا سەردەمی ئەو جۆرە لە نەتەوەییخوازی بەسەرچوو و نەیدەتوانی گوزارش بێت لەو ڕێڕەوە تازەیە لە پەرەسەندن و ئاڵوگۆڕی ئابوری لە تورکیا و ڕابەرایەتی کردنی، بۆیە ئەم ڕێڕەوە تازەیە دەبوا بە سیستمێکی فکری تازە گوزارش لە خۆی بکات کە سنوری نەتەوەخوازی داخراو و چەماوە بەسەر خۆیدا تێپەڕێنێت. بزوتنەوەی نەتەوەیی و بیروڕای نەتەوەخوازییانەی علمانی ئەتاتورکی ڕەنگدانەوەی جوڵە و بزوتنەوەی سەرمایە بوو لە تورکیا لە سەردەمێکی دیاریکراودا و ئێستا جوڵەی سەرمایە لە هەمان وڵات و لەسەردەمێکی تردا پێویستی بە دوبارە شکڵپێدانەوەی بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکی و بیروڕا و بەهاکانی هەیە بە شکڵ و شێوازێکی تر و خستنەڕووی لە قاڵبێکی تردا. حزبەکەی ئۆردوگان (عەدالەت و گەشەکردن)، وە گشت ڕەوتی ئیسلامی سیاسی، بەجیا لە باڵە جۆراوجۆرەکانی، بزوتنەوەیەکی نەتەوەییە لە ناوەڕۆکی خۆیدا و نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی سەرمایەی ئیمپریالی دەوڵەتی تورکیا دەکات.

زیندووکردنەوەی خەونی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی بۆ دەستبەسەراگرتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا و لەگەڵیشیا پەرەسەندن و بڵاوبونەوەی بیروڕای ئیسلامی سیاسی، هەموو ئەمانە پاشکۆیەکی ئایدیۆلۆژی و تەواوکەرێکی ئەو ئاڵوگۆڕە مادی و مێژووییە تازەیەیە کە وەکو ئامڕازێکی فکری و ئایدیۆلۆژی هەڵدەستێت بە پاکانەکردنی و وەڕێخستنی و ئاڕاستەکردنی و داسەپاندنی بەسەر خەڵکی زەحمەتکێشدا لە شکڵی ئامانجی نەتەوەیی و ئاینی پیرۆز. لە میانەی وتەکانیدا لە کۆبونەوەی گشتی حزبەکەیدا لە کۆتایی کانونی یەکەم/دێسەمبەری (٢٠١٩)دا ئۆردوگان ووتی: (تورکیا ژینگەیەکی شارستانی و مێژوویی مەزنی هەیە، ئەو ژینگەیە زۆر گەورەیە، دەریای ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا لە بەشە هەرە گرینگەکانی ئەو ژینگەیەن)، هەروەها ئۆردوگان ڕەخنەی لە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا گرت و ووتی: (لیبیا بۆ ئێمە میراتێکی عوسمانی و میراتی مستەفا کەمالە کە وەک ئەفسەرێکی عوسمانی خزمەتێکی درەخشانی پێشکەش کردوە).

جا دەستێوەردانی سیاسی و سەرکێشی عەسکەرتاریانەی تورکیا لە شەخسی ئۆردوگان و خەونەکانیەوە سەرچاوەی نەگرتووە بۆ ئەوەی ببێت بە سوڵتانێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵکو لەو پڕۆسە مادیەوە سەرچاوەی گرتووە کە ناواخنەکەی سەرمایەی ئیمپریالیستە کە شەخسیەتی ڕابەر بۆ خۆی دروست دەکات تا ڕابەرایەتی بکات و پاڵی پێوەنێت بۆ پێشەوە و ئامانجەکانی بێنێتەدی لە شکڵ و شێوەی ئاوات و مەرامی شەخسیدا.

ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان ڕەوتی ئیسلامی سیاسی هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران، دەبینین کە ئیسلامی سیاسی لە ئێراندا وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دەستی بەسەر دەسەڵاتدا داگرت لە پەیوەند بە شۆڕشی ئێرانەوە. ئەم ڕەوتە کەوتبۆ بەردەم بەرپرسیاریەتیەکی سیاسی ڕاستەوخۆ کە ڕزگاربوون بوو لەدەست شۆڕشی کرێکاران و زەحمەتکێشان کە لە ساڵی (١٩٧٩)دا دژ بە ڕژێمی شا سەریهەڵدا و ڕۆڵی دژە شۆڕشێکی گێڕا بۆ تێکشاندنی ئەو شۆڕشە، بەڵام ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لە تورکیا، وێڕای گرتنەخۆی ئەو ناوەڕۆکە دژە شۆڕشیە، لە ڕووی مێژووییەوە لەبەردەم ئەرکێکی تردا بوو کە دەبوا ئەنجامی بدات، ئەویش گرتنەدەستی جڵەوی ڕابەرایەتی ئەو ئاڵوگۆڕە مێژووییە بوو کە سەرمایەداری تورکیا دەگوازێتەوە بۆ قۆناغی ئیمپریالیستی و جێگەوڕێگەی زلهێزیشی بۆ مسۆگەردەکات.

پاشەکشەپێکردنی بزوتنەوەی کرێکاری و تێکشکاندنی بەرگری کرێکان لە مانگرتن و خۆپێشاندانەکانیان و هەروەها سەرکوتی چەپ و توندکردنەوەی زوڵمی نەتەوەیی لەسەر کورد لە تورکیا چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستادا بەشێکی تەواوکەری ئەو ڕەوەندە و هێنانەدی ئەو ئەرکەیە لەلایەن ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و حزبەکەی ئۆردوگانەوە، چونکە بەبێ ئەم سەرکوتە ناوخۆییە سەختە بۆی کە هەڵسێت بەم سەرکێشیانە و ڕۆڵگێڕانی خۆی وەک ڕابەرێکی بزوتنەوەی سەرمایەی نەتەوەیی لە تورکیا.

وەستاندنی دەستێوەردانە سیاسی و سەربازیەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دانانی سنورێک بۆ دەستدرێژیەکانی بۆسەر ژیانی زەحمەتکێشان و زوڵموزۆریەکانی دژ بە بزوتنەوەی کرێکاری و چەپ و کۆمۆنیستی لە تورکیا، هەروەها پاشەکشەپێکردنی سیاسەتە شۆفێنیستیە نەتەوەییەکانی پێویستی بە بەرجەستەکردنەوەی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی نێونەتەوەیی هەیە بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستیەوە.

ناوەڕاستی حوزەیرانی ٢٠٢٠

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

x

‎قد يُعجبك أيضاً

وتووێژی ئەسەدی نۆدینیان لەگەڵ موئەیەد ئەحمەد دەربارەی بارودۆخی سیاسی عیراق و کوردستان

وتووێژی ئه سه دی نودینیان - کەناڵی دیدار- له گه ل موئه یه د ئه ...

ئازادی بۆ گیراوەکانی بادینان، نا بۆ حوکمی بێ بەڵگە و نادادپەروەرانە

دادگای‌٢ی‌ هه‌ولێر‌، سێشه‌ممه (١٦-٢-٢٠٢١)، سزای‌ شه‌ش ساڵ زیندانی داسەپاند به‌سه‌ر ‌(شێروان شێروانی، گۆهدار زێباری، شڤان ...

پەرلەمانی عێڕاق، یاسای قەرزکردن و کێشەی مووچە لە هەرێم

پەسندکردنی یاسای قەرزوەرگرتن لەلایەن پەرلەمانی عێڕاقەوە، بەو مەرجانەوە بۆ حکومەتی هەرێم کە بێ پابەندبوون پێیانەوە ...

هێزی دەربڕین لە جەنگی ئازادیدا

جەمال کۆشش ٣٠.١٠.٢٠٢٠٢ چاوێک لە دەوروبەرمان.. کۆماری ئیسلامی ئێران لەریزبەندی ١٧٣ یەمین دایە، بەیەكێک لە ...

شه‌نگال، ئه‌وبرینه‌ی تا ئه‌مڕۆش خوێنی لێ ده‌چۆڕێ!

عه‌بدوڵا ساڵح   دانیشتوانی ناوچه‌ی شه‌نگال زوربه‌یان ( یه‌زیدین). یه‌زیدیه‌كان‌ له‌ ناوچه‌كانی موسڵ ، دهۆك، ...

%d مدونون معجبون بهذه: