فرۆشتنی دامەزراوەی کارەبا بە کەرتی تایبەت

نەوزاد بابان

کرێکاران و کارمەندانی کەرتی کارەبا کە لە کاتی خۆیدا دەیان جار ناڕەزایەتیان دەربڕیوە تا سیستمی موچە و دەرماڵەکانیان وەک هی ناوەڕاست و خواروی عێڕاقی لێبێت، وە چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد کە ئەم خواستەیان بێتەدی، بەڵام نەک هەر نەهاتەدی بەڵکو حکومەتی هەرێم موچەکانیانیشیانی بەناوی پاشەکەوتی زۆرە ملێیەوە دواخست و هەر بە چەند مانگ جارێک موچەیەک وەردەگرن.

ئەوەمان بیر نەچێ کەرتی کارەبا ھەزاران قوربانی داوە لەپێناوی ڕوناکیدا و کەرتە خزمەت گوزاریەکانی تر هەمووی بەم کەرتەوە بەستراوەتەوە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە بێدەربەست و میلیشیایە بەھیچ شێوەیەک پێزانین و ئاوڕدانەوەی بۆ ئەم کەرتە حەساس و پڕ خزمەت گوزاریە نەبووە کە قوربانیەکی زۆریشی داوە ئەویش بەهۆی دابین نەکردنی پێداویستیەکانی سەلامەتی شوێنی کار. ئەم حکومەتە لەگەڵ ئەوەدا بە ملوێنەھا دۆلار سەرف دەکا بۆ مشەخۆرانی سەردیوار و بندیواری حزبی بەڵام موچەی کارێکاران و کارمەندانی کارەبا چەندین مانگ دوادەخات، دەرماڵەی مەترسی خەرج ناکات و پێداویستیەکانی سەلامەتی کار دابین ناکات.

جا هەر لە بەردەوامی شانخاڵی کردنی حکومەتی هەرێم لە بەرپرسیارەتی خزمەتگوزاریەکان و بردنەپێشی سیاسەتی خەسخەسەدا، وە دوای ئەوەی ئەم سیاسەتی خەسخەسەیە بنکۆڵی کەرتی پەروەردە و خوێندن و تەندروستی بەتەواوەتی کردووە، ئێستا نۆرەی کەرتی کارەبایە کە حکومەتی هەرێم لە زمان بریکاری وەزارەتی کارەباوە، لە دووی ئەم مانگی ئۆکتۆبەرەدا، ڕایگەیاند، کە تا کۆتایی مانگی دوانزەی ئەمساڵ کەرتی کارەبا ڕادەستی سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت دەکەن.

دیارە بەتایبەتی کردنی کەرتی کارەبا هەلومەرجی کارکردن و ژیانی کرێکاران و کارمەندانی ئەم کەرتە هەرچی زیاتر سەخت دەکاتەوە ئەویش بۆ بەدەستهێنانی قازانج و سودی هەرچی زیاتری کۆمپانیا ئەهلیەکان کە وەبەرهێنان دەکەن لەم کەرتەدا. بەڵام ئەم هێرش و دەستدرێژیە هەر بۆسەر کرێکاران و کارمەندانی کارەبا نیە بەڵکو بۆسەر تەواوی هاوڵاتیان و خەڵکی زەحمەتکێش و کەم دەرامەتی کوردوستانیشە کە باری گوزەرانیان خەراپتر دەکات، هەروەک لە خەسخەسەی کەرتی تەندروستی و وێرانکردنی خەستەخانە گشتیەکان و هەروەها کەرتی خوێندنیشدا دەیبینین کە چ بارگرانیەکی خستۆتە سەر خەڵکی ئەم وڵاتە.

هەر ئەم سیاسەتی خەسخەسەشە بەدێژایی سێ دەیە سەروەت و سامانی کۆمەڵگەی لەدەست کەمایەتیەکی خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکاندا کۆکردۆتەوە کە هەر خۆشیان خاوەن دەسەڵاتی هەرێمەکە و فەرمانڕەوان لەڕێگەی هێزە میلیشیاکانیانەوە و زوربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستانیشیان لە برسیەتی و بێکاری و هەژاریدا ڕاگرتووە. ئەم هەژاری و برسیەتیە ئاکامی ئەوە نیە کە سەروەت و سامان کەمبێت لە کوردستاندا بەڵکو بە پێچەوانەوە ئاکامی ئەوەیە کە سەروەت و سامانێکی یەکجار زۆر هەیە لەم کۆمەڵگەیەدا و لەلایەن کەمایەتیەکی سەرمایەدارەوە و قورخکراوە و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانی لێ مەحروم کراوە.

بەرگرتن بەم بارودۆخە تڕاژیدیایە و گێڕانەوەی ئەم سەروەت و سامەنە زەوتکراوە بۆ خەڵکی، پێویستی بە وەستانەوەیەکی جەماوەری و بەرەیەکی بەرفراوانی ڕەتکردنەوەی سیاسەتی خەسخەسە و پیادەکردنی ڕێبازی نیولیبرالیزم هەیە لە کوردستاندا، چونکە حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمەکە ئاگاهانە و بەپێی نەخشە و ستڕاتیژ و پلان، وە بە پشتیوانی (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) و (بانکی نێودەوڵەتی) هەنگاو دەنێن لەبواری پیادەکردنی خسخەسە و شانخاڵی کردن لە هەموو خزمەتگوزاریەکان.

لەم نێوەدا کرێکاران و کارمەندانی کەرتی کارەبا بەتایبەت لە ئێستادا لەبەردەم ئەرکێک و ڕۆڵێکی مێژووییدان کە دەستپێشکەری بکەن بۆ خۆڕێکخراوکردن و وەستانەوە بەهێزی یەکگرتوویان دژ بە پیادەکردنی ئەم پلان و نەخشە ماڵوێرانکەرەی حکومەتی سەرمایەداران و کۆمپانیا ئەهلیەکانی، وە ئەمە بکەنە خاڵێکی وەرچەخان بۆ شکڵگیری بزوتنەوەیەکی بەرفراوانی جەماوەری دژ بە سیاسەتی خەسخەسە و نیولیبرالیزم و ڕادەستکردنی خزمەتگوزاریەکان بۆ دەستی کەرتی تاتیبەت لەسەر حیسابی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کەمدەرامەت و زەحمەتکێش و هەژارکراوی کوردستان.

ئەگەر بێت و خۆمان واتە کرێکاران و کارمەندانی کارەبا و خەڵکی ناڕازی و ئازادیخواز دەست بەسەر ئەم کەرتە دابگرین، دڵنیابن کە ھەم دەتوانین موچەکانمان دابین بکەین ھەم ئەم کەرتە ببوژێنینەوە و ھەم ٢٤کات ژمێرکارەبا بە تەوایی خەڵکی کوردوستانیش بدەین. بۆیە تا ڕۆژێک زوتر خۆمان ڕێکبخراوکەین و بەهێزی یەکگرتووی خۆمان دەست و باڵی ئەم دەسەڵاتە مافیایی و فەرھودچیە بگرین، ئەوا ڕۆژێک زوتر لە دەست ئەم نەهامەتی و تڕاژیدیایانەی ئەم دەسەڵاتە ڕزگارمان دەبێت.

٤-١٠-٢٠٢٠

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هاوپەیمانی سەربازیی سعودی-تورکی-پاکستانی وەک نموونەیەک!

عەبدوڵڵا ساڵح ووتراوە: "جەنگ سیاسەتە کاتێک وشەکان شکست دێنن، ئابووریـیە کاتێک بەرژەوەندیـیەکان بەریەک دەکەون، و ...

کوشتنی ژنان، لوتکەی شاخە بەفرینەکەی توندوتیژیی خێزانییە، کە لە پشت هەواڵەکانەوە شاردراوەتەوە

شیرین عەبدوڵڵا دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان و کوشتنیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، وەک ...

کۆمۆنیزم دەبێ ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی سۆشیالیستی و پڕۆلیتاری بە عەمەلی بخاتە بەردەم کۆمەڵگە

نادر عەبدولحەمید هەرێم لە پڕۆسەیەکی مێژوویی جیهانیدا لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە (١٩٩١) کۆمەڵگەی کوردستان ...

ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە ٤٢

ژمارە (42)ی ڕۆژنامەی (ڕەوت)، ئەیلول/ سێپتێمبەری (2026)، بڵاوکرایەوە ڕۆژنامەی (ڕەوت) بە چاپی وەرەق لە هەرێمی ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق، لە یادی هەشت ساڵەی دامەزراندنیدا

یادی هەشت ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق دەکەینەوە، و هەر ساتە هەست بە ...