پەرلەمانی عێڕاق، یاسای قەرزکردن و کێشەی مووچە لە هەرێم

پەسندکردنی یاسای قەرزوەرگرتن لەلایەن پەرلەمانی عێڕاقەوە، بەو مەرجانەوە بۆ حکومەتی هەرێم کە بێ پابەندبوون پێیانەوە حکومەتی کازمی نابێت بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، بەهانە و بیانوی دایەدەست ناسیونالیزمی کورد بەگشتی و بەتایبەت حزبەکانی دەسەڵاتدار لە هەرێم کە بکەونە وروژاندنی هەستونەستی نەتەوەپەرستی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەیەکی ژەهراوی، ئەمەش بە مەبەستی خامۆشکردنی ناڕەزایەتیە ڕوو لەسەرەکانی جەماوەر دژ بەم دەسەڵاتە گەندەڵە.

ئەم دەسەڵاتە کە درێغی ناکات لە تەنگپێهەڵچنین و گرتن و شکەنجەدانی هەڵسوڕاوانی ناڕەزایەتیەکان بە مەبەستی چاوترسێنکردنی جەماوەری ناڕازی، ئێستا بەم بیانوەوە دەکەوێتە خۆڵپڕژاندنە چاوی جەماوەر و هەوڵدان بۆ ڕاگرتنیان لە خامۆشی و دانیشتن بەدیار ناردنی شاندێک بۆ حکومەتی ناوەندی و دانوسان لەسەر بودجە و موچە.

ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و ناسیونال – ئیسلامیستی عەرەبی و حزبەکانیان بەهەردوو باڵی سوننی و شیعیانەوە لە پەرلەمانی عێڕاق، لە دریژەی ڕۆڵی دژە شۆڕشیاندا لە هێرشکردنەسەر (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر) و پاشەکشەپێکردنی، وە بە مەبەستی پەردەپۆشی برسیەتی و بێکاری و بێ خزمەتگوزاری جەماوەری زەحمەتکێشی ناوەڕاست و خواری عێڕاق و قوتارکردنی ئەم ڕژێمە کۆنەپەرستانەی ئێستایان و بردنەپێشی ئەجەندا سیاسیەکانی خۆیان لە ڕێگەی پەرەپێدانی دووبەرەکی نەتەوەییەوە، ئەم بڕگەیان لە یاسای قەرزوەرگرتنەکەدا جێگیرکردوە.

بەمەش ئەو ڕێککەوتنەیان پەکخست کە حکومەتی کازمی لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا هەیبوو کە تا کۆتایی ئەمساڵ بودجە و موچە بۆ هەرێم بنێرێت. بەم پێیە موچەخۆرانی هەرێمەکە و جەماوەری زەحمەتکێش و بەگشتی هاوڵاتیانی کوردستان، بونەتە بارمتەی کێشمەکێشی نێوان هەردوو دەسەڵاتی ناوەندی و هەرێم  و هەردوو بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی و ناسیونالیستی عەرەبی لە لایەک، و بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردی لە لایەکی ترەوە.

چارەسەر نە گەڕانەوەیە بۆ بەغدایەک، کە خۆی ڕژیمیکی گەندەڵ و میلیشیاییە و بۆ چاوەشەکاری جەماوەر و تێپەڕاندنی سیاسەتی نیولیبرالیزمی ئابووری دابینکردنی موچەکانی پەیوەست کردۆتەوە بە بڕیاردان لەسەر یاسای قەرزوەرگرتن، وە نە فریوخواردنە بە پڕوپاگەندەکانی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی خەباتی جەماوەر خۆی. ئەمە هاتنەمەیدانی جەماوەری کریکاران و کارمەندان و زەحمەتکێشانی کوردستانە بە ڕیزێکی ڕێکخراوی یەکگرتووەوە کە دەتوانێ جەمسەرێکی بەهێز بێت بۆ خۆهێنانەدەرەوە لە بارمتەیی نێوان هەرسێ بزوتنەوەکە و هەردوو دەسەڵاتەکەی ناوەند و هەرێم، و لایەنێکی دانوسان و چاودێر بێت بەسەر بودجە و موچە و دابەشکردنیدا.

