(عەبدوڵا هیوا فاتح) و (سابیر ئەحمەد)، دوو گەنجی مێرمنداڵی تەمەن خوار هەژدە ساڵ، کە لە خۆپێشاندانەکانی شاری کەلار، لە مانگی هەشتی ساڵی (٢٠٢٠)دا بەشداریان کردووە، دادگای گەرمیان، دوای دوو ساڵ، لە (٨-١١-٢٠٢٢)دا سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەر هەر یەکێکیاندا داسەپاندووە.
ئەمە ملهوڕییەکی بێ پەردەی دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی ئەم دەسەڵاتەیە لە هەرێمەکەدا، کە بەدرێژایی تەمەنی دەسەڵاتەکەی لە هەوڵی داسەپاندنی سەرکوتی سیاسیدا بووە بەسەر خەڵکی زەحمەتکێش و ئازادیخواز لە کوردستاندا، وە هەر لەو پێناوەشدا بۆ پاشەکشە کردن بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیـیە جەماوەریـیەکان، هەوڵیداوە بە ئاگر و ئاسن شەپۆلی خۆپێشاندانەکان دابمرکێنێتەوە و دەستی نەپاراستووە لە ڕفاندن و زیندانیکردنی هەڵسوڕاوان و کوشتاری خۆپێشاندەران و تیرۆری ڕۆژنامەنوسان.
ئێستاش لە درێژەی شانۆگەری دادگایی کردنەکەی هەڵسوڕاوانی دەڤەری بادینانی ژێر دەسەڵاتی (پارتی)دا، ئەم شانۆگەرییەش لە دەڤەری گەرمیانی ژێر دەسەڵاتی (یەکێتی)دا بەڕێوە دەچێت، بۆ چاوترساندن و هەڕەشە لە هەڵسوڕاوان و خەڵکی ناڕازی، ئەمەش وەک ئامادەکاریـیەک بۆ بەرگرتن بە ڕەوەندی ڕوولەسەری ناڕەزایەتیـیە جەماوەریـیەکان و تەقینەوەیان بەڕووی ئەم دەسەڵاتەدا.
لە کاتێکدا کە سەروەت و سامانی ئەم هەرێمەی کوردستانی عێڕاق قۆرغکراوە لە لایەن چەند کۆمپانیایەکی سەربە کەمایەتییەکی گەندەڵکاری حزبەکانی دەسەڵات، و چ بەپێی یاسا و چ بەبێ یاسا خەریکی تاڵانیـین و ملیارەها دۆلاری سامانی گشتی کۆمەڵگەیان زەوتکردووە، وە بێکاری و هەژاری و بێبەشیـیان داسەپاندوە بەسەر ژیانی زووربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستاندا، بە تایبەت بەسەر ژیانی لاوانی کچ و کوڕی هەرێمەکەدا، بەڵێ لەم دۆخە لەبارەی گەشە و پەرەسەندنی کەڵەکەی سەرمایەدا، حکومەتی هەرێم و (ئاسایش) و میلیشیای حزبە فەرمانڕەواکانی و دامودەزگای (دادگا)کانیان، درێغی ناکەن لە هەر دەستدرێژی و سەرکوتگەرییەک لە چەشنی داسەپاندنی ئەم حوکمی چوار ساڵیـیە بەسەر ئەم مێرمنداڵانەدا، بۆ بەرگرتن بە ناڕەزایەتی و داخوازیـیەکانیان بۆ ژیانێکی سەردەمیانە و بۆ داسەپاندنی ئیستیبداد بەسەر کۆمەڵگەدا.
ئەم دەستدرێژی و ملهوڕیـیانە دەبێ بە ڕیزی یەکگرتووی جەماوەری ناڕازی و ئازادیخواز پوچەڵبکرێنەوە.
دەبێ ئەم حوکمدانە دەستبەجێ هەڵوەشێتەوە و ئەو مێرمنداڵانە دەستبەجێ ئازاد بکرێن
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
١٣-١١-٢٠٢٢