نادر عبدالحمید
tweet
ڕوانینێکی سەرپێی بۆ بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی عێڕاق، وادەردەخات ئەم کۆمەڵگەیە پێکهاتەیەکی تێکەڵوپێکەڵی ناهەموار بێت لە چەندین میللەت و ئایین و تائیفە و کڵتوری جیاجیا کە خەریکن تیروشیر لە یەکتری دەسون، ئەمە وێڕای چەند قەوارەیەکی سیاسی و حزبی میلیشیایی گرێدراویش بە زلهێزەکانی جیهان و دەوڵەتانی ناوچەوە کە بەرژەوەندی دژ بەیەکیان هەیە لە گۆڕەپانی عێراقدا. ئەم قەوارە و حزبانە بەردەوامیش خەریکی کێشمەکێش و ئاژاوەن تا بتوانن دەستداگرن بەسەر زۆرترین بەش و پشکی حکومەتی ناوەندی بەغدا و حکومەتی هەرێم لە هەولێر بۆ تاڵانکردنی خەزێنەی دەوڵەت بە ملیارەها دۆلار و لەو پێناوەشدا خەریکی هەڵخڕاندنی جەماوەرێکی برسی و بێکار و بێ خزمەتگوزارین، و نەک هەر کێشیان دەکەن بۆ سەرەگرتن لەبەردەم سندوقەکانی دەنگدان بۆ سەرکەوتنی لیستی کاندیدەکانیان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانی و شارەوانیەکاندا (وێڕای تەزویر و تەلەکەبازیەکانی ئەو شانۆسازیە) بەڵکو پرچەکیشیان دەکەن تا بەناوی ئایین و نەتەوە و تائیفەکەیانەوە بە گژیەکتریاندا بکەنەوە و یەکتری قەتڵوعام بکەن تا ئەوان پشکی شێر بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.
وا پێدەچێت ئەم پێکهاتە تێکەڵوپێکەڵە ئاڵۆز و تڕاژیدیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی عێڕاق ئەستەم بێت لە مەنجەڵێکدا دانوەکانیان پێکەوە بکوڵێت و لەوسەرەوە کۆمەڵگەیەکی ئازادی لێبەرهەم بێت کە لەناوخۆیدا هاوئاهەنگ بێت و پێکەوەژیانی ئاشتیانە باڵ بکێشێت بەسەریا، بەتایبەتیش لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە (١٩٢١) بەهۆی مێژوویەک لە کێشمەکێش و شەڕ و چەوساندنەوەی نەتەوەیی و ئایینی و تائیفیەوە، دڵنیایی و متمانە بەیەکتری لە نێوانیاندا نەماوە.
سەرکوت و ملهوڕی دەوڵەت ئامڕازی سەرەکی بووە چ لە دەورانی مەلەکی و چ لە کاتی جمهوریەتە یەک لەدوای یەکەکاندا، کە ئەم هەموو ناکۆکیانەی پێکەوە شەتەک داوە و یەکیەتی وڵاتەکەی پاراستووە. هەر لە زیندان و شکەنجە و سێدارە و ڕاوەدوونانی ئازادیخوازان و ڕێکخراوەی ئۆپۆزیسیۆن بەتایبەت چەپ و کۆمۆنیستەکانەوە بیگرە لەلایەن دامودەزگاکای پۆلیسی نهێنیەوە تا ڕێگری لە پێکهێنانی سەندیکای پیشەیی و ڕێکخراوەی سەربەخۆ،… تا سەرکوت بە ئاگر و ئاسن و چەکی کیمیاوی لە لایەن سوپای عێڕاقەوە،… بەڵێ هەموو ئەم شکڵ و شێواز و ڕێکارە ئیستیبدادی و عەسکەرتاری و پۆلیسیە داپلۆسێنەرانە بوون کە توانیویانە بەدرێژایی (٩٨) ساڵی ڕابردوو یەکیەتی قەوارەیەک بپارێزن بەناوی دەوڵەتی عێڕاق و “گەلی عێڕاق”ەوە.
داڕمانی ئەم دامودەزگا سەرکوتگەرە لە ساڵی (٢٠٠٣)دا ئەو ڕاستیەی زۆر بەڕوونی نیشاندا، کە بە داڕوخانەکەی کۆمەڵگەی عێڕاق زۆرێک لە یەکگرتوویی و یەکیەتی خۆی لەدەستدا و “پێکهاتە” جۆراوجۆرەکانی کەوتنە گیانی یەکتری.
تڕاژیدیای حەساری ئابووری سەر خانەوادە زەحمەتکێشەکان لە نەوەتەکانی سەردەی بیست، هاوڕای کارەساتەکانی هەر سێ جەنگی؛ ئێران-عێڕاق و (کەنداوی یەکەم ١٩٩١) و (کەنداوی دووەم ٢٠٠٣) وە ئەو ئاکامە تاوانکاریانەی کە بەدوایاندا هات لە وێرانکردنی ژێرخانی کۆمەڵگە و لەوەش گرینگتر کاریگەری نەرێنیان بۆ سەر ئیرادەی جەماوەر لە ڕوخانی شۆڕشگێڕانەی دەسەڵات، ئەمانە هەمووی ئەو بنە تۆوە بوون کە لە ماوەی دوو دەیەدا (١٩٨٢-٢٠٠٣) چێندران و بوونە هۆی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی ڕەوتە ئایینی و تائیفی و قەومیەکان و گەشەی حزبی تا بینەقاقا کۆنەپەرست و ڕاستڕەوی ئەو ڕەوتانە.
کاتی ڕوخانی نیزامی مەلەکی و داڕمانی ئەم دامودەزگا سەرکوتگەرە لە ساڵی (١٩٥٨)دا، کارەساتێکی لەو جۆرە نەهاتە ئاراوە جگە لە خوێنڕێژی و دڕندایەتی و بەمانایەک فاشیەتی ڕەوتە قەومیەکان، بۆچی؟ چونکە ئەوەی لە باری کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە، لەساڵانی چلەکان و پەنجاکانی سەدەی بیستدا، واتا لە دوو دەیەی پێش ڕوخانی مەلەکیەتدا، شکڵی گرت (هاوڕای ئاڵوگۆڕە جیهانیەکان لە پتەوبونی بەرەی چەپ و پەرەسەندنی بزوتنەوە نیشتیمانیەکانی دژ بە ئیمپریالیزم) لە ڕیشەوە جیاواز بوو (نەک هەر لە ئاڵوگۆڕە جیهانیەکانی وەک ڕوخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات و باڵادەستی لیبرالیزمی نوێ) بەڵکو زۆر جیاواز بوو لەوەی کە لە دوو دەیەی پێش ڕوخانی “ڕژێمی بەعس” واتا لە هەشتاکان و نەوەتەکانی هەمان سەدەدا لە ناوخۆی عێڕاقدا شکڵی گرت، کە ئەمە خاڵی جەوهەریە ونهێنیەکەش لێرەدایە.
بە پێچەوانەی ڕوخانی ئیستیبدادی (بەعس) و سەردەرهێنانی بزوتنەوە و ڕەوتی کۆمەڵایەتی کۆنەپەرستی قەومی و دینی و تائیفی، ڕوخانی ڕژێمی مەلەکی و لاچونی سەرقاپی ئیستیبداد و هاتنەئارای فەزای ئاوەڵای سیاسی هەلی ڕەخساند بۆ هاتنەدەرەوەی چوار بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی مەزن لە ناوجەرگەی کۆمەڵگەی عێڕاقەوە، کە ئەویش بزوتنەوەی کرێکاری و بزوتنەوەی جوتیاری و بزوتنەوەی خوێندکاران و لاوانی ئازادیخواز و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان بوون، کە وەک لافاوێک سەرتاپای عێڕاق و کوردستانیان داپۆشی. وە بە پێچەوانەی یەکیەتیەکی بەزۆر سەپێندراو لە ڕێگەی سەرکوتی کۆنەپەرستانەوە، ئەو چوار بزوتنەوە شۆڕشگێڕەیە توانیان بۆ ماوەیەکی کورت لە نێوان ساڵەکانی (١٩٥٨ و ١٩٦٢)دا یەکیەتیەکی جەماوەری ئازادانە لە عێڕاقدا بهێننەدی کە پشتبەستوو بوو بە ئیرادەی شۆڕشگێڕانە، هەروەک چۆن ساڵی (١٩١٧) بزوتنەوەی شۆرایی کرێکاران و جوتیاران و سەربازان یەکیەتی جەماوەری هێنایەدی لە ڕوسیای قەیسەری کاتی داڕمانی ئەو ئیمپڕاتۆڕیەی دامەزرابوو لەسەر چەوساندنەوەی وەحشیانەی کرێکاران و جوتیاران و ناسراو بە زیندانی میللەتان و ئایینەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا (حزبی بەلشەفی) حزبێکی بچوک و کەم نفوز بوو لەناو ئەو بزوتنەوە شۆراییەی ڕوسیادا کە (مەنشەفی)ەکان و (سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکان) بەسەریا زاڵ بوون، بەڵام خاڵی بەهێزی ئەو بزوتنەوەیە بوو، توانی لە ڕێگەی ستراتیژی سۆشیالیستانە و تاکتیکە شۆڕشگێڕانە و ئیرادەی کۆمۆنیستیەوە، لە ماوەی کەمتر لە حەوت مانگدا هاوسەنگی تەرازوی ناو ئەو بزوتنەوەیە بگۆڕێت و ڕابەرایەتی بکات بەرەو سەرکەوتن و بەرپاکردنی شۆڕشی سۆشیالیستی کە جێگەی شانازی و سەربەزی چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکانە لە هەموو جیهاندا.
بەپێچەوانەی ڕوسیای (١٩١٧)ەوە (حزبی شیوعی عێڕاق) ئەو بزوتنەوانەی لە چاوەڕوانیدا ڕاگرت، بۆیە خاڵی لاوازی ئەو بزوتنەوانە بوو کە ئەویان کردبوو بە سمبولی سیاسی خۆیان و پاڵیان پێوەدەنا تا بەرەو پێش بڕوات و دەسەڵات بگرێتەدەست. ئەوەتا لە ڕێپێوانی جەماوەری ملیۆنیدا بە تایبەت لە بەغدای پایتەخت و لە یەکی ئایاری (١٩٥٩)دا پڕ بەدەمیان هاواریاندەکرد (حزبی شیوعی بۆ دەسەڵات خواستی مەزنمە “حزب الشیوعي للحكم مطلب عظيمي”). جا لەبری ئەوەی ئەو حزبە هاوپەیمانەتی کرێکاران و جوتیاران ڕابەرایەتی بکات بەرەو شۆڕشێکی بەردەوام و هەنگاونان بەبێ وەستان و دابڕان بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی سۆشیالیستی، بەڵێ لەبری ئەوە ئهم حیزبه دهستهپاچه دهمێنێتهوه و نازانێت ئهم جموجۆڵه مهزنه ئینسانیه بهرفراوانهی کرێکاران، جوتیاران، ئازادیخوازانی لاوان و ژنان چی لێبکات و بهرهو کوێی ببات!!! وە لە ڕاستیدا سیاسەتی ئەو حزبە لەو سەردەمەدا ڕاگرتنی ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیانە بوو لە چاوەڕوانی و بەکارهێنانیان بوو وەک قەڵغانێکی بەشەری بۆ پاراستنی حکومەتەکەی (قاسم) لە هەڕەشە و مەترسی ڕەوتە قەومیەکانی عەرەبی و پاڵپێوەنانی ئەم حکومەتە بۆ هەرچی نزیک بوونەوە لە (یەکیەتی سۆڤیەت) و هێنانەدی ڕیفۆڕمە نیشتیمانی و ئەرکە بورژوازیەکان بوو بۆ ئابووری سەرمایەداری ناوخۆ دژ بە هەژمونی ئیمپریالیزمی بریتانیا بەسەر عێڕاقدا، ئەمەش هەڵقوڵاوی ڕێبازی بورژوازی و سازشکارانەی ئەو حزبەیە بوو.
ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە بورژوازی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو بە هەموو ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانیە هەر لە ڕژێمی “قاسم”ەوە بیگرە تا “عارفیەکان” و “بەعسیەکان” هەڵدەستان بە سەرکوتی ئەو بزوتنەوانە و زیندانی کردن و ڕاوەدوونانی ڕابەران و چالاکوانان و ترۆر و پاکتاوکردنیان بەتایبەت ڕابەرانی شیوعی ئەو بزوتنەوانە لە هەموو ئاستەکاندا.
ئەم کۆمەڵکوژیەی کۆمۆنیستەکان خوار و ناوەڕاستی عێراقی تێپەڕاند و کوردستانیشی گرتەوە. هێرشی سەربازی بۆسەر کوردستان لە ئەیلولی (١٩٦١)دا لەسەر دەستی (قاسم) و لە حوزەیرانی (١٩٦٣)یشدا لەسەر دەستی (بەعسی و عارفی)ەکان بووە هۆی هێزگرتنی بزوتنەوەی نەتەوایەتی لە کوردستان و گردبوونەوەی هێزە عەشایەر و دەرەبەگە کۆنەپەرست و ڕاکردوەکان لە دەست ڕاپەڕینی جوتیاران بەدەوری (پارتی دیموکراتی کوردستان)دا، دوای ئەم هێزگرتنە ئەم حزبەش کەوتە ڕاوەدوونان و گرتن و شکەنجە و ترۆری چالاکوانان و سەرکوتی بزوتنەوەکانی کرێکاری و جوتیاری و خوێندکاریە ئازادیخوازەکان و ژنانی ڕزگاریخواز و هەڵپێچانی سەندیکای کرێکاران و جەمعیاتی جوتیاران و ڕێکخراوەی خوێندکاران ولاوان و ژنان. لێرەوە (پارتی) لە کوردستاندا دەستی باڵای پەیدا کرد بەسەر (حزبی شیوعی عێڕاق)دا.
