جەمال کۆشش
بەیانیـیەکی زووی ڕۆژی (٤-١٢-٢٠٢٤)، لە بەناوبانگترین وتێل (ماریۆت متداون-Marriott Midtown)، لەناوەندی شاری نیۆیۆرک لە (مانهاتن)، (برایان تۆمپسن-Brian Thompson) بەرێوەبەری بیمەی تەندروستی (یونایتد هێڵث-United Healthcare) کە بۆ کۆبونەوەی وەبەرهێنەران دەچوو، لەلایەن (لویجی مانجیۆنێ-Luigi Mangione)ەوە بەسێ گولـلە کوژرا.

ئەم کوشتنە، فراوانترین جەدەلی میدیایی و فکری و سیاسی تەنانەت لە دەرەوەی ئەمەریکا، لە ئەوروپاش برەو پێدا و میدیا گەورەکانی وەک (نیۆیۆرک تایمز) و (فۆکس) و (ئیکۆنۆمیست) و (سی ئێن ئێن) و میدیای ئەڵمانی زمانەکان و کەناڵی تەلەفزیۆنی (ئەلجەزیزە)ش لەبارەیەوە دوان، بەداخەوە لە لایەن میدیای کوردیـیەوە فەرامۆش کرا.
کۆمپانیای (یونایتد هێڵث)ی ئەمەریکی گەورەترین کۆمپانیای بیمەیەی تەندروستیـیە، زیاتر لە پەنجا ملیۆن کەس لەلای ئەو بیمەکراون، ساڵانە (٣٥٠) بۆ (٤٠٠) ملیارد دۆلار سەرمایە بەگەڕ دەخات، وە چروکترین و ڕەزیلترین و لە هەمانکاتدا پڕ نەفرەترین کۆمپانیایە لە وڵاتی ئەمریکا و زیاتر لە سەدا سی و دوو (٣٢%)ی داواکان ڕەد دەکاتەوە کە لەلایەن دکتۆرەکانەوە بۆ نەخۆشەکان دەنوسرێن، و قازانجی ساڵی (٢٠٢٤)ی کۆمپانیاکە زیاتر لە دە (١٠) ملیار دۆلار بووە.
سکاڵایەکی زۆر و بەردەوام لەدژی ئەم کۆمپانیایە لەئارادا بووە، (٦٠-٧٠) کەس خۆپیشاندانێکیان لەمانگی (٧)ی ساڵی پار (تەمموزی ٢٠٢٣) لەبەرامبەر بەڕیوەبەرایەتیـیە سەرەکیـیەکەی ئەنجامدا، بەڵام بێ وەڵام مانەوە، هەروەها لەلایەن دەوڵەتی ئەمەریکاوە، شکایەتێک لەدژیان لە ئێستادا لە پرۆسەدایە.
(برایان تۆمپسن-Brian Thompson)ی تەمەن پەنجا (٥٠) ساڵەی کوژراو، کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (یونایتد هێڵث) بوو، زیاتر لە بیست (٢٠) ساڵە لەنێو ئەم کۆمپانیایەدایە، یەكێک بووە لە کەسایەتیـیە هەرە گرنگ و بڕیاربەدەستەکانی ئەم کۆمپانیایە و تا ئەوەی بوو بە بەڕێوەبەر.
(لویجی مانجیۆنێ-Luigi Mangione)ی تەمەن بیست و شەش (٢٦) ساڵە کە بکوژەکەیە، کوڕی خێزانێکی ئیتالیاییە کە لە دەڤەری تۆسکانیا و شاری تێلەمۆنی ئیتالیاوە کۆچیان کردووە بۆ ئەمریکا، گەنجێکی ئەندازیارە، بەپێی وتەی هاوڕێکانی زیرەک و ڕووخۆشە. دوای ئەوەی (برایان) دەکوژێت، بەپاسکیلیک هەڵدیت، پاشان دەچێت بۆ شارۆچکەیەک خۆی دەشارێتەوە.
کاتێک پۆلیس لێکۆلینەوە لە شوێنی ڕووداوەکە دەکات دەبینێت لەسەر قاوغی گولـلەکان سێ وشەی (درۆبکە، بەرگری بکە، پشتگوێی بخە) هەڵکۆڵراوە، پاش شەش (٦) ڕۆژ دوای بڵاوکردنەوەی وێنەکەی بۆ ڕای گشتی بەهۆی خەبەرلێدانی لەلایەن یەکیک لە کرێکارانی ڕیستۆرانتی (ماکدۆناڵد)ەوە لەکاتی نانخواردندا دەگیرێت و مانفێستێکی بەدەستخەتی سێ (٣) لاپەڕەیی لە گیرفاندایە لەسەر نیەتی خراپەکاری سیستمی تەندروستی ئەمەریکی بەبێ ئەوەی ناوی کەسی تیا بێت، باس لە (چاوچنۆکی کەرتی تەندروستی، قازانج بەسەر مەرگەوە، خراپەکاری سیستەمی سەرمایەداری ئەمەریکی)، (ئەم خوێنمژە شایەنیەتی) (من داوای لێبوردن بۆ هەموو ناڕەحەتیەکان و شۆک (صدمة)ێکتان دەکەم)، (بەڵام ئەنجام بدرێت).
بەشێک لە لێکۆڵەران دەڵێن هەڵکۆلراوەکەی سەر قاوغی گولەکانیش بۆ کتێبێک دەگەڕێتەوە کە ڕەخنە لە سیستەمی تەندروستی ئەمەریکی دەگرێت و ئەو سێ وشەیە ناوی کتیبەکەیە، هەندێک دەڵێن نەخێر گوزارش دەکات لەو نامە ڕەتکراوانەی کە دەهاتن بۆ کۆمپانیاکە و داوای خەرجکردنی پارەیان کردووە بۆ چارەسەر نەخۆشی.
