ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕق
ئەو ململانێ سیاسیەی چەند مانگێكە بەردەوامە لە نێوان هەردوو باڵی (ڕەوتی سەدر) و (چوارچێوەی هەماهەنگی)ی ئیسلامی سیاسی شیعە، گۆڕاوە بۆ ململانێیەكی خوێناوی و ڕووبەڕووبوونەوەی چەكدارانە لە چەند ناوچەیەكی بەغدا و چەند شارێكی تر، وە تا ئێستا زۆرێک بوونەتە قوربانی و بریندار بوون، و لە ئاکامیشدا ئاسایشی جەماوەر تێکدراوە و کەشوهەوای کۆمەڵگە میلتاریزە بووە و دەروازە کراوەتەوە بەڕووی جەنگی میلیشیایی هەردوو باڵەکەدا.
ترساندن و تۆقاندنی هاوڵاتیان لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەکی جۆراوجۆرەوە لە لایەن باڵەکانی ئیسلامی سیاسی، ڕێبازێکی دوژمنکارانەی دژی کۆمەڵگایە و ڕاکێشانیەتی بۆناو ململانێیەک کە هیچ بەرژەوەندییەکی تێدا نییە، وە ئامرازی پاراستنی دەسەڵاتی ئەوانە.
زیاتر لە دە مانگە ململانێی نێوان ئەم دوو باڵە بەردەوامە لەسەر پێکهێنانی حکومەت و تاڵانکردنی سامانی کۆمەڵگا و دابەشکردنی بەسەر خۆیاندا، ململانێیەک کە سیما و تایبەتمەندیە بنەڕەتییەکەی ئەوەیە کام لەم دوو لایەنە پشکی شێر وەردەگرێت لە دەوڵەت و سیستەمی سیاسی و دزینی داهات و قۆرخکردنی بۆ خۆی.
ئەو قەیرانە خنکێنەرەی کە تووشی ئەم دوو لایەنە بووە کە دەستەویەخەی یەکتریبوون و بە پشتیشیانەوە هەموو هێز و حزبەکانی ڕژێمی بۆرژوا ئیسلامی ناسیۆنالیستیش لە عێراقدا تووشی بوون، ئاکامی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەیە کە لە ساڵی (٢٠١٩)ەوە دەستی پێکرد و تا ئێستاش ئەم ڕژێمە لەو زۆنگاوەدا نوقمە کە ڕاپەڕینەکە تێی فڕێداوە و لەگەڵ هەموو هەوڵوکۆششێکی یارمەتیدەرە (سپۆنسەرە) ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی ناتونێت لێی دەربچێت. هەموو هەوڵوکۆششەکانیان شکستی هێناوە، چونکە ئەو ناکۆکییە ناوخۆییانەی ئەم ڕژێمە دەرگیریەتی زۆر توندوتیژ و گەورەترن لە توانای ڕژێمەکە بۆ چارەسەرکردنیان.
ڕەوتی سەدری، دوای ئەوەی چەند هەفتە لەمەوبەر ئەندام پەرلەمانەکانی دەستیان لە کارکێشایەوە، لە ڕێگەی لایەنگرەکانییەوە خۆی کێشایە ناو پەرلەمان و دەستیاندایە مانگرتن لەبەردەمیدا، پاشان هەڵیانکوتایە سەر ئەنجوومەنی دادوەری و ئەمڕۆش (ڕەوتی سەدر) هێرش دەکاتە سەر ناوچەی سەوز لە میانەی پێکهەڵپڕژانی میلیشیاکانی لەگەڵ میلیشیای (چوارچێوەی هەماهەنگی)، بە مەبەستی دەستبەسەراگرتنی دەوڵەت، و لاوازکردنی ڕۆڵی حزب و هێزەکانی لایەنی (چوارچێوەی هەماهەنگی).
لە لایەکی دیکەوە (چوارچێوەی هەماهەنگی) دامودەزگاکانی دەوڵەت و گروپی چەکداری لەدەستدایە و پاڵپشتی بێسنووری ئێرانیشی هەیە، وە بە هەموو هێزی خۆیەوە دەستی بەسەر دەوڵەتدا گرتووە و ئامادە نییە پێگە و دەستکەوت و ئیمتیازاتەکانی لەدەست بدات.
