ئەم ڕووداوە جەرگبڕەی شەوی پێنج شەممە (١٧-١١-٢٠٢٢)، کە (١٥) کەس تیایدا بوونە قوربانی و چەندین کەسیش بریندار بوون، دڵی هەموانی هەژاند و شاری خستە ناو خەمێکی قوڵ و ماتەمی سەراپای کۆمەڵگەی کوردستانی عێڕاقی داگرت.
بەهاناوە هاتنی خەڵک و پەرۆشی و دەربەستی دانیشتوانی سلێمانی و گشت شارەکانی کوردستان، کە هەموان ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەیان بە کارەساتێکی خۆیان زانی، ئەم هەستی هاودەردی و هاوبەشییە لە میحنەتدا، هەڵوێستێکی بەرزی هاوپشتی هاوسۆزی ئینسانیە.
ئێمە لە ناخی دڵمانەوە بەشداری خەم و پەژارەی کەسوکاری گیانبەختکردوان و هاوبەشی ئەم کارەساتە گەورەیەیانین. وە هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ئەم کارەساتە و ڕووداوە دڵتەزێنە بەردەوامەکانی ڕێگاوبان، قوربانیانی شوێنی کار و ڕووخانی باڵەخانە و تەقینەوەی محاویلەی کارەبای گەڕەکەکان، ماڵوێرانی بەهۆی لافاو و ئاگر کەوتنەوەکانەوە، بەڵێ هەموو ئەمانە و کارەسات لە زۆربواری تریش ئاماژەن بۆ ئەوە کە سادەترین و سەرەتایی ترین ڕێنمایی وستانداردەکان بۆ پاراستنی سەلامەت و ئاسایشی هاوڵاتیان لایەن ئەم دەسەڵاتە گەندەڵکارەی کوردستانەوە لە سێ دەیەی ڕابردوودا نەگیراوەنەتەبەر.
بەرپرسیارەتی ئەم کارەساتەو هەموو ئەو کارەساتانەی تر بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمدایە و هۆکاری سەرەکییە لە کارەسات و تراژیدیای دانیشتوانی کوردستان.
دووبارە هاوخەمی بۆ کەس وکاری ئەم کارەساتە دەردەبڕین .
هیوای چاکبونەوە بۆ بریندارەکانیان .
ناوەندی ڕاگەیاندن
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
19.11.2022