چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز: (ماموستا أحمد عەلی سادق هەورامی) ئەندامی دەستەی باڵای (یەکێتی خانەنشینانی کوردستان).
- ڕەوت: سوپاس بۆ بەخشینی کاتی خۆتان بۆ ئەم چاوپێکەوتنە، سەرەتا دەمانەوەێت بزانین (یەکێتی خانەنشینانی کوردستان) کەی دامەزراوە؟ بارەگا و ئۆفیسی هەیە لە شارەکانی هەرێم، ژمارەی خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان بەگشتی چەندە؟ هەروەها ژمارەی ئەندامانی ڕێکخراوەکەتان چەندە؟ وە ئامانج و خواستەکانی ڕێکخراوەتان چییە، یان بە جۆرێکی تر بڵێین لە پێناو چیدا ئەو ڕێکخراوە هاتۆتەدی؟
مامۆستا ئەحمەد: یەکێتی خانەنشینانی کوردستان لە ساڵی (١٩٩٤)دا دامەزراوە، بارەگای سەرەکی لە سلێمانیـیە و لقی لە هەڵەبجە و هەولێر و گەرمیان هەیە، وە لە ئایندەیەکی نزیکیشدا بڕیارە لە زاخۆ و شارەزوور و چەمچەماڵ و دەربەندیخان بارەگای تر بکەینەوە، ژمارەی خانەنشینان لە هەرێمی کورستان (٢٤٥) هەزار و (١٠٤) خانەنشینە لەوانە (١٥٧) هەزار و (٤٦١) خانەنشینی مەدەنین و (٤٧) هەزار و (٦٣٣) یان خانەنشینی سەربازین.
ئامانج و خواستی ڕێکخراوەکەمان بۆ داکۆکیکردنە لە خانەنشینان و مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ هێنانەدی مافە زەوت کراوەکانیان وە دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان. لە بەیاننامەیەکیشدا ئەمانە ڕون کراونەتەوە.
- ڕەوت: بەگشتی بارودۆخی ژیانی خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان چۆنە؟ ئایە بڕی ئەو مووچەی خانەنشین وەری دەگرێت تا چەند دەتوانێت ژیانێکی ئاسایی دابین بکات بۆیان، بەتایبەت ئەگەر کەسی خانەنشین خاوەن خانەوادە و مناڵ بێت؟ ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی دواکەوتن و بڕینی بەشێک لە مووچە کە (حکومەتی هەرێم) گرتوویەتەبەر؟
مامۆستا ئەحمەد: سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێم کە مووچەی خانەنشینان هەر لە بنەڕەتدا مووچەیەکی کەمە و بەشی ژیانێکی مەمرەمەژی دەکات و ناکات، جا سەرباری ئەوەش خانەنشینان لە کوردستان، ساڵانێکە بەدەست کەمی مووچە و لێبڕینی مووچە و جیاوازی نێوان موچەی هەرێم و حکومەتی ناوەندییەوە دەناڵێنن و غەدریان لێدەکرێت. ئەو زوڵمانەشمان هەمووی لەڕێگای بەیاننامە و ڕاگەیاندنەکانمانەوە گەیاندووە بە هەموو لا، چ بە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم و ناوەند بێت یان بە ڕای گشتی کۆمەڵگا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بێت. بەنسبەت بەشی دووەمی پرسیارەکەتان، بەڵێ وایە، حکومەتی هەرێم، دامەزراندنی وەستاندووە ئەمەش واتا هەر خانەوادەیەکی خانەنشین بگریت كچ و کوڕی بێکاریان هەیە، هەروەها حکومەتی هەرێم کەرتی پەروەردە و تەندروستی و کارەبای داوەتە دەست کەرتی تایبەت و ئەوەش مەسرەفێکی زۆرە و قورسایی خستۆتە سەر شانی خانەنشینان، کەرتی کارەبا و ئاو، وەک دەزانن حاڵی چۆنە، کەرتی گوستنەوەش بەهەمان شێوە، ناچارین بەتاکسی هاتوچۆ بکەین. هەموو ئەوانە کاریگەری گەورە و گوشارێکی زۆری لەسەر ژیان و گوزەرانمان داناوە.
- ڕەوت: لە بەرامبەر ئەو باروزروفە سەخت و بێمافیـیەدا کە حکومەتی هەرێم دای سەپاندووە بەسەر خانەنشیناندا، ئایە خانەنشینان و ڕێکخراوەکەتان چ کاردانەوە و چالاکیـیەکیان هەبووە بۆ بەرنگاربوونەوەی، بەتایبەت کەم مانگ هەبووە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا سەری هەڵنەدا بێت دژ بە دواکەوتنی مووچە وەیا بڕینی بەشێک لێی؟ ئایە خانەنشینان و ڕێکخراوەکەتان لەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییانەدا بەشدار و چالاک بوون، بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی خانشینان لەڕووی حقوقی یاسایی و ئابوریـیەوە؟
مامۆستا ئەحمەد: بەڵێ ئێمەی خانەنشین وەک توێژێکی کۆمەڵایەتی دژی بێمافی و پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە خانەنشینان، بەردەوام ناڕەزایەتییمان دەربڕیووە، هەر لە دەرکردنی بەیاننامەوە بگرە، تا چوونەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران لە هەولێر، تا بەشداری کردن لە تۆماری ئیمزاکۆکردنەوە، تا بەشداری خانەنشینان لە خۆپیشاندانی هەموو شارەکاندا بە بەردەوامی، ئێمە بەشێکی گرنگی بزوتنەوە ناڕەزایەتیـیەکان بووین لەساڵانی ڕابردوودا و لە پێشەوەی خۆپێشاندانەکان بووین. ئەگەر ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی مامۆستایان لەم دواییانەدا بە نمونە وەربگرین، مامۆستایان هەموویان کچ و کوڕی ئێمەی خانەنشینن و ئێمەش لەگەڵیاندا و بۆ پشتیوانیان هاتووینەتە مەیدان، ئەم هاوپشتی و بەتەنگەوە هاتنەی یەکتری بناغەی بەشێک لەو سەرکەوتنانە بوو کە بەدەستهاتوون لەم دواییانەدا.
-*-*-*-
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