سەبارەت بە لایەنە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکانیش، بەگشتی پشتیوانیی ڕژێمەکە دەکەن و هەوڵ دەدەن دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، لە میانەی پارێزگاریکردن لەو هاوسەنگیەی کە بەرژەوەندی هەر یەکێکیان لە عێراقدا دابین دەکات.
لە جەرگەی ئەم ململانێیە بەردەوامەی نێوان (چوارچێوەی هەماهەنگی) و (ڕەوتی سەدر)، و ئاڵۆزییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکاندا، هیچ بەرژەوەندییەک بۆ جەماوەر لە ئارادا نییە بخزێتە پاڵ ئەم یان ئەو لایەنی دەگیری کێشمەکێشەکە. گەرچی دەبینین زۆرێک لە حزب و هێز و چالاکوان و ڕۆشنبیرانێک کە بانگەشەی چاکسازیەکی ڕووکەش دەکەن، داوا دەکەن پشتیوانی لە جوڵەی ئەم دواییەی (ڕەوتی سەدر) بکرێت، وە خۆشیان هەمان داواکاری ئەویان هەیە لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و چەند داواکارییەکی تری لەم چەشنە کە خۆشباوەڕی لە نێو ڕیزەکانی ئەو خەڵکە ڕاپەڕیووەدا بڵاودەکەنەوە کە سەراپای ئەم ڕژێمەیان ڕەتکردۆتەوە بە خۆی و بە هەڵبژاردنەکانی و بە پەرلەمان و بە دامەزراوەکانی تریەوە.
جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، لاوان و ژنان و هەموو ئازادیخوازەکان لە سەنگەرێکدان کە جیایە لە سەنگەری (ڕەوتی سەدر) و سەنگەری (چوارچێوەی هەماهەنگی)، وە هەموو بانگەوازێک بۆ دانەپاڵ یەکێک لەم دوو لایەنە، هەوڵدانە بۆ تێکەڵاوکردنی کارتەکان و درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم ڕژێمە. جەماوەر زۆر دوورە لە پرۆژەکانی ئەم دوو لایەنە و بژاردەی شۆڕشگێڕانەشیان ئەوەیە کە هێڵی جیاکەرەوەی خۆیان بکێشن لەبەرامبەر ئەو لایەنانەدا کە بۆ ماوەی دوو دەیەیە خەریکی کوشتاری ئەوان و داسەپاندنی هەژاری و بێکارین بەسەریاندا.
جەماوەری شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز لە عێراقدا ڕزگارییان دەوێت لە دەست تەواوی ئەم ڕژێمە و حیزب و ڕەوت و میلیشیاکانی. ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر نیوەی ڕێگای گەیشتن بەم ئامانجانەی بڕیووە. ئەرکی سەرەکی ئەم جەماوەرە شۆڕشگێڕەیە لە کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و لاوانی ئازادیخواز، بڕینی نیوەکەی تری ئەم ڕێگایە و ڕێکخستنی ڕیزی خەباتیانە بە پێی ئاسۆیەکی سیاسی و پلانێکی کردەیی کە خەباتی ڕزگاریخوازانەیان بەهێز بکات، سەربەخۆ لەم دوو باڵەی ڕژێم کە لە کێشمەکێشدان لەگەڵ یەکتری.
یەکەم هەنگاوی کردەیی بۆ قۆستنەوەی دۆخی قەیراناوی ئێستای ڕژیم و هێزەکانی، لە بەرژەوەندی شۆڕش و جەماوەری هەژار و چەوساوە، بریتییە لە جیاکردنەوەی ڕیزی هێزەکانی شۆڕش و ئەو جەماوەرە لە لایەنەکانی دەرگیری کێشمەکێش.
ئەمە و یەکێک لە ئەرکەکانی سۆشیالیستەکان و شۆڕشگێرەکان، سودوەرگرتنە لە قەیرانی ئێستا، تاوەکو لەناو بەرفراوانترین ناوەندەکانی جەماوەردا، هەڵسن بە بڵاوکردنەوە و خستنەبەردەستی بەدیلی سیاسی جەماوەری شۆڕشگێڕی ڕزگاریخواز بۆ ئەم ڕژێمە سیاسییەی ئێستا، و کاربکەن لەسەر ڕێکخستنی ئەو جەماوەرە و بنیاتنانی تۆڕەکانی خەباتی شۆڕشگێڕانەیان، و بەرزکردنەوەی ئامادەگیی سیاسی و فیکرییان.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
٢٩-٨-٢٠٢٢
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
