بەدوای چەند مانگێک لە ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، هاوڕێ (ئازاد)، ناسراو بە (شەوکەت) لەکاری ڕێکخراوەیی و حزبیدا، سەرلەبەیانی چوار شەممە (٢٩-٩-٢٠٢١)، لە شاری کۆڵن / ئەڵمانیا بە یەکجاری بەجێیهێشتین.
ئەو هەر لە تەمەنی لاویەتیدا، لە ناوەڕاستی هەفتاکانی سەدەی بیست بەدواوە، دژ بە ئیستیبداد و زوڵم و زۆری ڕژێمی (بەعس) وەستاوەتەوە و وەک لایەنگرێک بە دەوروبەری ئەڵقە ڕێکخراوەییەکانی (یەکیەتی تێکۆشانی کارگەران)دا بەردەوامی بەکار و هەڵسوڕانی سیاسی خۆیداوە، بەتایبەت لە ڕێگەی پورزا و هاوڕێی کۆمۆنیست و خەباتکاریەوە (جەمیل ئەمین).
دوای تەواوکردنی پەیمانگای کشتوکاڵی بەغدا، نەچوو بۆ سەربازی و بەشداریکردن لە جەنگی (ئێران – عێڕاق)دا، بۆیە ژیانی ژێر-زەمینی هەڵبژارد و بۆ ماوەیەک لە کارگەیەکی سیکۆتین و سمغ لە کەرکووک کرێکاری کردوە، بەڵام بەهۆی خراپی باری ئەمنیی، شارەکە بەجێ دەهێڵێت و لە هەولێر جێگیر دەبێت، و لە کڵێگەیەکی پەلەوەر (دەواجن)دا درێژە بە ژیانی کرێکاریی دەدات.
لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا بۆتە ئەندامی ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست) و چالاکانە بەردەوامیـی بەهەڵسوڕانی کۆمۆنیستانەی خۆیداوە. ئەو کۆمۆنیستێکی زۆر پابەند (مولتەزیم) و جدی بوو لە کاری ڕێکخراوەیی و سیاسیدا.
لە ڕاپەڕینی (١٩٩١) و کردنەوەی بنکەی چەکداری ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست) لە شاری هەولێر بەشداری چالاکانەی کردوە، وە دوای هێرشی سوپای ڕژێمی فاشیستی بەعس بۆ گرتنەوەی شارەکە، ناچار بە گواستنەوە دەبێت بۆ شاری ڕانیە.
لە شاری ڕانیە، هاوڕێ ئازاد وێڕای هاوکاریکردنی ڕێکخراوەیەکی ئەوروپی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوارەکانی شاری کەرکوک، هەم ماڵەکەی وەک بنکەیەک بۆ کۆبوونەوەی ڕێکخراوەیی بەکاردەهێنێت و هەم خۆشی وەک هەڵسوڕاوێکی چالاک بوو لە (بنکەی چەکداری ڕەوت) لەو شارە.
لە کاتێکدا کە (بەرەی کوردستانی) هەڕەشەیان لە (بنکەی چەکداری ڕەوت) کرد، بە مەبەستی هێرش کرن، هاوڕێیانی بەرپرس لە ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست) بڕیاریاندا هاوڕێ (ئازاد) و هاوسەر و مناڵەکەیان دور بکەونەوە لە بنکەکە بۆ پاراستنی ژیانی خانەوادەکە، بەڵام ئەو تەنها هاوسەر و مناڵە ساواکەیانی دور خستەوە و خۆی ئامادە نەبوو کە هاوسەنگەرەکانی لە بنکەکە بەجێ بهێڵێت و بەرەنگاری هەڵبژارد لەگەڵ هاوڕێیەکانیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی (بەرەی کوردستانی)، کە هەر ئەم لەخۆبووردوویی و خۆڕاگرییەی هاوڕێیانی (ڕەوت) بوو کە هێرشەکەی پوچەڵ کردەوە.
لەگەڵ پێکهێنانی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق) لە ساڵی (١٩٩٣)دا، بوو بە ئەندامی ئەو حزبە و لە چوارچێوەیدا درێژەی بە چالاکی کۆمۆنیستانەی خۆیدا تا سەرەتای ساڵەکانی (٢٠٠٠) کە دەستی لە کاری ڕێکخراوەیی و حزبی کێشایەوە، بەڵام هەر بەردەوام بوو لە خەباتی سۆشیالیستانە، ئازادیخوازانە و ئینساندۆستانەی خۆی و لایەنگری لە چینی کرێکار و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان و هاوکاری پەنابەران بەتایبەت لە ئەڵمانیا، کە لە ناوەڕاستی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردووەوە لەوێ نیشتەجێ بووە.
لە ئەڵمانیاش لە خوێندنگای (ئامادەیی پەرستاران) بەشی (خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و پەککەوتەکان)ی هەڵبژارد، ڕشتەیەک بۆ کارکردن کە لەگەڵ بەها ئینسانیەکان و تایبەتمەندیە شەخسیەکانی خۆیدا ڕێک دەهاتەوە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و یارمەتیدانی ئەوانەی کە پێویستیان بە هاوکاریە. ئەو بەڕاستی مرۆڤێکی میهرەبان و خاوەن دڵێکی گەورە و پڕ سۆز بوو.
ئێمە لەناخەوە هاوبەشی خەم و پەژارەی هاوڕێی ئازیز (جوان ئەمین)ی هاوسەر و مناڵەکانی، هەروەها خانەوادەکەی و خزم و کەسوکار و هاوڕێ و دۆستانی هاوڕێ ئازادین.
یاد و یادەوەریەکانی ئەو، مێژووی خەباتکارانە و ئاکاری ئینساندۆستانەی ئەو، هەمیشە بەرز و زیندووە
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
30.9.2021