ئەم ڕوداوە، بووە هۆی بومەلەرزەیەکی فکری و سیاسی و چینایەتی بەتایبەت لە (وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا)دا. بەدوای گرتنی بکوژەکەدا، زۆر لە ئەمەریکیـیەکان سۆز و لایەنگرییان بۆ (لویجی) دەربڕی و ناڕەزایەتیـیان لەبەرامبەر گرانی لە ڕادەبەدەری سیستەمی تەندروستی وڵاتەکەیان دەربڕی و ساڵانە نیو ملیۆن کەس (٥٠٠ هەزار نەخۆش) دەکەونە ژێر قەرزەوە بەهۆی تێچوەکانی چارەسەرەوە.
هەزاران کەس (لویجی)یان کردە سمبولی “پاڵەوان”ی خۆیان و یەکسەرە ئەکاونتەکانی لە سۆشیال میدیا لە (٢٠٠٠) هەزارەوە بەرزبوەوە بۆ سەدان هەزار و وێنەکانی لەسەر تی شێرت (T-shirt) و کڵاو دیزاینکران. هەندێک وەک ( ڕۆبن هودی-Robin Hood)ی هەژاران پێناسەیان بۆ کرد. لێکۆڵینەوە و جەدەلی توندوتیژ بەرپابوو لەسەر سیستەمی تەندروستی و قازانجی کۆمپانیاکانی بیمەی تەندروستی و لەسەر ئەخلاقی تەندروستی و ڕۆڵی دەوڵەت و کەرتی تایبەتی تەندروستی.
بە سەدان کەس چیرۆکی تراژیدی خۆیان دەگێڕایەوە کە چۆن بەهۆکاری ئەوەی کە کۆمپانیایەکە ئامادە نەبووە پارەی پێویست بۆ نەخۆشەکەیان تەرخان بکات، ناچار بوون پەڕەکانی ژیانیان بدەنە بەر بای مەرگ تا بەئازارەوە هەڵیانوەرێنێت!
هەندێ کەس باس لە هەڵبژاردنی جێگاکە (نیۆیۆرک وەک سەنتەری کاپیتالیستی)، و (برایان) وەک سەرمایەدارێکی چاوچنۆک و (لویجی) وەک قارەمانی کلاسیکی خەباتکاری چینایەتی، دەکەن.
سەرنجڕاکێشە کاتێک (ئەنتۆنی زینکوس-Anthony Zenkus) پرۆفیسۆری کاری کۆمەڵایەتی لە زانکۆی (کۆلمبیا) لەشاری (نیۆیۆرک) دەنوسێت: ئەمڕۆ ئێمە بەهۆی گولـلەبارانکردنی (برایان تۆمپسن)، بەڕێوەبەری (یونایتد هێڵث) خەمبارین، نەخێر، بوەستن، ئێمە خەمبارین بەهۆی ئەوەی هەموو ساڵێک دەبێت شێست و هەشت (٦٨) هەزار کەس لە ئەمەریکا بە خۆڕایی بمرن، تا بەرێوەبەرەکانی بیمە، وەک (برایان تۆمپسن)، ببنە مڵتی ملیۆنێر!
کردەی کوژرانی (برایان)، قوڵترین کێشەی کۆمەڵگای سەرمایەداری ڕووبەڕومان کردەوە. هەمومان نەخۆش دەکەوین و دەبینە مەتریاڵی ئیشکردنی سەرمایەگوزاری، سیستەمی تەندروستی یەکێک لە پڕدەستکەوترین کەرتی سەرمایەگوزاریـیە لە بازاڕدا. پیشەسازی تەندروستی، پرسێکی جەوهەری کۆمەڵایەتی و چیانیەتیـیە.
ڕاستە (لویجی مانجیۆنێ-Luigi Mangione)، چاوی کۆمەڵگای کردەوە لەسەر کێشەیەکی گەورەی چینایەتی، بەڵام کۆمپانیاکان لەبری گۆڕینی سیاسەتەکانیان، پاسەوانی شەخسی (بۆدی گارد-Bodyguard)یان بۆ دەستەی بەڕێوەبەرایەتیەکانیان پێکهێنا بۆ خۆپاراستنیان. ئەوەی زۆر گرنگە لەم کردەوەیەدا ئەزمونی لێوەربگیرێت، خۆپیشاندانە بەڕووی دەوڵەتدا بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی تەندروستیدا، ئەویش دابینکردنی تەواوی پێداویستیـیەکانە بۆ هەموو کەس و بەخۆڕایی و یەکسان، بەدەر لەهەر پێگەیەکی کۆمەڵایەتی.
کەرتی تەندروستی نابێت ببێتە مەیدانی بازاڕی سەرمایە و سەرمایەدار و کۆمپانیا خوێنمژەکان، تا مامەڵە بە مەرگ و ژیانمانەوە بکەن. لە کوردستان و عێراقیش کەرتی تەندروستی، بازاڕێکی بێ کۆنترۆڵی پسپۆڕی و داتەپیوە.
کلاسیکترین کێشە، بەکلاسیکترین شێواز، لە کۆمەڵگای کلاسیکی سەرمایەداری ئەمەریکیدا مێژوی هێنایەوە یادمان!
کۆتایی دیسەمبەری ٢٠٢٤
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
