دوێنێ سێ شەممە یەکی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ خۆپێشاندانێکی جەماوەری گەورە بەڕێکەوت لە چەند شارێکی عێڕاق؛ بەغدا، بەسڕە، ناسڕیە، عەمارە، دیوانیە و موصل، دژ بە حکومەت و ڕەوتە ئیسلامی و قەومیەکانی فەرمانڕەوا، دژ بە گەندەڵیان و تاڵان کردنی سەروەتوسامانی وڵات و داسەپاندنی برسیەتی و بێکاری و هەژاری بەسەر ملیۆناندا، و خۆپێشاندەران هاواریان دەکرد “بڕوخێ ڕژێم”، ئەمرۆش هێشتا هەر خۆپێشاندان و ڕێپێوانی مەزن لە شوێنە جیاجیاکانی بەغدا لە ئارادایە.
هێزە حکومیەکان زۆر دڕندانە ڕوبەڕوی خۆپێشاندەران وەستانەوە کە لە شانزە (١٦) ساڵی ڕابردودا وێنەی کەم بووە، پەرچە کرداری دەسەڵاتداران هەر لەسەرەتاوە بەرامبەر خواستەکانی جەماوەر و خۆپێشاندەران گولـلە باران و گازی فرمێسک ڕژێن و تێسرەواندنی ئاوی بەخورەم بووە. بەهۆی ئەم هێرشە دڕندانەیەوە تا ئێستا زیاتر لە سێ کەس لە خۆپێشاندەرانی بەغدا و کەسێکیش لە ناسڕیە کوژراوە و دەیانیش بریندار بوون. هەواڵەکان وا ڕادەگەێنن کە بە سەرکوتی بێپەردەی هێزەکانی حکومەت قوربانیانێکی زۆرتر هەیە لەو خۆپێشاندان و ڕێپێوانانەی ئەمڕۆش.
ئەوەی ڕویدا و لە ئارادایە لەم ساتەوەختەدا، بوڕکانێکی جەماوەریە کە لە چەند ساڵی کەمی ڕابردوودا خامۆش بوو، ئەویش بۆ ئەوەی کە هێزەکانی خۆی کۆکاتەوە و سەرلەنوێ لە قوڵایی کۆمەڵگەوە بەتەقینەوەیەکی گەورەوە سەرهەڵداتەوە. ڕووبەڕوو وەستانەوەی جەماوەرێک لە کرێکارانی بێکار و هەژارکراوان و لاوانی کوڕ و کچ دژ بەوانەی بەرپرسیارن لە ڕۆژڕەشی و هەژاری و ژیانی پڕ لە کوێرەوەریان، وە ڕاپەڕینیان دژی گشت هێز و حزبە سیاسیە بورژوازیە ئیسلامی و قەومی و نیولیبرالەکانی فەرمانڕەوا و گەندەڵ، قۆناغێکی تازەی هێنایە ئاراوە لەو کێشمەکێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیەی کە لە ئارادایە لە عێڕاق.
ئەم توێژە کۆمەڵایەتیانە ئامانجە ڕاستەوخۆکانی ناڕەزایەتیەکانیان بە مۆرکی خۆیان دەرهێنا و هێزی خۆیان هێنایە سەر شەقام و مەیدانەکان بۆ هێنانەدی ئاڵوگۆر و هاواریان دەکرد بڕوخێ ڕژێم، وە بەهەموانیان ڕاگەیاند کە ئەوانن هێزی بزوێنەری ئەم ناڕەزایەتیانە و توخمی بنچینەیی هەر ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە لە بارودۆخی ئیستای عێڕاقدا.
ئەوەی کە جەماوەر بەدەستیەوە دەناڵێنێ لە بێکاری و هەژاری و برسیەتی و ئەو بارگرانیەی کە هەیانە لە نەبونی خزمەتگوزاریە گشتیەکان و تەندروستی و خوێندن …هتد، ئەوە سیستمێکی لێکهەڵپێکراوە کە دوبارە بەرهەمدێتەوە بەگوێرەی میکانیزمەکانی نیزامی سەرمایەداری و سیاسەتە ئابوریەکانی نیولیبرالیزم، وە هێزە بورژوا کۆنەپەرستە ئیسلامی و قەومی و میلیشیاکانیان و پاڵپشتەکانیان لە وڵاتانی ئیمپریالی ڕۆژئاوا و هێزە ناوچەییەکان پارێزگاری لێدەکەن.
