کۆبەری ڕاپەڕیوانی شۆڕشگێڕ
کاتێک وشەی “جینۆساید” دەوترێت، وشەیەکی زۆر بە ئازارە. بە واتای “کوشتن، دەستدرێژی کردنەسەر، ئاوارەکردن، بێ ماڵوحاڵ کردن، کۆیلەکردن، کۆچی زۆرەملێ” دێت؛ مانای تەواوی جینۆساید، واتا “نەهێشتنی” کۆمەڵە مرۆڤێکی دیاریکراو.
ژمارەی ئەو جینۆسایدانەی کە گروپە مرۆیـیەکان تووشی بوون زۆرن. مێژوو جینۆسایدکردنی خەڵکی ڕەسەنی کیشوەری ئەمریکامان بیردەخاتەوە لە لایەن داگیرکەرانی ئەوروپـیـیەوە، کە هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن زیاتر لە سی (٣٠) ملیۆن کەسیان کوشتووە لە دانیشتوانی ئەسڵی، ئەمە جگە لەوانەی کە کردوویانن بە کۆیلە. هەروەها جینۆسایدکردنی جولەکەکان لە لایەن نازیـیەکانەوە، ئەوەی پێی دەوترێت “هۆلۆکۆست”؛ وە جینۆسایدی ئیمپڕاتۆڕیەتی عوسمانی بۆ ئەرمەنیـیەکان کە زیاتر لە ملیۆنێک کەس تێیدا کوژران، وە لە ئێستاشدا جینۆسایدی موسڵمانانی ڕۆهینگا لە میانمار، و ئەو کۆمەڵکوژیـیە تەواوەی کە ئێستا لە غەززە ڕوودەدات، کە دوو ملیۆن کەس لەبەردەم چاو و گوێی جیهاندا بە تەواوی لەناو دەبرێن.
لە عێراقیشدا مێژوو ئەو ڕووداوانەمان بیردەخاتەوە کە دەتوانین پـێـیان بڵـێـین جینۆساید. وەک کۆمەڵکوژیی (سیمێل)ی ساڵی (١٩٣٣) کە هەزاران ئاشووری تێـیدا کوژران، ((زیاتر لە سێ هەزار کەس کوژران و ٦٣ گوندی ئاشووری وێرانکران و ڕاگوێزران”. هەروەها ئۆپراسیۆنەکانی بەناو “ئەنفال” کە زیاتر لە (١٨٠) هەزار کەس تێـیدا بێـسەروشوێن کران، لەگەڵ کیمیا بارانی شاری هەڵەبجە و چەند شارێکی تر.
کۆمەڵکوژیـیەکان لە عێراق نەوەستان. دوای ئەوەی ئەمریکا داگیریکرد هێزە توندڕەوە ئیسلامی و ناسیۆنالیستیـیەکانی کردە فەرمانڕەوا، ئەمەش گرژیی و ئاڵۆزی تائیفی و مەزهەبی و نەتەوەیی زیاتر کرد و ململانێ و کێشمەکێشەکان زیاتر فۆرمی خوێناویان بەخۆوەبینیی، بەتایبەتی لەکاتی شەڕی ناوخۆیی (٢٠٠٥-٢٠٠٦) کە بەڵا و کارەساتی بەسەر خەڵکیدا هێنا. ڕێکخراوە چەکدارەکان (میلیشیاکان) کە لە لایەن وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیـیەوە پڕچەک و ئامادەکرا بوون ئەم ململانێ خوێناوی و کوشندەیان وەڕێخست، کە بە ناچاری ڕێگەی بۆ کۆمەڵکوژی تائیفی و مەزهەبی خۆش کرد، لەوانەش جینۆسایدی ئێزیدیـیەکان.
دەوڵەتی چەتەگەری ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیستە شۆڤێنیەکان ڕێگەی ئاواڵاکردۆتەوە بۆ: کوشتن، تاڵانکردن، گەندەڵی، مادەی هۆشبەر، بازرگانیکردن بە ژنان، ئاوارەکردن و وێرانکردن. لە سەردەمی ئەواندا وڵات کراوە بە وێرانەیەکی تەواو.
هەندێک لە شارەکان بەتەواوی چۆڵکراون و خەڵکەکەیان لە کەمپەکاندا نیشتەجێکراون و هەندێ شاری دیکەش بوون بە بیابان و زەویەکی وشکوبرینگی بێ بەرهەم، بەڵام ئەو شتەی کە زۆرترین سەرنجی خەڵکی ڕاکێشاوە، ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”ە کە زلهێزە جیهانیـیەکان دروستیان کردووە.
لە یادەوەریماندا دیمەنی ئەو مرۆڤانە هەمیشە لەبەرچاومانن کە بۆ ڕزگارکردنی ڕووحی خۆیان هیچ کەلوپەلێکی گرانبەهایان بۆ دەرنەکرا. ئەو خەڵکانە لە هەموو تەمەنێکدا، منداڵ و بەساڵاچوو، کوڕ و کچ، ژن و پیاو تۆقیبوون و بۆ مانەوە لە ژیان هەڵدەهاتن لەترسی تیرۆر و دەستگیری و کوژران لەلایەن ڕێکخراوی (داعش)ەوە. ئەوان لە سێدارەدانی مەیدانی خزم و دوست و هاوەڵەکانیان بە چاوی خۆیان بینیوە.
ئێزیدییەکان زۆرترین بەشیان لەم میحنەت و کارەساتە بەرکەوتووە و دووجار بەدەستییەوە ناڵاندوویانە؛ لە شاخوداخ و بیابانەکاندا وێڵ و ون بوون و دەستدرێژی سێکسیش کراوەتە سەر ژنانیان و بە دیل گیراون و لە بازاڕەکاندا وەک کۆیلە فرۆشراون. منداڵەکانیشیان بە بارمتە گیراون. پیاوانیشیان یا لە سێدارە دراون یان ناچار کراون موسڵمان بن. بەمانای تەواوی وشە ئەمە جینۆساید بوو. ئەم تاوانە بەبەر چاوی جیهانەوە لە ئارادابوو کەچی کارێکیش نەکرا بۆ بەرپێگرتنی. چوونکە سیناریۆیەک بوو کە بە وردی لەلایەن وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیـیەوە ئامادەکرابوو و کاتێکی دیاریکراوی هەبوو.
ئێستا (١١) ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تێپەڕیوە و هێشتا برینەکانی ساڕێژ نەبوون، ئەوەتا هێشتاش زیاتر لە (٢) هەزار ژنی ئێزیدی بێسەروشوێنن یا زیندانین.
مانەوەی هێزە قەومی و ئیسلامیـیە توندڕەوەکان لە دەسەڵاتدا، مانای بەردەوامی بوونی مەرگ و وێرانکاریـیە. ئەم هێزانە دەستناپارێزن لە کردنی هەر کارێک کە ئازار و چەرمەسەری خەڵک زیاتر بکات، ئازار و چەرمەسەریـیەک کە تا دێت زیاتر و خراپتریش دەبێت. ئەم هێزە کۆنەپەرست و دواکەوتووانە ملکەچ و نۆکەری ئەم دەوڵەت یان ئەو دەوڵەتی ترن، هەر بۆیەش خزمەتکار و گوێڕایەڵی جێبەجێکردنی هەموو ئەو سیناریۆیانەن کە ئەو دەوڵەتانە پێیان دیکتە دەکەن. ڕزگاری کۆمەڵگا، ڕزگاربوونە لەو هێزانە.
کۆبەری ڕاپەڕیوانی شۆڕشگێڕ وێڕای ئیدانەکردنی کردەوە تاوانکاریـیەکانی چەتەکانی (داعش) بە توندترین شێوە، لە هەمان کاتدا سەرلەنوێ داواکاری دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەو تاوانە قێزەونانە و دادگاییکردنی تاوانباران و سەپاندنی توندترین سزایە بەسەریاندا. لەلایەک پێویستە دەسەڵات بەدواداچوون بۆ پرسی ژنە ونبووەکان بکات و کاری جدی بکات بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو باوەشی خانەوادەکانیان.
٣-٨-٢٠٢٥
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
