بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

لە ڕۆژی سێ شەمەی ڕابردووەوە (٢٨ -١-٢٠٢٥) کۆمەڵێک لە ماموستایان و کارمەندانی ژن و پیاوی ناڕازی لە شاری سلێمانی دەستیانکردووە بە مانگرتن لە خواردن، و ژمارەیان (١٣) هاوڵاتیـیە، و لە خێمەیەکدا لەبەردەم ئۆفێسی نەتەوە یەکگرتووەکان (یو ئێن)ی ئەو شارە درێژە بە مانگرتنەکەیان دەدەن.
هۆکاری ڕاستەوخۆی ئەم مانگرتنە ناڕەزایەتی دەربڕینیانە لە بەرامبەر نەدانی مووچەی مانگی (دیسیمبەری٢٠٢٤)ی مامۆستایان و کارمەندان و کرێکاران و خانەنشینان و خاوەن پێداویستیـیە تایبەتەکان، و پێداگریـیانە لە سەر داواکاریـیەکانی تریان لەوانە گێڕانەوەی مووچەخوراوەکانی سەرجەم مووچەخۆران و جێبەجیکردنی پلەبەرزکردنەوەی پیشەیی، پێدانی مووچە لە ڕێگەی تەوتین (توطین) لە بانکە ناوەندیـیەکانی حکومەتی فیدراڵیـیەوە.
نەدانی مووچە و دواخستنی، وە یا پێدانی نیوەمووچە بە کارمەندانی کەرتی خزمەتگوزاریـیەکانی حکومەت، هەردەم کێشەیەکی گەورەی مووچەخۆران بووە لە هەرێمی کوردستان، و بۆ ماوەی زیاتر لە (١٠) ساڵە بەردەوامە. هەتا ئیستا، (١٦) مووچەی مانگانە نەدراوە و (٤٥) مووچەش نیوەبڕ یان چارەکەبڕ کراوە. ئەمەش بارێکی سەختی ئابووری هەمەلایەنە و درێژخایانی خوڵقاندووە نەک هەر بۆ مووچەخۆران، بەڵکو بۆ کرێکاران و بەشێکی زۆری توێژە کۆمەڵایەتیـیە کەم دەرامەتەکان کە ڕاستەوخۆ کاریگەری داناوە لەسەر ئاستی بژێویان.
لە بەرامبەر ئەم بەهەژارکردنەدا و لە فەزای بێزاری و توڕەیی جەماوەر لە دەسەڵاتی بورژوا ناسیۆنالیستی کورد و حزب و هێزە چەکدارەکانی، و گەندەڵیـیان و سەرکوتگەریـیان و بێباکیـیان لە بەرامبەر ویست و خواستەکانی هاوڵاتیانی هەرێم، کە بۆ چەندین ساڵە پەنگ دەخواتەوە و زۆر جار بوەتە رووبەڕووبونەی خۆیناویش، هەر مانگرتن و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانێکی مووچەخۆران لەبەرامبەر ئەم بارودۆخە ناهەموارەدا، هەمیشە، کەم تا زۆر، بووەتە جێگەی پشتیوانی زۆربەی جەماوەری کوردستان. لە بەرامبەر ئەم مانگرتنەی ئیستاشدا هەمان پشتیوانی بەشیوەیەکی فروان و بە شیوازی جۆراوجۆر خۆی نمایش کردووە و تەنانەت رێپێوانی پشتیوانی لە بەشیک لە شار و شارۆچکەکانی پاریزگای سلێمانی بەڕێخراوە.
هەتا ئیستا و بە بوونی سەرکوت و توقاندن کە سیاسەت و پڕاکتیکی فەرمی حکومەتی هەرێمە لە زۆنی (زەردی) ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی)، جەماوەری ناڕازی لەم ناوچەیەدا نەیتوانیوە بزووتنەوەی نارازایەتی بەهێز دروست بکات، هەرچەندە کە هەمان بارگرانی و نەبوونیـیان بە سەردا سەپاوە. ئەمەش بزووتنەوەکەی لاواز کردووە و تا ئیستا ناڕەزایەتیـیەکانی بە دژی مووچەنەدان ئەم ڕێگریەی تێنەپەڕاندووە، و هێزەکانی دەسەڵات لە ناوچەی (سەوزی) ژیر دەسەڵاتی یەکیتی نیشتمانی کوردستان (یەکێتی)یش درێغیـیان نەکردووە لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیـیەکان و گرتنی چالاکەوانان و هەردەم سوودیان لە بارودۆخی سەرکوتگەری دڕندانەی (ناوچەی زەرد) وەرگرتووە، چونکە بە سادەیی نایانەوێت گڕی بزووتنەوە نارازیتیـیەکان کڵپە بکات و ڕووبەڕووی ئەمانیش ببێتەوە بە تین و تەوژمێکی گەورەوە. هەموو ئەمانە وایکردووە کە کێشەی مووچەنەدان و یاریکردن بە ژیان و گوزەرانی دانیشتووانەوە ببێتە نۆرم و جەماوەر بە دەستیەوە بەردەوام ئازر بکێشێت.
