توندوتیژی دژ بە خوێندکارانی خۆپێشاندەر بوەستێنن، گیراوەکانیشیان گیراوەکانیشیان دەستبەجێ ئازادکەن

  ،  بۆ ڕۆژی پێنجەم لەسەریەک خۆپیشاندانەکانی قوتابیان و جەماوەری ناڕازی لە کوردستان بەردەوامە، هاوکاتیش پەلاماردان و سەرکوت و دەستگیرکردنیان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بەردەوامە. لە ئەنجامی ئەو پەلاماردانانەدا، تاکو ئێستا، کۆمەڵێک بریندار هەیە لەناو خوێندکاران و چالاکوانانی سیاسی. هەروەها کۆمەڵێکیش دەستگیرکراون لەلایەن هێزە داپلۆسینەرەکانی ئاسایشی سەر بە دەسەڵاتی میلیشیای هەردوو حزبی دەسڵاتدار، (یەکێتی) و (پارتی) لە سلێمانی و هەولێر و چەند شار و شارۆچکەیەکی تری کوردستان. پێبەپێی ئەو ڕوداوانەش جەماوەری ناڕازی مۆڵگە و بارەگای حزبە دەسەڵاتدارەکانیان لە هەردوو شاری (سەید سادق) و (پیرەمەگرون) سوتاندوە.

ئەمە یەکەم جار نیە کە هێزەکانی ئاسایشی سەر بەم دوو حزبەی دەسەڵات دەست بۆ ئەو تاوانە قێزەونانە دەبەن بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، ئەوەتا هەر لە (٢٠١١) و لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی و شەپۆلێکی شۆڕشگێرانەی جەماوەریدا، وە بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە دەیان لە خۆپیشاندەرانیان کوشتووە و هەزارانیان لێ بریندار کردوون و سەدانیان لێ دەستگیر کردوون.

ئەم دەسەڵاتە، تاکو ئێستا، نەک تەنیا نەهاتووە بەدەم هیچ خواستێکی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و فەرمانبەر و خوێندکار و لاواون و بێکارانەوە، بەڵکو بە پێجەوانەوە جار لەدوای جار ئەندازەی سەرکوت و داپڵۆسینیانی زیاتر کردووە و هەژاری و پەراوێزخستنی زیاتری بەسەر جەماوەری بێبەشدا سەپاندوە، وە بارگرانی زۆری خستۆتە سەریان لەڕێی داسەپاندنی جۆرەها باج و بەرزکردنەوەی نرخی سوتەمەنی، ئەمەش بەقازانجی کەسانی ناو دەسەڵات کە بازرگانی پێوەدەکەن، ئەمە و سوتەمەنیـیەکانیشیان لە لیستی بەشەخۆراک لابردووە، وە موچەی کرێکاران و فەرمانبەرانیان بۆ چەندین مانگ ڕاگرتووە، هەموو ئەو کارانەشیان لە کەشوهەوای جۆرێک لە گەندەڵیدا ئەنجامداوە کە نەفەسی لە جەماوەر بڕیوە و لە هەمانکاتیشدا یارمەتیدەر بووە بۆ هەرچی زیاتر دەوڵەمەند بوونی کەمایەتیەکی کەم لەسەر حیسابی بەشی هەرە زۆری جەماوەر.

کچان و کوڕانی خوێندکاری ناڕازیی زانکۆ و پەیمانگاکان، سەر بە خێزانە کرێکار  و زەحمەتکێش و کەم دەرامەدەکانن. ئەوان بێبەشن لە دەرماڵە و ئاسانکاریەکانی خوێندن، هەروەها خوێندکارانی بەشە ناوخۆیەکانیش بێبەشن لە پشتگیری دارایی و لە دۆخێکی کولەمەرگیدا ژیان بەسەر دەبەن، بێ ئاو، بێ کارەبا و بێبەش لە سادەترین خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی پێویست بۆ ژیان.

جێگای ئاماژەیە دەسەڵاتدارنی هەرێم بەناچاری ملیانداوە بە هەندێک لە خواستەکانی خوێندکارانی ناڕازی، ئەویش لەڕێی هەندێک زمانلوسی و بەڵێنی ئاڵوواڵا و بۆش کە گوایە بڕێک پارەیان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا تەرخانکردوە بۆ ئەو مەبەستە.