دابین نەکردنی موچە هۆکارەکەی کەمی سەروەت و سامان نیە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، کەمی داهاتە ناوخۆیەکانیش نیە لە خزمەتگوزاریەکان و داهاتی دەروازە سنوریەکان و باج و بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی نەوەت و گاز، بەپێچەوانەوە ئاکامی زۆروزەوەندی ئەم داهات و  سەروەت و سامانەیە کە لەلای سەرانی ڕژیم و کۆمپانیەکانی دەوروبەریان و سەرمایەدارانی خاوەن کۆمپانیا گەورەکانی کەرتی تایبەت کەڵەکە بووە و قۆرخکراوە.

ئەم بارودۆخە لە قۆرخکاری، وە ئەم سیستمە ئابووری و سیاسیە، دەبێت لە ڕیشەوە گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ئەمەش تەنها یەکگرتوویی کرێکاران و زەحمەتکێشانە بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستیەوە کە دەتوانێ تەواوی ئەم سەروەت و سامانە، ئەو دەیان و دەیەها ملیار دۆلارەی بەرپرسانی حکومی و حزبی و سەرمایەداران و کۆمپانیاکانیان بگەڕێنێتەوە بۆ کۆمەڵگە، لەپێناو دابین کردنی موچە و خزمەتگوزاریەکان و هێنانەدی خۆشگوزەرانی لە ژیانی هاوڵاتیاندا.

  • نا بۆ پەرلەمانی عێڕاق و سیاسەتی ئابڵوقەی ئابووری هەرێم.
  • نا بۆ سیاسەتی نیولیبرالیزمی ئابووری حکومەتی هەرێم و گەندەڵی و فریوکاریەکانی.
  • موچەکان دەبی دەسبەجێ و بە تەواوی بدریت.
  • بەڵی بۆ چاودێری بودجە و موچە و دابەشکردنی لەلایەن نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کریکاران و کارمەندانەوە.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

٢٥ نۆڤێمبەری ٢٠٢٠

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

x

‎قد يُعجبك أيضاً

فرۆشتنی دامەزراوەی کارەبا بە کەرتی تایبەت

نەوزاد بابان کرێکاران و کارمەندانی کەرتی کارەبا کە لە کاتی خۆیدا دەیان جار ناڕەزایەتیان دەربڕیوە ...

گفتوگۆ ی رۆژنامەی “ڕەوت” لە گەڵ موئەیەد ئەحمەد سەبارت بە ڕاپەرینی ئوکتۆبەر، “پەڕەی سپی” و نیولیبرالیزم لەعیراقدا

سیاسەتی ئەم دوایانەی حکومەتی هەریمی کوردستان بۆ پرایڤەتایزەکردنی(تایبەتیکردن) کەرتی  بەرهەمهێانان و  گواستنەوەوە  و دابەشکردنی کارەبا، ...

سۆشیالیزم یان بەربەریەت

نەوزاد بابان ڕاشکاوانە و ترمپ ئاسا لە میانەی قسەکانیدا لە پەرلەمانی کوردستان، سەرەک وەزیرانی هەرێم ...

ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر لە عیراق و ئاسۆی ئازادی ژنان 

                             نوسین وئامادەکردنی شیرین عەبدوڵا  ڕۆڵی کاریگەری ژنان وشکاندنی کۆت وبەندە کانی یەکێک بو لە ...

هیچ ئەگەرێک لە پێشماندا نەماوە، تەنها سەرکەوتن نەبێت!

پەیامی جەماوەر لە  یەکەمین ساڵڕۆژی بەرپاکردنی ڕاپەڕین دا.. ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی هاوڕێیان " تارق فەتحی و ...

%d مدونون معجبون بهذه: