ڕونکردنەوە سەبارەت بە ڕێکخستنی یادکردنەوەی یەکی ئایاری (٢٠٢٢) لە سلێمانی

 
نەوزاد بابان
زانیارییەکان
• مانگێک زیاترە هەموو هەفتەیەک کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێت لە لایەن هاوڕێیانێک و هەڵسوڕاوانێکی کرێکاری و جەماوەری و سۆشیالیستی سەر بە بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە شاری سلێمانی و لە ئۆفیسی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان) بە مەبەستی کاری هاوبەش، چ لەناو ناڕەزایەتیـیە جەماوەری و کرێکاریـیەکاندا وە چ لە یاد و بۆنەکاندا، لەوانە یەکی ئایار. دیارە بەشێک لە بەشداربووانی ئەم کۆبوونەوانە (نەک هەموویان) سەر بە حزب و ڕێکخراوی جۆراوجۆرن.
• لەسەرەتای ئەم مانگی ئەپریلەدا و لە دوو کۆبوونەوەی هەفتانەی بەدوای یەکی ئەم کۆمەڵە هاوڕێیانەدا، باس لە چۆنیەتی یادکردنەوەی یەکی ئایاری ئەمساڵ کرا، بیرۆکەی جۆراوجۆر خرانەڕوو و گفتووگۆیان لەسەر کرا، بەو پێیەش کە هێشتا ساغ نەببووینەوە لەسەر بڕیار و پلانێکی دیاریکراو ئەم باسە بە کراوەیی مایەوە بۆ گفتووگۆی هەفتەکانی داهاتوو.
• لەم نێوەدا بە دەستپێشکەری کۆمیتە محەلی شاری سلێمانی (حزبی شیوعی کوردستان) کۆبوونەوەیەک ئەنجامدراوە بۆ ئامادەکاری یەکی ئایاری ئەمساڵ (٢٠٢٢) و چەند حزب و لایەنێکی سیاسی کوردستانی عێڕاق و ئێران بانگهێشت کراون لەوانە (حزبی زەحمەتکێشان)، (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان) سێ (٣) ڕێکخراوی کوردستانی ئێران بەناوی (کۆمەڵە) بە ڕابەرایەتی هەر یەک لە (عەبدوڵای موهتەدی)، (عومەری ئێلخانیزادە)، (ئیبراهیمی عەلیزادە). دواتر ڕێکخراوی (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) و (تەڤگەری ئازادی)یش پێیانەوە پەیوەست بوون.
• لەو کۆبوونەوەیەدا لە لایەن هاوڕێیەکی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان)ەوە ئەو پرسیارە کراوە کە بۆچی کەسانێکی هەڵسوڕاو و سەرشناسی یەکی ئایارەکانی سلێمانی بانگهێشت نەکراون بۆ ئەم کۆبوونەوەیە؟ بڕیار دەدرێت و پەیوەندی دەکرێت بە من (نەوزاد بابان)ەوە، هەم وەک هەڵسوڕاوێکی کرێکاری و جەماوەری و بۆنەکانی وەک یەکی ئایار، وە هەم وەک نوێنەری ڕێکخراوی (بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق).
• بەو پێیەش کە لە سەرەتای ئەمساڵدا (٢٠٢٢) جیابووەیەک ڕوویداوە لە (حزبی کۆمۆنیستی ئێران) و ڕێکخراوی کوردستانی ئەو حزبە (کۆمەڵە)، ئێمە لە ئێستادا لەگەڵ چوار ڕێکخراو بەناوی (کۆمەڵە) ڕووبەڕووین و تەنها سێ لەو ڕێکخراوانە کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێدراوە بانگهێشت کراون.
• لەوەڵامی پرسیارێکی مندا کە بۆچی ئەو ڕێکخراوەی تر بانگهێشت نەکراوە، بەرپرسی کۆمیتە محەلی شاری سلێمانی (حزبی شیوعی کوردستان) ڕونیکردەوە؛ کە ئەمە لە لایەن بەشێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، کراوە بە مەرج و خەتی سور.
هەڵوێست
1. لە یادکردنەوەی ڕۆژی یەکی ئایاردا، ڕێگری لە بەشداری هەر لایەنێک کە خۆی بە لایەنگری کرێکار بزانێت بە جیا لەوەی ئێمە بۆچوونمان لەسەری چۆنە، سیاسەتی هەڵاواردن و پەڕاوێزخستنی نا کرێکاری و نا کۆمۆنیستیـیە. جەوهەری ڕەخنە و هەڵوێستی من لێرەدا دژایەتی ئەو سیاسەتی هەڵاواردن و پەڕاوێز خستنەیە کە گیراوەتەبەر لە لایەن ئەوانەی مەرج و خەتی سوریان داناوە و لە لایەن ئەوانەشەوە کە چوونەتە ژێرباری ئەو مەرج و خەتە سورەوە.
2. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە لانی کەم دووان لەو ڕێکخراوانەی (کۆمەڵە)، زۆر ڕاشکاوانە و بێ پێچ و پەنا، دەستبەرداری کۆمۆنیزم بوون و پەیوەست بوون بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و ڕابردوویەکیشیان هەیە لە دژایەتی کردنی ئامانجەکانی ڕزگاری چینی کرێکار و چەپ و کۆمۆنیزم. دانانی ئەو مەرج و خەتی سورە بۆ لایەنێک و بەشداری پێکردنی لایەنگەلێکی لەو چەشنە ناسیونالیست، بەدڵنیایـیەوە ئەو حزب و ڕێکخراوانەی ڕێکخەری مەراسیمەکە دەخاتە بەردەم پرسیاری کرێکارێکی سۆشیالیست لە تاران و سنە و سلێمانی و سەقز و بانە …هتد کە بۆچی کریدیت (ئیعتیبار) دەدرێت بە ڕەوتگەلێکی ناسیونالیستی دژە کرێکار و دژە کۆمۆنیست لە ڕۆژی یەکی ئایادا؟
3. چوونە پاڵ ئەم پڕۆژەیەی (حزبی شیوعی کوردستان) بۆ ڕێکخستنی یەکی ئایار، لە لایەن بەشێک لەو هاوڕێیانەی کە لە کۆبوونەوەکانی ئۆفیسی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان)دا لە گفتووگۆدا بووین و هاوبۆچوون و هاوپەیمان بووین بۆ کاری هاوبەشی هەڵسوڕاوانی چەپ و کرێکاری و سۆشیالیست، بەو مانایە دێت کە ئەوان پشتیان کردۆتە ئەو هاونەزەری و ئەو هاوپەیمانەتیـیە بۆ کاری هاوبەش.
دوای زیاتر لە مانگێک لە گفتووگۆ و پەیماندان بۆ کاری هاوبەش لە یەکەمین ئەزموونی عەمەلیدا کە هاتە پێشەوە، کە ئەویش چۆنیەتی ڕێکخستنی یادکردنەوەی یەکی ئایارە، ئەم کۆڕوکۆمەڵە لەبەریەک ترازێندرا و بێ متمانەیی زاڵکرا بەسەریدا، بەوەی کە ئەم هاوڕێیانە بەرژەوەندی حزبی و ڕێکخراوەیی خۆیان خستەپێش کارکردنی هاوبەشی هەڵسوڕاوان و لایەنەکانی سەر بە بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی و پەیوەست بوون بە پڕۆژەی (حزبی شیوعی کوردستان) و ئەو حزب و ڕێکخراوە ناسیونالیستانەوە. وە وایان کرد هەر کەسە و هەر لایەنە بە جیا بۆ خۆی بڕیار بدات نەک لە کۆبوونەوەدا بە دەستەجەمعی بە ئاکامێک بگەین.
چاوەڕوانی ئێمە لەو هاوڕێیانە ئەوە بوو کە هەڵوێستیان بەو جۆرە بێت؛ ئەوان پابەندن بە کۆڕوکۆمەڵێکەوە کە هەفتانە لە کۆبوونەوەدایە، جا یا هەموومان دەستەجەمعی هاوڕا دەبین بۆ چوون بەدەم بانگەوازی (حزبی شیوعی کوردستان) و بەشداری ئەو یادە لەگەڵیاندا، یان ناچین بەدەمیانەوە و خۆمان یادەکە بە جۆرێک دەکەینەوە. پرسە گورگانەیەکیان بە ئێمە کرد ئەویش بە مەبەستی هاندانمان بۆ پەیوەست بوون بەو پڕۆژەیە نەک بۆ ساغ بوونەوەی دەستەجەمعی لەسەری، بۆیە لێکترازاندنی ئەم کۆڕوکۆمەڵەیە بۆ کاری هاوبەش و زاڵکردنی بێ متمانەیی بەرپرسیارەتیـیەکەی لە ئەستۆی ئەوانەدایە.
4. لە بارودۆخێکدا کە بورژوا ناسیونالیست و کۆنەپەرستی دەسەڵاتدار لە کوردستانی عێڕاقدا، هەلومەرجێکی سەختی بۆ ژیان و کاری چینی کرێکار دروست کردووە، وە بە سەرکوت و هێزی میلیشیایی، بەرگری لە نیولیبڕالیزمی سەرمایەداری داسەپاو دەکات بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا، و ڕێگرە لە ڕێکخراوبوونی ئازادانەی چینی کرێکار و توێژە جۆراوجۆرەکانی، یادکردنەوە و بەرزڕاگرتنی ڕۆژی یەکی ئایار لەوەها بارودۆخێکدا کە غیابی ڕێکخراوە کرێکاریەکان و ئاگاهی چینایەتی و حزبێکی پڕ نفوزی کرێکاریە، بۆتە کارێکی سمبۆلیک کە هەڵسوڕاوان و چالاکوانان و حزب و ڕێکخراوەکان پێی هەڵدەستن، بە مانایەک کەمتر یادکردنەوەیەکی جەماوەری کرێکاریـیە و زیاتر سمبۆلیکی سیاسیـیە.
کۆبوونەوەی ئەم  هەشت حزب و ڕێکخراوانەی کوردستانی عێڕاق و ئێران و ڕێکخستنی یەکی ئایار لەمساڵدا و لە شاری سلێمانی، بەجیا لەوەی قەوارەکەی بچوک یا گەورە بێت، کارێکی سمبۆلیکی سیاسیـیە و دەچێتە خزمەت ئەجەندایەکی سیاسیـیەوە، کە سیاسەتی هەڵاواردنە دژ بە لایەنگەلێکی چەپ و کریدیت (ئیعتیبار) پێدانە بە لایەنگەلێکی دژە کرێکار و دژە سۆشیالیست.
بەشداری یەک دوو لایەنی سەربە بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق لەم کارە سمبۆلیکە سیاسیـیەدا، سروشت و ناوەڕۆکی ئەجندا سیاسییەکەی ناگۆڕێت و پاشکۆ بوونیان دەردەخات بۆ ئەم ئەجندایە.
5. لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر هەڵسوڕاوان و هاوڕێیانی چەپ و کۆمۆنیست و ڕێکخراوەکانیان ئەو یادە بکەنەوە لە شاری سلێمانی هەر لەوە ناگۆڕێت کە ئەمەش خۆی هەر کارێکی سمبۆلیکی سیاسیـیە بەپلەی یەکەم، کە ئەو ڕۆژە بەرز و بەڕێز ڕادەگیرێت، بەڵام بە دڵنیایـیەوە لەم حاڵەتەدا، ئاو ناکرێتە ناو ئاشی ناسیونالیزمی کوردەوە و سیاسەتی هەڵاواردن و پەڕاوێزخستن بەسەر هیچ لایەنێکدا داناسەپێندرێت، وە هیچ حزبێکی ناسیونالیستی دژە کرێکار و دژە کۆمۆنیزم کریدیت (ئیعتیبار)ی پێ نادرێت.
٢١-٤-٢٠٢٢

