
دوانزەی شەوی ڕابردوو (٢٤/٦/٢٠٢٥) چەند هەڵسوڕاوێکی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەستگیرکران لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی یەکێتیـیەوە لە شاری سلێمانی، ئەمەش پاش ئەوەی کە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بڕیاریاندا لەسەر کۆبوونەوەیەکی جەماوەری، سەبارەت بە دواکەوتن و پێنەدانی مووچە، کە لەبەردەم (پەروەردەی ڕۆژئاوا) ڕۆژی پێنج شەمە (٢٦/٦/٢٠٢٥) کاتژمێر (١٠)ی سەرلەبەیانی بەڕێوەبچێت. وە هەروەها، پاش ئەوەی دواتر هەمان ئەم هەڵسوڕاوانە سووربوون و دوپاتکردنەوەی خۆیان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە ڕاگەیاند لە کۆنگریەکی ڕۆژنامەوانی تردا.
هەر لەم ڕاستایەدا هێزەکانی دەسەڵات بە بیانوی هەستیاری دۆخەکەوە ڕایان گەیاندووە کە بوارنادەن بە ئەنجامدانی هەر ناڕەزایەتیـیەکی جەماوەری. ئەم سەرکوتگەریـیە لە کاتێکدایە کە تەواویی موچەخۆران و خەڵکی کوردستان برسی و بێماف کراون و ژیانیان لە تەنگەژەدایە بە هۆی نەدانی موچە و گەندەڵی و بێکاریـیەوە. سەرکوتی هەر ناڕەزایەتیـیەک بۆتە پیشەی دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردستان و ڕێگریـیەکی گەورەی بەردەم خۆشگوزەرانی جەماوەری ئەم هەرێمە.
ئێمە لە (کۆمێتەی سلێمانی / ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق)، بەتوندی سەرکۆنەی ئەم سەرکوت و پێشێلکاریـیەدەکەین، و بەوپەڕی پەیگیریـیەوە پشتیوانی دەکەین لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری هەرێمی کوردستان بۆ بەدستهێنانی ماف و خواستە ڕەواکانیان.
هەروەها دەبێت دەستبەجێ هەڵسوڕاوانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی دەستگیرکراو ئازاد بکرێن، وە بەرپرسیاریەتی سەلامەتی و شکۆیان لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی یەکێتی و حکومەتی هەرێمدایە.
کۆمیتەی سلێمانی
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق
٢٥/٦/٢٠٢٥
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
