بە بۆنەی ٨ی مارسەوە

هەشتی مارسی ئەمساڵ لە کاتێکدا بەرەوڕوومان دێت، کە ژنانی عێراق بە وەرچەرخانێکی مێژوویی مەترسیدار بۆ سەر ماف و ئازادییەکانیان و تەحەدایەکی چارەنووسسازدا تێدەپەڕن، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسلامی سیاسی و مەزهەبگەرا و هێزە ناسیۆنالیستەکان یەکیانگرت بۆ تێپەڕاندنی ئەم هەموارکردنە کۆنەپەرستانەیەی یاسای باری کەسێتی (١٨٨)، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی پەرلەمان لە (٢١)ی کانوونی دووەمی (٢٠٢٥)، کە خۆی تاوانێکە بەرامبەر بە ژنان و منداڵانی عێراق و لوتکەی سیاسەتی کۆنەپەرستانەی دەسەڵاتی میلیشیا و سیستەمی سیاسیـیە دوای ساڵی (٢٠٠٣).
حزبەکانی ئیسلامی سیاسیی دەسەڵاتدار هێرشێکی توندوتیژ و دڕندانەیان وەڕێخست بۆ تێپەڕاندنی ئەم هەموارکردنەوەیە، سەرەڕای دژایەتییەکی بەربڵاوی ژنان، چالاکوانان، کۆمۆنیستەکان، ڕزگاریخوازان و کۆمەڵێکی بەرفراوان لە داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان، چ وەک فەرد و چ وەک ڕێکخراو و حزب و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پارێزەرانی ژن و پیاو دژ بەم هەموارکردنەوەیە.
لەوەتەی ئیسلامی سیاسی دەسەڵاتی گرتۆتە دەست و لەسەر تەختی فەرمانڕەوایەتیـیە لەعێراق، پێگەی ژنان لە پاشەکشەدایە، و ماف و ئازادییەکانیان لە بوارە جیاجیاکانی ژیان لێدەسەندرێتەوە، وە قەیرانی کۆمەڵایەتیش تا دێت چڕتر و بەرفراوانتر دەبێتەوە، کە سەرجەمیان بوونەتە هۆی زیاد بوونی توندوتیژی و کوشتنی ژنان و فرەژنی و هاوسەرگیری کچانی کەم تەمەن و حاڵەتەکانی هەراسانکردن و دەستدرێژی سێکسی و بازرگانیکردن بە ژنان و هاوسەرگیریی کاتی “موتعە”، وە زیادبوونی شێوەکانی دیکەی چەوساندنەوەی کچانی گەنج و منداڵان. تێپەڕاندنی ئەم هەموارکردنەوە کۆنەپەرستانەیەی یاساکەش دەبێتە هۆی سەپاندنی کارەساتی زیاتر بەسەر ژناندا، تەنانەت دەرگاش دەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی تاوانی هاوسەرگیری منداڵانی کچ لە تەمەنی (٩) ساڵییەوە، بەپێی فیقهی مەزهەبی.
ئەم هێرشە بۆ سەر ژنان و منداڵان تەواوکەری سیاسەتەکانی هێزە بۆرژوا ئیسلامی و قەومی و میلیشیا گەندەڵەکانە کە وڵات بەڕێوە دەبەن و قۆرخی سەروەت و سامانەکەی دەکەن و بە تاڵانی دەبەن و بەپێی پشکپشکێنە دابەشی دەکەن، ئەم هێزانە پارێزەری سەرمایەدارین و سیاسەتی ئابووری نیولیبرالی پیادە دەکەن بۆ بەهێزکردنی کۆڵەگەکانی و بەرفراوانکردنی، بەپێی ستراتیژ و سیاسەتی بۆرژوا ئیمپریالیستی جیهانی و دامەزراوەکانی.
زۆربەی ژنان لەم بارودۆخەدا لە نەهامەتی ئابووری و بێکاری و پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی و نەبوونی دەرفەتی خوێندندا ژیان بەسەر دەبەن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە جەماوەریش دەیان ساڵە و تا ئێستاش دەناڵێنن بەدەست خراپبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی تەندروستی، پەروەردە، ئاو، کارەبا و ئەوانی دیکەوە، کە کاردانەوەیەکی خراپیان لەسەر ژیان و خۆشگوزەرانی ژنان بەجێهێشتووە.
لە هەرێمی کوردستانیش، قەیرانی بێکاری و دزینی بەردەوامی مووچە، نەهامەتیـیەکانی جەماوەری ئەو هەرێمەی زیادکردووە و کردوونی بە بارمتەی دەستی حکوومەتی هەرێم و ناوەند، کە یاری بە بژێوی ژیان و ئایندەیان دەکەن، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر سەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایان و کرێکاران بەتایبەتییش لەسەر ژنان.
لەگەڵ تێکچڕژانی قەیرانی سەرمایەداری و توندوتیژبوونەوەی جەمسەرگیریی چینایەتی لە ئەنجامی سەروەریی سەرمایە و بزووتنەوەکەی، وە لەگەڵ چڕبوونەوەی ململانێ جیۆپۆلەتیکیەکان و هەڵکشانی بزووتنەوە نوێیە فاشیست و ڕەگەزپەرستەکان لە ئەمریکا، تا گەیشتنی ترەمپ بە دەسەڵات، کە هاوکاتی گەشەکردنی بزووتنەوە ناسیۆنالیستە بۆرژوا ڕەگەزپەرست و فاشیستە نوێـیەکانە لە ئەوروپا و ئەمریکای باشووردا، ئیتر ڕەوتە ئیسلامی و قەومیـیەکانی فەرمانڕەوا لە عێراق سوود وەردەگرن لەم کەشوهەوایە لە شەپۆلێکی کۆنەپەرستانەی جیهانی، بۆ ئەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر ژنان توندتر بکەن و ماف و ئازادیـیەکانیان لە عێراق بخنکێنن.
بۆیە خەباتی ژنان لە عیراق لە دژی ئەو سەرکوت و چەوساندنەوەیەی بەرامبەریان دەکرێت، هەروەها خەباتی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان بەتێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاساکە ڕووبەڕووی ڕێگری و ئاستەنگیـیەکی زۆر دەبنەوە.
لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا، سیاسەتی شۆڕشگێڕانەی دروست کە بتوانێت خزمەت بە خەبات و بەرگری ژنان بە گشتی، و خزمەت بە ئامانجەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان و کۆمۆنیستی بکات، بریـتـیـیە لە ڕیشەداکوتاندنی خەباتی ژنان و ڕێکخستنی ئەو خەباتە لە ئاستێکی کۆمەڵایەتی بەرفراواندا، لە هەموو کوچەوکۆڵان و شوێنی کار و گەڕەکەکان، و هەوڵدان بۆ گەشە پێ کردنی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەتوانای ژنان لە دڵی کۆمەڵگادا، کە چستوچالاک و گرێدراوبێت لە ڕیشەوە بە داخوازییەکانی ژنان و لاوانی کچ.
ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەڵواسینی هیوا و ئاواتەکان بە پەرلەمان و چاکسازییە نیوەناچڵەکان، بووەتە خەباتێک کە بەئەندازەی کافی بەرهەمدار نەبێت، ئەم هێرشە دڕندانەی بۆرژوازی پاڵ بە مارکسیستەکان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنانی سۆسیالیستییەوە دەنێت تا سیاسەت و ستراتیژێک بگرنەبەر کە پشت ببەستێت بە ڕێکخستن و پەرەپێدانی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانەی ژنان لەسەر بنەمای خەباتی ژنانی ستەملێکراو بەتایبەت کچانی گەنجی کرێکار، کە جێگەوڕێگە و پێگەیان لە سەرجەم ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووری لە عێراقدا بەردەوام لە زیادبووندایە، و تادێت زیاتر پەیوەست دەبن بە کولتووری شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستی خەباتی پرۆلیتاریای جیهانی لە بەرامبەر ئەم شەپۆلە کۆنەپەرستانەی بورژوازی، لە ڕێگەی دەستوپەنجە نەرمکردن لەگەڵ داینامیکیـیەکانی ژیانی هاوچەرخ.
