ڕۆژی یەکشەممە، (٢١-٣-٢٠٢١)، خۆپیشاندانێکی جەماوەری فراوان لە قەزای الشامیە هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی قەزای عەفەک و پارێزگای دیوانیە بەڕێوەچوو، بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو ڕێکارە ئابوورییانەی کە ڕژێمی سیاسی عێڕاق گرتویەتەبەر لە بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دیناردا، کە بووە هۆی بەرزبونەوەی نرخی زوربەی پێداویستییە بنەڕەتیەکانی ژیان و بارێکی قورستری خستەسەر گوزەران و ژیانی چینە هەژارکراوەکان و زەحمەتکێشان و بێکاران، کە ئەمانە هەر لە بنەڕەتدا گیریان خواردە بەدەست ئەم ڕژێمە سیاسیە و قەیرانەکانیەوە.
ئەم خرۆشانە لە ناڕەزایەتی پەیامێک بوو بۆ ئەو لایەنانە فریوخواردوانەی کە پێێان وایە ڕاپەرینی ئۆکتۆبەر کۆتایی پێهاتووە، بەڵام ڕاپەڕین هەر بەردەوامە چونکە هەمان ئەو هەلومەرجە بابەتیە لە شوێن خۆی ماوەتەوە کە بووە هۆی سەرهەڵدانی ڕاپەرینەکە، کە ئەویش سیاسەتی هەژارکردن، بێکاری، نەبوونی خزمەتگوزاری لە هەموو ئەو کەرتانەی کە بەشێکن لە پێداویستیەکانی ژیان، لەگەڵ دەسەڵاتی داسەپاوی میلیشیاکان و بەربڵاوی چەک لە هەموو جێگایەکدا.
هەرکەس بەدوادا چوونی بۆ خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە کردبێت، پەرەسەندنێکی جۆرایەتی دەبینێ لەسەر ئاستی ڕێکخراوبوون و هوشیاری خۆپێشاندانەکە، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕاپەڕینەکە چۆتە قۆناغێکی پەرەسەندووتر و واقعیەوە. وتنەوەی دروشمەکان لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە، زۆر بەهێز و ڕاشکاوانە بوون لە دژی حزبە دەسەڵاتدارەکان و ناو و ناتۆرەیان لێ دەنان، کە ئەمەش بەڵگەیە بۆ شکاندنی بەربەستی ترس.
ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر بەردەوامە تا ئامانجەکانی خۆی لە گۆڕینی ئەم ڕژێمە سیاسیە و (هەموو دەسەڵات بۆ خەڵکی ڕاپەڕیو)، بەدیدەهێنێ.
لیژنەی ڕێکخستنی شامیە
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
٢٢-٣-٢٠٢١
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”