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق: سەبارەت بە قەیرانی ئۆکرانیا و هێرشی سەربازی ڕوسیا

بەدوای پەرەسەندنێکی خێرای قەیرانی ئۆکرانیا لە چەند مانگی ڕابردوودا، هاوڕای پەرەسەندنی کێشمەکێشی نێوان ڕوسیا لە ...

ڕزگاری ژن، یەکێک لە ئەرکە هەرە گرینگەکانی شۆڕشە لە عێڕاقدا

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژن ژنان بوونە نێچیر بەدەست ترۆر و سەرکەوتی خوێناوی بێ پەردە ...

سەبارەت بە جیابوونەوەکانی ناو حزبی کۆمۆنیستی ئێران و (کۆمەڵە)

دوای چەند ساڵ کێشمەکێش، جیابوونەوەی دووباڵ لەناو (حزبی کۆمۆنیستی ئێران) و (کۆمەڵە - ڕێکخراوی کوردستان)ی ...

ئەبێ زیندانیانی خۆپیشاندانەکانی (پیرەمەگرون) دەستبەجێ ئازادبکرێن

شەوی سێ شەمە (٤-١-٢٠٢٢) کەناڵە تەلەفزیۆنەکانی سەر بە دەسەڵاتی پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان، هەژدە ...

ڕاگەیاندن

ئێوارەی پێنج شەممە (٩-١٢-٢٠٢١)، هاوڕێ نەوزاد بابان و چەند ڕاگیراوێکی تر لە زیندانی (ئاسایش)ی سلێمانی ...

%d مدونون معجبون بهذه: