بەبۆنەی هەشتی مارسەوە، ڕزگاری ژنان کلیلی ڕزگاری کۆمەڵگەیە لەم ڕژێمەی ئێستا

لەم ڕۆژانەدا و لەگەڵ نزیک بوونەوەمان لە ڕۆژی جیهانی ژن، ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و ناسیونالیستە دەسەڵاتدارەکان و حکومەتەکەی ئێستایان بە سەرۆکایەتی (محمەد شیاع ئەلسودانی) و پەرلەمان و دامەزراوە دادوەرییەکانیان، شمشێری سەرکوتگەریان بەرزکردۆتەوە بەڕووی ژنان و جەماوەری زەحمەتکێش و بەهەژارکراوانی عێڕاقدا، ئەمەش بە هەرچی زیاتر چەسپاندنی پایەکانی ئیستیبداد و سەرکوتگەری و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان.

 

تازەترین کردەی ئەم تاقمە فەرمانڕەوایە و حکومەتە ناوەندییەکەی لەم سیاسەتە سەرکوتگەرانەیاندا، هەڵبەستنی ساختەکارانەی دۆسییەی دادوەرییەکی قێزەوەنە بۆ ڕاوەدوونان و دادگاییکردنی هەڵسوڕاوانی پیاو و ژنی ئازادیخواز، وە هەوڵدانیانە بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسایەکی ستەمکارانە بۆ ڕێگریکردن لە ئازادی ڕادەربڕین و کۆنترۆڵکردنی فەزای ئینتەرنێت، لەژێر ناوی “ڕێکخستنی ئازادییەکان” و “پەیڕەونامەی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی لە عێراق”، ئەمە و دەستدرێژیکردنە سەر ئازادییە تاکەکەسییەکان بە بەکارهێنانی شێوازەکانی سەرکوتگەرانەی وڵاتە ئیسلامییەکانی ناوچەکە و گرتنی خاوەنانی ئەو شتەی کە دەسەڵات بە “ناوەڕۆکی نزم” ناوی لێ دەبات، بەناوی پاراستنی “مۆڕاڵی گشتی”یەوە.

لە هەرێمی کوردستانیش، ڕەوت و حزبە ئیسلامییەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە، کە دەسەڵاتی دادوەری عێراقیش هاتووە بە دەنگیانەوە، بۆ لابردنی تەنانەت ئەو مەرجە ڕەزیلانەی کە تاڕادەیەک بەربەستن بۆ فرەژنی لە یاساکانی هەرێمدا، ئەمە جگە لە زیادبوونی ڕادەی سەرکوت و ئیستیبداد لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم و دادگاییکردنی خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی ئینتەرنێتیش.

زاڵبوونی کولتوری پیاوسالاری و بەها و نەریتە کۆمەڵایەتی و خێڵەکییەکانی دژە ژن، هەروەها ڕۆڵی سەرکوتگەرانەی ئایدیۆلۆژیای ئایینی ئیسلامی و یاسا و مەرجەع و مەزهەبە جۆراوجۆرەکانی لە دژی ژنان، هەموو ئەمانە نەیاندەتوانی بەم شێوەیە بەردەوام بن، ئەگەر ڕژێمێکی سیاسی بۆرژوا ئیسلامی و قەومی و پیاوسالار حوکمڕانی وڵات نەبوایە و هەموو ئەم میراتە سەرکوتگەرانەیەی لە دژی ژنان نەپاراستایە و پەرەی پێ نەدابایە.

لەم وڵاتەدا، لەناو دیوارەکانی ئەم زیندانە گەورەیەی ژناندا، ڕۆژانە تاوانی کوشتن و توندوتیژی و عەزیەتدانی جەستەیی و دەروونی و سەرکوتگەری لە دژی ژنان ئەنجام دەدرێ و سەرەتاییترین ئازادی و مافەکانیان پێشێل دەکرێ و جیاکاریی ئاشکرا بەدژیان و هەراسانکردن و دەستدرێژی سێکسی و بازرگانیکردن پێیانەوە بەردەوامی پێ دەدرێ، و فرەژنی بەسەریاندا دەسەپێنرێت، و ڕێگرییان لێدەکرێت لە تەواوکردنی خوێندن و کارکردن لە دەرەوەی ماڵ، و پەراوێزخستن و جیاکاری لەنێوان ئەوان و نێرینەکاندا لە قوتابخانە و دامەزراوەکاندا دادەسەپێنرێ، و کڵتوری بەکەمزانینی ژنان بەردەوام لە کۆمەڵگەدا بڵاودەکرێتەوە.

ئەمە، و چەندین ساڵ خەباتی ڕزگاریخوازانەی فێمینیست و هەوڵی بێوچان بۆ هێنانەدی داواکارییەکانی وەک دەرکردنی یاسایەک کە کەمترین ئاستی پاراستن لە توندوتیژی خێزانی دابین بکات، سزای تاوانکاران بدات لە تاوان بەرامبەر بە ژنان، ڕێگری بکات لە بەشودانی کچانی مێرمنداڵ و فرەژنی و بێبەشکردنی ژنان لە سەرپەرشتی منداڵان، و چەندین داواکاریی دیکە، نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک بەهۆی پێداگریی سەرسەختانەی ئەم تاقمە فەرمانڕەوایە لەسەر بە کۆیلەکردنی ژنان.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم بارودۆخانەشدا، ئێمە لە سەردەمێکی نوێداین کە خەباتی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕزگاری ژنان لە ناوچەکەدا، دوای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ئێران، گۆڕانێکی چۆنایەتی بەخۆیەوە دەبینێت، ڕاپەڕینێک کە بەدوای کوشتنی (ژینا ئەمینی)دا هاتەئاراوە بەر لە زیاتر لە پێنج مانگ لەمەوبەر، کە نوکی ڕمەکەی دژ بە حیجابی ئیجباری و ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێراندا ئاراستە کرد. ئەم ڕاپەڕینە ئاسۆی پڕ لە ئومێد و سەردەمێکی نوێی بۆ ڕزگاری ژنان ئاواڵاکردۆتەوە، نەک تەنها لە ئێران، بەڵکو لە هەموو ناوچەکەدا، کە ناتوانرێت ئەم سەردەمە بگەڕێندرێتە دواوە.

ئیتر بۆرژوازی دەسەڵاتدار لە عێراق زۆر باش دەزانێت کە چۆن پرسی ڕزگاری ژن بە پێداگرییەکی توندەوە خۆی لە ئەجێندای مێژوو و شانۆی خەباتی چینایەتی لە عێراق و ناوچەکەدا، دەخاتە ڕوو، وە دەزانێ کە چۆن ئەم پێشهاتانە هەڕەشە لە قەوارەکەی دەکەن و سەرچاوەی قەیرانێکی گەورەتر بۆی پێکدەهێنن، بۆیە دەبینین پەلەپڕوزێ دەکات لە جێگیرکردنی کۆڵەگەکانی دیکتاتۆرییەتەکەی.

لە ئێستادا نەک هەر دەسەڵات و حزب و ڕەوتە دەسەڵاتدارەکان لە عێراق و لایەنگرانی نێودەوڵەتییان لە زلهێزە ئیمپریالیست و ئیقلیمییەکان، بەڵکو هەموو حزبە ئۆپۆزسیۆنە بۆرژوازییەکان و ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی ناسیۆنالیست و “عەلمانی”ی و “مەدەنی”ەکانیشیان!! تەنانەت هەندێکیش کە خۆیان بە کۆمۆنیست و چەپ ناودەبەن، بە پلەی جیاواز لە درێژەدان بە چەوساندنەوەی ژنان بەشدارن و خەریکی پاکانەکردنن بۆ بەردەوامی ئەم بارودۆخە کولەمەرگییەی ژنان. هەموو ئەم حیزب و ڕەوتانەی ئۆپۆزسیۆن ملکەچبوون بۆ ئیسلامییەکان و میلیشیاکانیان، یان باشتر بڵێین بوون بە هاوپەیمانیان، و سەرکوتکردن و ملکەچکردنی ژنانیان کردووە بە “عەقیدە”ێک کە دەست لێدانی قەدەغەیە.

چەوساندنەوەی ئابووری ژنان و بەهرەبەرداری سێکسی و هێشتنەوەی وەک کۆیلەی بێدەنگ بۆ بەئاکامگەیاندنی پرۆسەی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی کەڵەکەبوونی سەرمایە، و هەڵسوڕاندنی چەرخەکانی سیستەمی سەرمایەداری، و هێنانەدی بەرژەوەندیییە ماددییەکانی چەوسێنەرانی ژنان لە نێو چین و توێژە جیاوازەکاندا، ئەمە ئەو بەردی بناغەیەیە کە هەموو ئەم سیستەمە لە چەوساندنەوە و سەرکوت و زەلیلکردنی ژنانی لە عێراقدا لەسەری بنیات نراوە، هەروەک لە وڵاتانی تری سەرمایەداریشدا هەروایە.

هەر بۆیە خەباتی فێمێنیستی ڕزگاریخوازانە و خەباتی سۆسیالیستی چینی کرێکار دوو بەشی یەکانگیرن لە بزووتنەوەیەکی گشتگیری کرێکاری، نەک تەنها لەو ڕووەوە کە ژنی کرێکار یەکەمین قوربانیانیـیە لە بەردەوامبوونی چەوسانەوەی ژنان و بەم پێیەش خەباتەکەی بڕبڕەی پشتی بزووتنەوەی فێمێنیستی ڕزگاریخواز پێکدەهێنێت، بەڵکو لەو ڕووەشەوە کە ڕەگوڕیشەی چەوساندنەوەی ژن و پاڵنەرەکانی سەرکوتکردنی لەناو پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئابووری سەرمایەداریدایە کە بزووتنەوەی پڕۆلیتاریای سۆشیالیست دەیەوێت لەم پێکهاتەیە ڕزگاری بێت.

با لە ڕۆژی جیهانی خەباتی ژناندا، هێز و توانامان یەکخەین بۆ:

  • بۆ بەهێزکردنی کاروانی خەباتی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕزگاری ژنان.
  • بۆ ڕێکخستنی خەبات لە بزووتنەوەیەکی سیاسی جەماوەری شۆڕشگێڕانەدا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژیم، و بۆ دانانی ئەجندای ڕزگاری ژن لە پێشەنگی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە عێراقدا، بۆ ڕزگاری ژن لەم دەسەڵاتە و لە سیستمە سەرکوتە کۆمەڵایەتی و خێڵەکی و کولتووری و مەزهەبیـیەکەی.
  • بۆ ڕیسواکردنی هەلپەرستان لەهەر شکڵ و شێوەیەکدا بن، کە سازش دەکەن لەسەر درێژەدان بە چەوساندنەوەی ژنان.
  • بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو یاسایانەی دژە ژنن و لەم وڵاتەدا کاریان پێ دەکرێت.
  • بۆ بەدەستهێنانی هەموو داواکارییەکانی بزووتنەوەی فێمینیستی ئازادیخواز سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بەرگریکردن لە ماف و ئازادی ژنان و یەکسانییان لەگەڵ پیاوان.
  • هەموو هاوپشتییەک لەگەڵ خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ئێران.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی پیرۆزبایی هەشتی مارس لە ژنانی عێراق و سەرتاسەری جیهان دەکات، هەروەها پیرۆزباییش دەکات لە ژنانی کرێکار و چەوساوەی ئەم وڵاتە و ئەوانەش کە هەڵگری هەر ناسنامە (پاسپۆرت)ێک بن لەم وڵاتەدا، و لێبڕاوانە و شێلگیرانە خەبات دەکات لە پێناو ڕزگاری ژنان.

بژی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی خەباتی ژن

بژی سۆشیالیزم

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

٤-٣-٢٠٢٣

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بە بۆنەی گیان لەدەسدانی هاوڕێی ئازیز جەلیل شەهباز

زۆر بەداخەوە هاوڕێی ئازیزمان جەلیل عەبدال شەهباز، دوێنێ دوو شەممە (٤-٥-٢٠٢٦)، لە ڕێگەی گەڕانەوەی لە ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

بە بۆنەی یەکی ئایاری ٢٠٢٦، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکارەوە ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕۆژی ...

ببنە هاوبەشی کۆبوونەوەی نارەزایەتیمان ٢٤.٤.٢٠٢٦

   

بە توندی سەرکۆنەی تاوانی وەرنەگرتن و پێشکەش نەکردنی فریاگوزاری بۆ غەزال مەولان، دەکەین

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی سلێمانی/ ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق بەپێی ڕاگەێندراوێکی (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)، دوانیوەڕۆی سێ ...

هەوڵی تیرۆڕی ‌هاوڕێ عەلی جەوادی بە تۆندی سەرکۆنە دەکەین

راگەیاندنی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عیراق بەپێی ڕاگەیاندنی حزبی کۆمۆنیست کرێکاری ئێران/ حیکمەتیست، شەوی یەکشەمممە ...