ئەمڕۆ یەکی مارسی (٢٠٢٣)، جەماوەری شاری دەربەندیخان، بە بەشدارییەکی بەرچاوی ژنان و کچانەوە دەستیاندایە مانگرتنێکی گشتی، بە داخستنی دوکان و بازاڕ و نەچوونەسەر کار بۆ فەرمانگەکان، بەمەش ناڕەزایەتییەکەیان پێی نایە ناو قۆناغێکی باڵاترەوە لە درێژەی خەباتێکی بێ وچان و شێلگیرانەیاندا، کە لە یەکەم ڕۆژی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە دەستی پێ کردووە، بۆ دابینکردنی ئاوی پاکی خواردنەوەی شارەکە و چارەسەری کێشەی بێ کارەبایی و خراپی ڕێگاوبانەکان و کەمی خزمەتگوزارییەکانی شارەکە.
بەدرێژایی مانگرتنەکەیان لە مانگی شوباتدا، بەرپرسانی حکومی و حزبەکانی دەستەڵاتدار چەندین بەڵێن و وادەی فریودەرانەیان خستۆتەڕوو بۆ چارەسەری گرفتەکەیان بە مەبەستی خاوکردنەوەی جەماوەری توڕە و لەباربردنی ناڕەزایەتییەکانیان، بەڵام جەماوەر، کە ئەزمونێکی دەوڵەمەندی لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و ڕێسوایەدا هەیە، دەستبەرداری خەبات و هەوڵەکانیان نەبوون ونایانەوێت ببن تا هێنانەدی خواستەکانیان، بەتایبەت ئەوان ئەزمونی سەرکەوتوانەی ناڕەزایەتیی شاری (پێنجوێن)یان لەبەردەستدایە کە لە ناوەڕاستی مانگی یەکی ئەمساڵدا، بە مانگرتنی گشتی و خۆپێشاندانی پێنج ڕۆژە، توانیان خواستەکانیان لە دابین کردنی کارەبای (٢٤) سەعاتە بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنن.
هاوڕای ئەم ناڕەزایەتییەی دەربەندیخان لە بەشێکی زۆر لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها لە لایەن توێژ کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانەوە ناڕەزایەتی بە شکڵ و شێوازی جیاواز لە ئارادایە بۆ بەدەستهێنانی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان و گوزەران و خزمەتگوزاریە پێویستەکان.
ئەم دەسەڵاتە بەهەموو ناکۆکی و کێشمەکێشێکی ناوخۆی حزبەکانیشیەوە، بەڵام بە پشتیوانی ئەمریکا و وڵاتە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوا، هاوڕا و یەکگرتووە لەسەر ئەنجامدان و داسەپاندنی سیاسەتەکانی نیولیبرالیزمی سەرمایەداری و شکاندنەوەی باری گرانیی بەسەر جەماوەری زەحمەتکێش و بێبەشدا، کە خۆی لە کەم کردنەوە و بچووککردنەوەی قەبارە و ڕۆلی کەرتی گشتی و ڕاگرتنی دامەزراندن لەم کەرتەدا، و ڕادەستکردنیدا دەبینێتەوە بۆ دەستی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، بۆ داتەکاندنی گیرفانی جەماوەر و شانخاڵی کردنەوەی حکومەتیش لەهەر جۆرە بەرپرسیارەتییەک لە خزمەتگوازرییە سەرەکیەکان لە تەندروستی و پەروەردەو و ئاو وکارەبا و ڕیگەو بان …هتد ، کە کۆی ئەمانە بوونەتە مایەی داسەپاندنی بێکاری و هەژاری و بێ خزمەتگوازی وتەنانەت بەرزبوونەوەی رادەی نەخۆشی و نەخۆێندەواری و بێ ئاسۆیی گەنجان و ملنانیان بەرەو هەندەران بە کۆچوڕەوی بەکۆمەڵ و بوونە قوربانی لە ڕێگەدا.

گەرچی لێرەو لەوێ جەماوەری زەحمەتکێش و بێبەش، بە درێژەدان بە خەبات و ناڕەزایەتییەکانیان سەرکەوتن بەدەست دەهێنن، بەڵام داسەپاندنی پاشەکشەیەکی جدی کە ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی بهێنێتەدی لە ژیان و گوزەرانی جەماوەری ئەم هەرێمەدا، لە گرەوی ئەوەدایە کە ئەم ناڕەزایەتیـیە پچڕپچڕ و دابڕاوانە لە قاڵبی بزووتنەوەیەکی یەکگرتووی سەراسەریدا لێکهەڵپێکرێن تا ئامانجدارانە داوکاریەکانیان بسەپێنن بەسەر دەسەڵاتدا.
