کەمپینێکی دواکەوتوانە و کۆنەپەرستانە لەلایەن بەرەی کۆنەپارێزی کۆمەڵگا و بەبەشداری ڕەوتە ئیسلامیەکان و حزبە ناسیونالیستە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان وەڕێکەوتووە بۆ شکاندنی شکۆی ئینسان و داسەپاندنی بێمافی و سەرکوت بەسەر کۆمەڵگەدا. ئەوەتا هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی شەوی پێنج شەمە (١-٤-٢٠٢١) هەڵیانکوتایە سەر چەند گەڕێکی شارەکە بۆ گەڕان بە دوای هاوڕەگەزخوازان و دەستگیرکرنیان. لە ئێستاشدا دەسەڵات ئەم هێرشە سەرکوتگەرانەیەی هەمەلایەنەترکردؤتەوە، وهەروەها بەناوی بەرگری لەکەلتۆر و مۆڕاڵی خۆماڵیەوە ئەیەوێت بەشێک لە دەستگیکراون بدا بەدادگا.
ناسیونالیزم و حزبە دەسەڵاتداردارەکانی کوردستان هەمیشە سەرکوتی ئازادی و مافە هەرە سەرتایەکانی مرۆڤیان کردووە و پارێزەری سەرسەختی دابونەریت و ئەخلاقیاتی دواکەوتوانەی کۆمەڵگە بوون بە دژی ئازادی و ئارەزووی ئینسانیانەی تاکەکان و پشتیوانی ڕەوتە ئیسلامیەکانیشیان بۆ خۆیان بەم شیوەیە دابینکردوە.
ئەم دەسەڵاتە بێکاری و هەژاری و برسیەتی داسەپاندوە بەسەر خەڵکی کوردستاندا، وە سڵناکاتەوە لە سەرکوتی جەماوەری زەحمەتکێشی ناڕازی، لە گرتنی ڕۆژنامەنوس و کوشتنی خۆپێشاندەر، هەروەها ئاسۆی ژیانێکی ئاسایی داخستووە بەڕووی لاوانی کوڕ و کچی کوردستاندا، ژنان لە سایەیە دەسەڵتیاندا ئەکوژرێن و بیمافکراون و شوناسیان کورت دەکرێتەوە بۆ ئینسانی پلەدوو لە کۆمەڵگەدا. تەنها لە نێو ئەم بێمافیە گەورەیەدایە بەرەی کۆنەپەرستی کۆمەڵگا دەتوانێت دامودەزگای سەرکوتگەری حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات بخاتەگەر بۆ ئەم هێرشە بەدژی هاوڕەگەزخوازان.
ئازادیخوازان، جەماوەری ستەملێکراوی کوردستان
ئەم سەرکوت و دەستدرێژیە بۆسەر ئازادی و مافەکانی هاوڕەگەزخوازان، ژینگەی کۆمەڵگە ژەهراویتر دەکات و ئازادیە مەدەنی و فەردیەکان هەرچی زیاتر بەرتەسک دەکاتەوە، هەربۆیە نابێ ڕێگە بە هیچ جۆرە جیاکاریەک بدرێ لەسەر بنچینەی ڕەگەز و جێندەر و هەلبژاردەی سێکسواڵیتی ئینسانەکان و پێکەوەژیانییان ، وە دەبێ بە ڕیزێکی یەکگرتوو ڕووبەڕووی بوەستینەوە.
ڕیکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە سەرکوتگەرانەیەی دەسەڵات ئەکات بە دژی هاورەگەزخوازان و هەڵبژاردەی سێکسواڵیتی تاکەکان. هەروەها بەرپرسیاریەتی ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم هەڵمەتە و ئازادکردنی دەستگیرکراوان ئەخاتە ئەستۆی حکومەتی هەریمی کوردستان.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
١٠-٤-٢٠٢١