دیارە ئەم یاریکردنە بە ژیان و بژێوی مووچەخۆران، بەرهەمی پارسەنگی هێزی چینایەتی ناو کۆمەڵگەی کوردستانە لە بەرژەوەندی دەسەڵات و حزبەکانی و تەنانەت لە بەرژەوەندی هەموو ئەو حزب و ڕێکخراوە بورژا ناسیۆنالیست و ئیسلامی و نیولیبراڵانەش کە بە ناوی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیـیەوە خۆیان وەک دۆستەکانی خەڵک نیشان دەدەن.
دەنگی سەربەخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشان و مامۆستایان و موچەخۆران بەگشتی هەتا ئیستا بەپلەی سەرەکی خۆی بەرجەستەکردۆتەوە لە خۆپیشاندانەکان و ڕاپەڕینەکان و مانگرتنەکانی سەر کار، و لە چالاکی گروپ و دەستە چالاکەوانەکانیان لە ناوەندی کار و لە گەڕەکەکاندا و لەسەر شەقامەکان، بەڵام لەم بوارەشدا هەم حزبەکانی دەسەڵات و هەم حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدابوون کە ڕیزی سەربەخۆی چینایەتی ئینسانی زەحمەتکێشی کوردستان شکڵ نەگرێ، و بێبەش بن لە هێزی ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیان، و ڕیزەکانیان پەرژوبڵاو و دابەشکراو بێت لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی و جیاکاری جنسی و ناوچەگەریەتی و خێڵەکی تا نەهێڵن یەکێتی چینایەتیـیان بەهێز ببێت و بەرەوپێش بچێت.
هەر چین و تۆێژ و بزووتنەوە و ڕەوتێک، شیوازێکی چینایەتی و کۆمەڵایەتی تایبەت بە خۆی هەیە لە بواری هەوڵ و تیکۆشانەکانیدا. چینی کریکار و تۆیژە کۆمەڵایەتیـیە زەحمتکێش و ستەملێکراوەکان و ڕیزی بەرینی جەماوەری مووچەخۆری کوردستانیش شیوازی ناڕەزایەتی دەربرینی تایبەت بە خۆی هەبووە لە خۆپێشاندان و بایکۆت و فشاردانانی یاسایی لەسەر دەسەڵات.
لەگەڵ ئەوەشدا کە مانگرتن لە خواردن نە ئەزموونی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتیـیە بووە و نە دەشتوانی هەڵقوڵاوی دەروونی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێزی وەک ناڕەزایەتیـیەکانی هەرێم بێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نیـیە کە بەرگری لە ماف و داواکاریـیەکانی مانگرتووان بۆ ئەنجامدانی داواکاریەکانیان نەکرێت، بە پێچەوانەوە سەلامەتی گیانی مانگرتووان و باری تەندروستیان، و پشتیوانی پەیگیرانە لە ناڕەزایەتی و داواکاریـیەکانیان ئەرکێکی گرنگ و هەرئێستایی هەر کۆمۆنیست و کەس و لایەنێکی ئینساندۆست و ئازادیخوازە.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق پیگیرانە خەبات دەکات شانبەشانی ڕیزی بەرینی کرێکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشیانان و هەموو موچەخۆران بۆ بەدیهێنانی داواکاریـیەکانیان و بۆ هەرچی زیاتر یەکخستنی ڕیزەکانیان لەسەر بنەمای بەرژەوندی سەربەخۆی چینایەتیـیان لە ناوەندکانی کار و ژیانیاندا و لە سەر ئاستی کۆمەڵگە.
ئێمە لە هەمانکاتدا کە بانگەوازی هاوکاری پەیگیرانەی سەرجەم کریکاران و کارمەندانی عیراق دەکین بۆ بەرەو پێشبردنی خەباتی یەکگرتوویان و ئەنجامدانی هاوپشتی چینایەتییان، و بەرگریاین لە داوکاریەکانی مانگرتوانی سلێمانی، بەرپرسیاریەتی ئەو باردۆخە ناهەموار و هەژارەیەی بەسەر موچەخۆرانی هەرێمدا هێنراوە، دەخەینە ئەستۆی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ.
٤ شوباتی ٢٠٢٥
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