ئەمەش پەیوەستە بە گرتنەبەری ئاسۆیەک کە بەرپەرچدانەوەی سیاسەتە ئابوورییەکانی ئەم دەسەڵاتە بگرێتەخۆی کە سەرچاوەی نەهامەتییەکانە و بەم ئاسۆیەوە لەهەوڵی خۆڕێکخراوکردن و هاتنەمەیداندا بێت بۆ وەستانەوە بەڕوویدا.
هەروەها ئەمەش ئەوە ئەخوازی کە کۆمیتە و ناوەند و دەستە و مەڵبەندی هەڵسوڕاوان و ڕێکخەرانی خۆپێشاندان و مانگرتنەکان و چالاکەوانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان پێکبهێندرێن، و دەستپێشکەری بکریت تا هەموو ئەم خەبات و ناڕەزایەتیانە بەیەکەوە گرێبدرێن لە تۆڕێکی سەراسەریدا.
دنیایەک لە سەروەت و سامان لەم هەرێمەی کوردستان و لە عێڕاقدا، کە دەکرا ببێتە مایەی خۆشگوزەارنی و کامەرانی بۆ هەموان ئەگەر لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی جەماوەردا بوایە، بەڵام ئێستا بۆتە مایەی ڕۆژ-ڕەشی و بێکاری و هەژاری و دوورەدەستکردنی ژیانێکی ئاسایی بۆ زۆربەی دانیشتوان، ئەمەش بە سادەیی چوونکە ئەم سەروەت و سامانە گشتییەی کۆمەڵگە کراوە بە موڵکی تایبەت و قۆرخکراوە بۆ کەمایەتییەکی سەرمایەدار و دەسەڵاتدار، کە بەهێزی میلیشیا و ئاسایش و پاراستن و دادگا و زیندان و میدیایەکی زەبەلاح بەدژی جەماوەر پارێزگاری لێدەکرێت.
ئەم تاڵانی و فەرهودەیـیەی سامانی گشتی کۆمەڵگە، وێڕای ئەوەی لە جۆرەها کۆمپانیا و پڕۆژەی ئابووری و بازرگانی سەرمایەداراندا بەرجەستەبۆتەوە لە هەرێم و لە عێڕاقدا، بەشێکیشی لە شکڵی دراوی نەقدینەی دەرەکیدا و لەڕێگەی شۆرینەوە و سپی کردنەوەی مالیـیەوە، لە بانکەکانی دەرەوەی وڵاتدا پاشەکەوتکراون و ئێمەی لێ بێ بەش و مەحروم کراوین، هەموو ئەمانەش بە دەستێکەوڵاکردن لەگەڵ وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و لەگەڵ ئیمپریالیزمی ئەمریکی و هاوپەیمانەکانی بەڕێوە دەچێت، کە هاوبەرژەوەندن لەگەڵ هەردوو دەسەڵاتی هەرێمەکە و ناوەند لە بەغدا.
کرێکاران، زەحمەتکێشان، جەماوەری بەشمەینەت و ئازادیخواز
کۆتاییهێنان بەم بارودۆخە پەیوەستە بە هاتنەمەیدانێکی یەکگرتووانەی سەراسەری بە ئاسۆیەکی لەو چەشنەوە کە هەڵپێچانی ئەم سیاسەتە ئابوورییە سەرمایەداریـیە نیولیبڕاڵییە و پارێزەرانی کە دەسەڵاتە بخاتە دەستوری کاریـیەوە، و ئیڕادەی سەربەخۆی جەماوەری یەکگرتوو لە شوراکاندا پیادە بکرێت تا موڵکی گشتی کۆمەڵگە لەژێر دەستی سەرمایەداران و دەسەڵاتداران دەربهێنێت و لە پیناو ڕفاهیەت و خۆشگوزەرانی و یەکسانی ئینسانەکان بەکاربهێنرێت.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) لە کاتێکدا هیوای سەرکەوتن دەخوازێت بۆ مانگرتنەکەی دەربەندیخان و هاوخەباتی ئەو جەماوەرەیە، لە هەمانکاتیشدا بانگەوازی هەڵسوڕاوانی ناڕەزایەتیی شار و شارۆچکەکانی کوردستان و چالاکوانانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکا کە کۆڕوکۆمەڵی هاوپشتی پێکبهێنن بۆ ئەم ناڕەزایەتییە ڕەوایەی دەربەندیخان لە شار و شارۆچکەکانی خۆیاندا.
- سەرکەوتن بۆ مانگرتن و خواستەڕەواکانی جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخوازی دەربەندیخان
- بەرەو پێکهێنانی کۆڕوکۆمەڵەکانی هاوپشتی لە شار و شارۆچکەکاندا
- بەرەوە پێکهێنانی تۆڕی پەیوەندی هەڵسوڕاوان و ڕابەرانی ناڕەزایەتییەکان و ڕێکخەرانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
