لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، خرۆشانێکی جەماوەری شاری ناسڕیەی گرتەوە و چوار کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیوو بونە قوربانی و دەیانیش برینداربوون لە ئاکامی سەرکوتگەریەکی دڕندانەدا لەلایەن دامودەزگاکانی دەسەڵاتەوە.
ناڕەزایەتی جەماوەری ناسڕیە بەردەوامی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەرە کە زیاتر لە ساڵێکە سەریهەڵداوە، ئەم شارە ڕاوەستاوە بە توێژە جۆراوجۆرەکانیە یەکێک لە شارە هەرە بەرچاوەکان بووە کە جەسورانە وەستاوەتەوە بەڕووی سەرکوتگەری و ملهوڕی دامودەزگا ئەمنیەکانی ڕژێم و میلیشیاکانی.
گەشانەوەی دووبارەی مەشخەڵی ڕاپەڕین لە ناسڕیە، ئاماژەیە بۆ نەفرەت و توڕەییەکی زۆری جەماوەری ئەم شارە و خواستیان بۆ ڕزگاربوون بەدەست نەهامەتی و ناعەدالەتیەک کە دەرحەق بە جەماوەری ئەم شارە و هەموو شارەکانی تری عێڕاق ئەنجامدراوە، ئەو شارانەی کە لەژێر چنگی حزب و هێزەکانی ئیسلامی سیاسی و هاوبەشەکانیاندان لە ناسیونالیستە عەرەبی و کوردیەکان و ئەوانەش کە نوێنەرایەتی لایەنە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان دەکەن و خاوەن بڕیارن لە عێڕاقدا و دەیانەوێت هەر ئەم حزب و هێزانە لە دەسەڵاتدا بمێننەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ لە ژێر دەستی هێزەکانی “دژە ئاژاوەگێڕی”دا ڕوو دەدات بە پشتیوانی و هاوکاری میلیشیاکان، هیچ جیاوازیەکی نیە لەو قەسابخانەیەی کە هێزەکانی (جەمیل ئەلشەمری) پێی هەڵسا و نزیک بە پەنجا کەسیان کوشت، ئەمە گوزارشە لەوەی کە ئەم دەسەڵاتەی ئێستا هەمان ڕێگە دەگێرێتەبەر بۆ مامەڵە لەگەڵ خواستەکانی جەماوەر و بە چەک و فیشەك ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. ئەو شێوازە ترۆر و کوشتنە کە ئەم ڕژێمەی ئێستا لەڕێگەی دامودەزگا ئەمنیەکانیەوە دەرحەق بە ناسڕیە ئەنجامی دەدات گوزارشێکی ڕون و ئاشکرایە لە قێزەوەنی ئەم ڕژێمە کە هیچ جیاوازیەکی نیە لە دەسەڵات و حکومەتەکانی پێشوو.
جەماوەری شاری ناسڕیە داوای ڕەخساندنی هەلی کار و لێپرسینەوەیان کردوە لە بکوژانی خەڵکی ڕاپەڕیوو، وێڕای دەست لە کار کێشانەوەی پارێزگار لە پۆستەکەی کە باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکەرە لەو شارە و بەرپرسە لەوەی کە ڕوویداوە لەو پارێزگایەدا، بەڵام پەرچەکرداری دەسەڵاتی فەرمانڕەوا بەرامبەر ئەم داواکاریانە ڕووبەڕووبونەوەی خەڵکی ڕاپەڕیوو و ئەنجامدانی تاوانی کوشتن و فڕاندن و ترۆر بووە دەرحەقیان.
ناسڕیە دڵی ڕاپەڕینە کە لە لێدان نەکەوتووە و بزوێنەرێکی بنچینەییشە کە هیوا دەبەخشێت بە هێزی خەڵکی ڕاپەڕیوو بۆ وەستانەوە و هێنانەدی ئاڵوگۆڕ، گەرچی ناڕەزایەتیەکان لە هەندێ لە شارەکانی ناوەڕاست و خوار هەر بەردەوامبووە، بەڵام شێوازێکی دڕندانە کە میلیشیاکان و دامودەزگا ئەمنیەکان گرتوویانەتەبەر، وێڕای هەندێ مەسەلەی تر، هۆکاری ڕاستەقینە بووە لە پشت بەرزنەبوونەوەی ئەو شەپۆلە جەماوەریەی کە خوازیاری ئاڵوگۆڕ و ڕزگاربوونە لەدەست ئەم ڕژێمە.
ئەوەی کە ئەم ڕاپەڕینە دەگەێنێتە سەرکەوتن و بەدەستهێنانی ئاواتەکانی جەماوەر بۆ ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی، پەیوەستە بە ڕێکخراوبوونی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە ژنان و پیاوان و لاوانی شۆڕشگێڕ، لەگەڵ گرتنەبەری ئاسۆیەک و بەرنامەیەکی سیاسی شۆڕشگێڕانە کە خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی جەماوەری ئازادیخواز بکات و هاوئاهەنگیش بکرێت لەنێوان هەوڵ و کۆششی هێزە جیاجیاکانی ڕاپەڕین، ئەو هێزانەی کە سەرتاپای ئەم ڕژێمە بەوردودرشتیەوە ڕەتدەکەنەوە و کاردەکەن بۆ ڕاماڵینی لەڕێگەی کاری شۆڕشگێڕانەی ڕێکخراوەوە.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق) بەتوندی ئەم قەسابخانەیە سەرکۆنەدەکات کە لە ناسڕیە ئەنجامدراوە، وە بەرپرسیارەتی تەواویش دەخاتە سەرشانی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی و هێزە میلیشیایی و دامودەزگاکانی لە کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیوو و ئەو تاوانانەی لەم شارەدا ئەنجامدەدرێت.
ئێمە هەر لەو کاتەدا کە هاوپشتی لاوانی کچ و کوڕی ناسڕیە و جەماوەری ڕاپەڕیوین لەم شارەدا لە خەباتیاندا لە پێناو ژیانێکدا کە خۆشبژێو و عەدالەت و یەکسانی زاڵبێت بەسەریدا، لەهەمانکاتیشدا بانگەوازی جەماوەری ئازادیخواز دەکەین لە عێڕاقدا بۆ پشتگیری و لایەنگری لە جەماوەری ڕاپەڕیووی ناسڕیە، هەروەها بانگەوازی سەندیکا و یەکیەتیە کرێکاریەکان و سۆشیالیستەکان و ئازادیخوازانیش دەکەین لەسەراسەری جیهاندا کە هەڵسن بە سەرکۆنەکردنی ئەم کارە قێزەوەنانە و فشار بخەنە سەر حکومەتەکانیان لە پێناو وەستاندنیدا.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
٢٥-٢-٢٠٢١
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