هەروەها پەرەسەندنی بارودۆخی نوێ و توندکردنەوەی سەرکوت لەسەر ئەم توێژە گەنجەی کرێکارانی کچ، بە بەردەوامی پاڵیان پێوە دەنێت بەرەو بەدەستهێنانی هۆشیاری شۆڕشگێڕانە و هوشیاری ڕزگاریخوازانەی ژنان، دوور لە پەرلەمانتاریزم و کۆتای ژنان و چالاکی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، و دوور لە وەدووکەوتنی ڕەوتە سیاسی و فکرییە نێرسالارییە بۆرژوازیـیەکان، کە لە ژینگەیەکدا سیاسەت دەکەن کە لە سەرووی کۆمەڵگاوەیە و تەنیا پەیوەندی بە سیاسەتی بۆرژوازی و ئاسۆ و شێوازی کارەکەیەوە هەیە.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) ئەم ڕێبازە و ئەو سیاسەت و ستراتیژە شۆڕشگێڕانە و ڕزگاریخوازانە و کۆمۆنیستانەیە دەگرێتەبەر بۆ پتەوکردنی بزووتنەوەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتی ڕزگاریخوازانەی ژنان، و هەوڵدەدات بیکات بە ئاسۆی سیاسی زاڵ لەناو خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی.
لە هەمانکاتیشدا خەباتیش دەکات شانبەشانی ژنان و کچانی چالاکوان و تێکۆشەر و هەوڵەکانیان بۆ بەهێزکردنی خەبات و بەرگری تاکەکەسی ژنان لەدژی ستەم و چەوساندنەوە و لە پێناو بەدیهێنانی ئەو چاکسازی و خزمەتگوزاریانەی کە سەختی و نەهامەتییەکانی ژنان کەم دەکاتەوە.
با لە (٨)ی مارسدا خەباتمان یەکبخەین:
- بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی (١٨٨).
- بۆ دەرکردنی یاسایەکی نوێ کە ڕزگاری ژنان مسۆگەر بکات و ماف و ئازادی و یەکسانییان دابین بکات.
- بۆ پەرەپێدانی خەبات و بەرگری جەماوەری ژنان لە دژی ستەم و هەڵاواردن و توندوتیژی، و بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوەی سیاسی شۆڕشگێڕانەیان.
- بۆ پەرەپێدانی خەباتی ئابووری یەکگرتوو و ڕێکخراوی ژنانی کرێکار بۆ گەیشتن بە داخوازیـیە دەستبەجێکانیان.
- بۆ ڕزگارکردنی ژنان لە هەموو کۆتوبەند و نەریتێکی دواکەوتوو کە مافی ژیانیان لێ زەوت دەکات، و ئازادی و هەڵبژاردنی کەسی و چالاکیـیە کۆمەڵایەتیـیەکانیان سنووردار دەکاتەوە.
- بۆ ڕاگرتنی هێرشی دەسەڵاتداران بۆ سەر ئەو ڕێکخراوانەی ژنان کە بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی ژنان دەکەن.
(ڕێکخراوی بەیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) پیرۆزبایی لە ژنانی عێراق و جیهان دەکات بەبۆنەی هەشتی مارسەوە، وە پیرۆزبایی لە ژنانی کرێکار و چەوساوەی وڵاتیش دەکات کە هەڵگری ڕەگەزنامەی جۆراوجۆرن، وە لەپێناو ئازادی و هێنانەدی یەکسانی ژناندا، لێبڕاوانە خەبات دەکات.
بژی (٨)ی مارس، ڕۆژی جیهانی خەباتی ژنان
بژی کۆمۆنیزم
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق
٦ی ئازاری ٢٠٢٥
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
