لە (٥)ی ئۆکتۆبەری (٢٠٢٣) بەدواوە ڕژێمی بۆرژوا ناسیونال ئیسلامی و عەسکەرتاری تورکیا بە چەکی قورس و تۆپخانە و فڕۆکەی سەربازی و درۆنەوە هێرشە دڕندانەکانی خۆی دەستپێکردووە بۆ سەر خەڵکی سڤیل و مناڵ و بەساڵاچوانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی (پەیەدە) و ژێرخانی ئابوری لە وێستگەکانی کارەبا، کێڵگە و پاڵاوگەکانی نەوت و گازیشی کردۆتە ئامانج. بەپێی ڕاگەیاندنەکان تا ئێستا زیاتر لە (٩) هاوڵاتی مەدەنی و (٣٩) شەڕڤان کوژراون و زیاتر لە (١٠٠) ملیۆن دۆلاریش زیانی بە ژێر خانی ئابووری گەیاندووە.
گەرچی ئەم هێرشەی بۆسەر کوردستانی سوریا و دەیان هێرشی تریشی هەر لەم ماوەیەدا بۆسەر ناوچە سنوریـیەکانی (هەرێمی کوردستانی عێڕاق) و هەروەها (کەمپی پەنابەرانی مەخمور)یش کە تیایدا خەڵکی سڤیل کراونەتە ئامانج، بەبیانووی ئەو قەقینەوە خۆکوژیـیەوەیە کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە ئەنقەرەدا ڕوویدا، بەڵام ئەم هێرش و خوێنڕێژیـیە هەڵقوڵاوی ستڕاتیژ و سیاسەتە فراوانخوازەکانی حکومەتی ناسیونال ئیسلامی شۆفێنستی تورکیایە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە هاوکات و بەهەمان شێوەی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و تاوانکاری ئیسڕائیل کەوتۆتە ڕەشەکوژی خەڵکی سڤیل و منداڵ و پیر و پەککەوتە و وێرانکاری شار و شارۆچکەکان.
حکومەتی ئەردۆگان لە تورکیا، وەک هاوشێوەکەی حکومەتی ناتانیاهۆ لە ئیسڕائیل، حکومەتی میللی مەزهەبی تیرۆر و کوشتارە، حکومەتی زیندانی و سەرکوتە، حکومەتی هەژاری و هەڵائاوسان و گرانی و بێکاریـیە لەناوخۆی تورکیا، و سەرچاوەیەکی نائارامیی و پشێوی و مەترسیشە بۆسەر ژیانی جەماوەری زەحمەتکێشی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
تاوانە جەنگیـیەکانی حکومەتی تورکیا لە کوردستانی سوریا و هەرێمی کوردستانی عێڕاق، هەروەک تاوانەکانی حکومەتی ئیسڕائیل، ناکرێت چاوپۆشی لێبکرێت و قاونەدرێت و ڕیسوا نەکرێت و بێ وەڵام بمێـنـێـتەوە لەلایەن بەشەریەتی ئازادیخوازەوە، بەڵام ئەوەی کە دەتوانێت سنورێکی جدی دابنێت بۆ تاوانکاری ئەم ڕژێمە شکڵپێدان و هێنانەمەیدانی بزووتنەوەیەکی بەهێزی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ناوچەکەیە بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی ئینتەرناسیونالیستی، کە چەسپاندن و پتەوکردنی هاوپشتی نێونەتەوەیی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرجەستەبکاتەوە لەبەرامبەر تاوان و ملهوڕیـیەکانی ئەو ڕژێمە بورژوازیانەدا.
نا بۆ تاوانە جەنگیـیەکانی ڕژێمی ئەردۆگان و سیاسەتە شۆفـێـنستـیەکانی
ڕەوت
١٧-١٠-٢٠٢٣