ڕێگەی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و هێنانەدی ئازادی و ژیانێکی پڕ لە دڵنیایی و خۆشگوزەران بۆ زوربەی جەماوەر پەیوەستە بە هێنانەدی سۆشیالیزم و لێی جیانابێتەوە، چونکە ئەو ئامانج و خواستانە ناتوانرێت بێنەدی لە ژێر سایەی نیزامی سەرمایەداری و سیاسەتە ئابوریە نیولیبرالەکاندا لە ڕێگەی چاکسازیەکەوە کە هەندێک لە هێزە بورژوازیەکان چ لە ئۆپۆزیسیۆن و چ لەناو حکومەتدا دەیخەنەڕوو. ڕێگەی ڕزگاری و بەدیلی بارودۆخی ئێستا کۆتایی هێنانە بە نیزامی ئابوری و کۆمەڵایەتی سەرمایەداری و سیاسەتە نیولیبرالیەکان و پارێزەرانی لە ئیسلامی و قەومی و لیبرالەکان.
ئەرکی بناغەیی بریتیە لە یەکخستنی خەباتی هێزە چینایەتیە سۆشیالیستیەکان و هێزی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و هەژاران و هێزی لاوانێک کە چاویان بڕیوەتە پێشکەوتن و ژیانێکی باشتر و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان، لە یەک بزوتنەوەی شۆشگێڕانەی جەماوەریدا کە کۆتایی بە بارودۆخی ئێستا بێنێت بەتەواوی. ئەم خۆپێشاندانانەی کە لەئارادایە پایەیەکی بنچینەییە لە لەپایەکانی ئەم بزوتنەوە مەزنە چینایەتی و کۆمەڵایەتیە.
خۆپێشاندانەکانی ئێستا هاوسەنگیەکی چینایەتی وای هێناوەتە ئاراوە کە تا دوێنێ لە ئارادا نەبوو، هەر رۆژێکیش کە بەسەر ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیەدا تێدەپەڕێ، لە توانایدایە یەکلایی بابەتگەلێکی ساڵانێکی چەق بەستوو بکاتەوە. هەر هەنگاوێکیش لە ڕێکخراو بوون و چەکدار بوون بە ڕوانگەیەکی سیاسی چینایەتی کرێکاری سەربەخۆ و ڕێکخستنی ئیرادەی سیاسی جەماوەری ناڕازی لە شۆراکان و لە لیژنەی ناوچەییەکاندا لە توانایدایە ئەرکەکانی چەندین ساڵ بهێنێتەدی و ئەم بزوتنەوەیە بەرەو سەرکەتن بەرێت.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) هەر لەو کاتەدا کە بەتوندی سەرکۆنەی تاوانی هێزەکانی دەسەڵات دەکات دەرحەق بە خۆپێشاندەران، خەباتیش دەکات شانبەشانی جەماوەری خۆپێشاندەر و کاریش دەکات لە پێناو بەرزکردنەوەی ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە مەزنە و بەردەوامی و هەنگاونانی بۆ هێنانەدی ئیرادەیەکی ڕێکخراو لە چوارچێوەی شۆرا و لیژنەکان و هێنانەدی ئامانج و خواستەکان و سەرکەوتنی.
ئەمە و بانگەوازی چینی کرێکاری جیهان و سۆشیالیستەکان دەکەین بۆ پشتیوانیکردنی ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە و سەرکۆنەکردنی سەرکوتگەریەکانی حکومەت و دەسەڵاتداران و هێزە میلیشاکان.
بژی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و هەموو ئازادیخوازان
سەرکەوتن بۆ ئەم زبزوتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریە
رێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
٢ ئۆکتۆبەری ٢٠١٩