بەم شێوەیە هەردوو ڕەوتی قەومی، لە بزوتنەوەی کوردایەتی و بزوتنەوەی ناسیونالیستی عەرەبی هەڵسان بە سەرکوتی بزوتنەوەی چینە زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵگە و تێکشکاندنی ڕێکخراوە جەماوەریەکانیان و پاکتاوکردنی چالاکوانیان و لێدانی گورزێکی کوشندەش لە (حزبی شیوعی عێڕاق) بۆ چاوترساندن و دامرکاندنەوەی ڕوحیەتی شۆڕشگێرانەی چینە زەحمەتکێشەکان لە کرێکار و جوتیار و خەڵکانی ئازدیخواز لە کوڕان و کچان. لەم ڕێگەوە ئەم دوو بزوتنەوە قەوم پەرستیە مەیدانیان تەخت کرد بۆ شەڕ و پێکدادانی قەومی لە عێڕاق و گەڕاندنەوەی زەبروزەنگ و سەرکوتی بورژوازی بۆ پاراستنی دووبارەی “یەکیەتی عێڕاق” ئەویش لەسەر لاشەی ئەو کۆمۆنیستانەی کە بوونە قوربانی ڕێبازی بورژوازیانەی حزبەکەیان.
تێکشاوی (حزبی شیوعی عێراق) لە بەرامبەر هەردوو ڕەوتی ناسیونالیستی عەرەبی و کوردیدا، نەك لەبەر ئەوە بوو کە ئەم حیزبە زیادەڕەوی لە “شۆڕشگێڕیەت” و “کۆمۆنیست” بووندا کردوە، بەڵكو دروست بە پێچەوانەوە، لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەوەی مێژوو وەك پێویستیەك هێنابوویە پێشەوە کە شۆڕشێکی کرێکاران و جوتیارانی بێ پسانەوە بوو بەرەو شۆڕشێکی سۆشیالیستی، وە لەو نێوەشدا مەسەلەی کورد چارەسەر دەکرا، لە ئاسۆی سیاسی و ڕێباز و بەرنامەی ئەو حزبەدا نەبوو. لەبری ئەوە سیاسەتەکەی ڕاوێژکاری حکومەتەکەی (قاسم) لە جمهوریەتی یەکەم (تەموزی ١٩٥٨ – شوباتی ١٩٦٣) و (ڕژێمی بەعس ١٩٧٣ – ١٩٧٩) و پارسەنگ ڕاگرتنی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی (یەکیەتی سۆڤیەت) بووە لە عێراق و ناوچەکەدا.
لە ئێستادا هەروەک زەمانی مەلەکی، هەرچەند بەشێوەیەکی هێواش، لە دەرونی کۆمەڵگەی عێڕاقدا پڕۆسەی شکڵگیری بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و لاوان و ژنانی ئازادیخواز بەڕێوەیە کە ئالوگۆڕێکی ڕۆشنبیری و سیاسیش هاوڕایەتی وەک ڕەنگدانەوەی ئاوات و ئارەزوە ڕزگاریخوازەکانیان، ئەمە جگە لە قەیرانی جیهانی سەرمایەداری و داخرانی ئاسۆی ژیانێکی باشتر لە ژێر سایەی ئەم سیستمە و دەسەڵاتی بورژوازی و بوون بە کابوسێکی واقعی “خەونی دیموکراتی ئەمریکی”یش.
خۆپێشاندان و گردبونەوە، مانگرتن و ناڕەزایەتیە بەردەوامەکانی هەر ڕۆژە لە سەراسەری عێڕاقدا هەر لە بەسڕەوە بیگرە تا بەغدا و تا سلێمانی دژ بە بێکاری و برسیەتی و نەبوونی خزمەتگوزاریەکان و گەندەڵی، هەروەها ڕوبەڕووبوەنەوەی ڕۆژانە دژی ملهوڕی میلیشیاکان و خنکاندنی ئازادی و دەستدرێژی ڕۆژانەیان بۆسەر مافە مەدەنیەکانی هاوڵاتیان،… هەموو ئەمانە ئەو ڕوناکیەی ناو تونێلێکی تاریکن کە ڕێگەی دەرچون نیشاندەدەن.
خێرایی شکڵگیری ئەم بزوتنەوانە و ئاستی توندوتۆڵی و خۆڕاگریان لەبەرامبەر کوتەکی دەسەڵات و فشاری هێز و باڵە جۆراوجۆرەکانی دژە شۆڕشی بورژوازی، هەروەها ئاستی بەهێزی ئەو بزوتنەوانە بۆ بەدەستهێنانی ڕیفۆڕم و داسەپاندنی پاشەکشە بەسەر دەسەڵاتدا، هەموو ئەمانە دەکەوێتەسەر کاری ماندوونەناسانەی کۆمۆنیستی لەناو ئەو بزوتنەوانەدا، واتا پشت دەبەستێت بە هەڵخراندنی ئەو بزوتنەوانە بە ئاسۆی سۆشیالیستی و تاکتیکی شۆڕشگێڕانە، ئەمە ئەو پێداویستیانەشن کە ڕێگەنادەن ئەزمونی (١٩٥٨-١٩٦٢)ی “مامۆستای سلبي” دوبارە ببێتەوە. وە ئەوە ئەو ڕێڕەوە واقعیەی هێنانەدی یەکیەتیەکی هاوئاهەنگی جەماوەریە لە عێڕاقدا کە دامەزراوە لەسەر ئیرادەی ئازادانە و بەرژەوەندی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و لاوان و ژنانی ئازادیخواز.
یەکیەتی بورژوازی لە باشترین حاڵەتی خۆیدا یەکیەتی “برا دوژمنەکان”ە، وەک ئەو نمونەی ئێستا لە زەخرەفەی فیدڕاڵی قەومی و دینیی و تائیفی داسەپاو بەسەر خەڵکی عێڕاقدا کە پێستی سوتاندون و ئێسکی تێکشکاندون. ئەو نمونە لە دیموکراتیەتی فیدڕاڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا کە لیبرالەکان بانگەوازی بۆ دەکەن هیچ بنەمایەکی نیە لە عێڕاقدا، چونکە نە دەوڵەت کە خەزێنەی تاڵان و بڕۆیە، وە نە سەرمایەدارانی کەرتی تایبەتیش ئەو توانایەیان هەیە کە شانبدەنە ژێر باری خەرجیەکانی خۆشبژێوی و ئاسودەیی خەڵكی زەحمەتکێشی عێڕاق و ئازادیەکانیان. بەرژەوەندی چینی سەرمایەدار و دەسەڵاتی بورژوازی لە عێڕاقدا لە توانایدا نیە بچێتە ژێرباری ئەو لیبرالیەتە سیاسیە و ئەو ژیانە ئاساییەی کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ئارادایە و پڕیشیەتی لە کەموکورتی.
جا بەدیلە واقعیەکان بۆ پاراستنی یەکیەتی عێڕاق یان فیدڕاڵیەتی “برا دوژمنەکان” و سەرکوتی ڕەوتە قەومی و دینیە کۆنەپەرستەکانە لەگەڵیا، یان یەکیەتی ئیرادەیەکی ئازادانە و شۆڕشگێڕانەی پشت بەستووە بە بەرژەوەندیە چینایەتیەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان.
بەواتایەکی تر ڕێگەی واقعی بۆ هێنانەدی یەکیەتیەکی هاوئاهەنگ و ئازادانەی جەماوەری عێڕاق ڕێگەی هەڵخڕاندن و ڕێکخستنی چینی کرێکار و بزوتنەوەی بەدەستهێنانی خواستەکان و ناڕەزایەتیەکان و هەروەها ڕێکخستن وهەڵخڕاندنی بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان و لاوانە بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی بۆ ئەنجامدانی شۆڕشی سۆشیالیستی. لێرەوە هەر کار و چالاکیەکی هەرچەندە بچوکی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری وەک ئەوەی کە هەڵسوڕاوانی (یەکیەتی شۆرا و سەندیکا کرێکاریەکان لە عێڕاق) و هەروەها هەڵسوڕاوانی بەرگریکار لە مافە پێشێلکراوەکانی ژنان لە چەشنی ئەوەی کە هەڵسوڕاوانی (ڕێکخراوی ئازادی ژن لە عێڕاق) پێیهەڵدەستن، هەموو ئەمانە دەڕژێنە ئەو کەناڵەوە.
هەربۆیە یەکیەتی چینی کرێکار بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی و داسەپاندنی دەسەڵاتی ئەو چینە بەسەر کۆمەڵگەدا ئەو شتەیە کە هێنانەدی یەکیەتیەکی ئازادانەی جەماوەری لە عێڕاق و پاراستنەکەشی مسۆگەر دەکات.
کۆتایی ئابی ٢٠١٩
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