دەبێ دەسەڵاتدارانی کوردستان دەستهەڵگرن لە پێشێلکردنی ئازادیـیەکان و ڕوبەڕوبوونەوەی جەماوەری ناڕازی لەڕێی بەکارهێنانی توندوتیژی و گازی فرمێسک ڕێژ و گولـلە وەیا دەستگیرکردنیان، هەروەها دەبێ هەموو گیراوەکان دەسبەجێ ئازاد بکرێن، درۆ و بوختان هەڵبەستنی پڕوپوچ دەرهەق بە خۆپیشاندەران و ڕەوانەکردنیان بۆ دادگای کارتۆنی واز لێبێنن. ئەوانە دەبێ دادگایی بکرێن کە توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجام دەدەن نەک بە پێچەوانەوە.

ئێمە لە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق) لە کاتێکدا زۆر بەتوندی سەرکۆنەی ئەم کردەوە سەرکوتگەرانەیەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکەین دژی خوێندکاران و جەماوەری ناڕازی،  لەهەمان کاتیشدا هاوپشتی خۆمان بۆ خوێندکاران و جەماوەری ناڕازی ڕادەگەێنین و شان بەشانی ئەوان خەبات دەکەین بۆ هێنانەدی داخوازیەکانیان و داسەپاندنی پاشەکشە بەسەر دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوای کوردستاندا.

داوا لە چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش و لاوانی شۆڕشگێر و ژنانی ئازادیخواز و هەموو سۆشیالیستەکان و کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازانی عێڕاق دەکەین کە پشتگیری خوێندکاران و جەماوەری ناڕازی بن لە کوردستان. داوایان لێدەکەین هەستن بەڕێکخستنی خۆپیشاندان بۆ پاڵپشتی ئەم بزوتنەوەیە و فشار خستنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ بەردانی گیرکراوەکان و جێبەجێ کردنی دەستبەجێی خواستەکانی خوێندکاران.

هەروەها داوا لە هەموو ڕێکخراوە سوشیالیست و ئازادیخوازەکانی خوێندکاران و هەموو بەرگریکارانی مافەکانی خوێندکاران لەسەراسەری جیهان دەکەین کە پشتگیری خوێندکارانی کوردستان بن بۆ وەستاندنی ئەم هێرشە سەرکوتگەرایانەی دەسەڵاتدارانی هەرێمەکە بەدژی جەماوەری ناڕازی لە پێناو هێنانەدی خواستەکانی خوێندکاران.

حکومەتی هەرێم دەبێ:

  • دەستبەجێ هەموو گیراوەکان بەربدات
  • دەرماڵە و شایستە دارایـیەکانی خوێندکاران بەتەواوی دابین بکات
  • پابەند بێت بە گەشەپێدان و پتەوکردنی کەرتی گشتی خوێندن بەخۆڕایی بۆ هەموان

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

٢٥  ی نۆڤەمبر – تشرینی دووەمی  ٢٠٢١ 

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بزوتنه وی اکتبر به دوای هه لبژاردنه پارلمانیه کانی عیراق

دیدار - بزوتنه وی اکتبر به دوای هه لبژاردنه پارلمانیه کانی عیراق ، وتووه یژی ...

بەبۆنەی مەرگی هاوڕێی ئازیزمان (ئازاد عەبدولقادر)

بەدوای چەند مانگێک لە ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، هاوڕێ (ئازاد)، ناسراو بە (شەوکەت) لەکاری ڕێکخراوەیی ...

بەبۆنەی مەرگی ناوەختی هاوڕێی خۆشەویست مامۆستا عەزیز

پەتای کوڕۆنا، کەسایەتییەکی میهرەبان، ئارام و پڕ لە ئینسانییەتی لێ سەندین. سێ شەممە (٢٤-٨-٢٠٢١) مامۆستا ...

یادی هاوڕێ ئارام و هاوڕێ ئاراس هەمیشە بەرز و زیندوە

١٤.٧.٢٠٠٠ تیرۆری پێنج تێکۆشەری کۆمۆنیست