یەکشەمەی (٤/٨-٢٠١٩) سەعات پێنجی دوانیوەڕۆ (١٧:٠٠) لە ھۆڵێکی ئوتێل “داوا” لە
سەرچنار/سلێمانی، ۆڕک شۆپێک ڕێکخرا لەژێر ناونیشانی (دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بێکاری)، لەلایەن “ئەنجومەنی یەکبونی کۆمەڵایەتی لە سلێمانی” بۆ هەریەک لە (شۆڕش عومەر) لێپرسراوی لقی کەرکوکی (یەکێتی شورا و سەندیکا کرێکاریەکان لە عێراق) و (نەوزاد بابان) نوێنەری کوردستانی (یەکێتی شورا و سەندیکا کرێکاریەکان لە عێراق).
سەرە تا و لە بەشی یەکەمی ۆڕک شۆپەکەدا، (نەوزاد بابان) تیشکی خستەسەر ڕەوش و بارودۆخی ژیان و گوزەرانی کرێکاران لە کودردستان بەگشتی و لە سلێمانی بە تایبەتی کە لە باردۆخێکی ناھەمواردا دەژین چ لە کەرتی گشتی و چ لە کەرتی تایبەت و باسەکانی خۆی لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە چڕکردەوە:
- نادادپەروەری و نایەکسانی باڵێ کێشاوە بەسەر ناوەندەکانی کاردا، چ لە کەرتی تایبەت و
چ لە کەرتی گشتیدا کە برتین لە:
- نەبوونی بیمە کۆمەڵایەتیە کان (الضمانات الاجتماعیة).
- نەبوونی بیمەی تەندروستی.
- نەبوونی سنورێک بۆ سەعاتی کاری کرێکاران بەتایبەت لە کەرتی تایبەتی دا.
- نەبوونی پێداویستی و ڕێنماییەکانی سەلامەتی شوێنی کار(السلامة الصناعیة).
- جیاوازی و هەڵاواردنی ڕەگەزی نێوان ژن و پیاو.
- جیاوازی و هەڵاواردن لە موچەدا.
- ئەو ڕیکخراوانەی لەژێر ناوی “سەندیکای کرێکاری” وەیا “یەکیەتیە کرێکاریەکانی کوردستان”دا چالاکی دەنوێنن، هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لە ڕێگەی میکانیزمی بەرپرسیارەتیانەوە کۆنتڕۆڵیان کردون و بەکاریان دەهێنن وەک لەمپەرێک بۆ بەرگرتن بە خواستەکرێکاریەکان و ئازادی ڕێکخراوبوونی سەربەخۆی کرێکاران و لەباربردنی ناڕەزایەتیەکانیان.
- “خەسخەسە” واتا دەستبەرداربوونی دەوڵەت لە (کەرتی گشتی) بۆ (کەرتی تایبەت) دەستی خستۆتە قوڕگی موچەخۆران و کرێکاران، کە لە بوارەکانی تەندروستی و خوێندن و خزمەت گوزاریەکانی وەک ئاو، کارەبا و سوتەمەنی بارگرانیەکی زۆری بۆ دروست کردوون، لەگەڵ هەر نەخۆشیەکی ئەندامانی خێزان یا خوێندنی مناڵەکانیان و دابین کردنی پێداویستیەکانیان ناچارن قەرز وەرگرن. ئەمە جگە لە گرانی خزمەت گوزاری پێوستی وەک ئاو، کارەبا و سوتەمەنی و دابین نەکردنیان.
- بێکاری، ئەو داتایانەی کە باس لە ڕێژەی بێکاری دەکەن گەورەترین مەترسیە کە ڕوبەڕوی کۆمەڵگا بۆتەوە. لێرەوە ئاماژەدرا بەوەی کە ساڵانە ھەزارەھا خۆیندکار بڕوانامە بەدەست دەھێنن و ڕەوانەی لەشکری بێکاری دەکرێن، ئەوە بۆ چەندساڵێکیش دەبێ کەسێک دانەمزراوە وە لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە چەند ھەزار موچەخۆرێک لە کرێکاران و فەرمان بەران خانەنشین دەبن.
- زەرورەتی پێکھێنانی سەندیکا و ڕێکخراوەی سەربەخۆی کرێکاری. وە لێرەوە باس لە یاسای ژمارە “٣٧”ی ساڵی “٢٠١٥” کرا، کە لە بەشی سێیەمی پرنسیبەبنەڕەتیەکان، مادەی “٦” لە بڕگەی یەکەم باس لە (ئازادی سندیکایی و داننان بەمافی دانوسانی دەستە جەمعی) دەکات. ئەمە و پێداگرییش کرا لەسەر ئەوەی کە (یەکێتی شورا و سەندیکا کرێکاریەکان لە عێراق) لەو ڕاستایەدا کاردەکات بۆ هێنانەدی ڕێکخراوە و سەندیکا کرێکاریە سەربەخۆکان و گرێبەستی دەستەجەمعی.
دواتر لەبەشی دووەمی ۆڕک شۆپەکەدا، (شۆڕش عومەر) لێپرسراوی لقی کەرکوکی (یەکێتی شورا و سەندیکا کرێکاریەکان لە عێراق) (تیشکی خستە ئەو کار و چالاکیانەی ئەنجام دراون لەوانە:
- ئامادەکردنی ئیستیمارەیەک و دابەشکردنی بەسەر ناوەندەکانی کار و کرێکارانی پڕۆژە و بنکە ئابووریەکان کە پرسیارەکانی سەبارەت بە بیمە کۆمەڵایەتیەکان و سەعاتی کار و سەلامەتی شوێنی کار و بیمەی تەندروستی و موچە بوو، ئەم ئیستیمارانە لە پارێزگای کەرکوک و سەلاحەدین دوای پڕکردنەوەیان لە لایەن کرێکارانەوە گەێندراونەتە ئەو دەزگا دەوڵەتیانەی کە بەدواداچون دەکەن بۆ ئەو مەسەلانە بۆ سنوردانان لەبەردەم پێشێلکاری خاوەنکارەکان و گەڕاندنەوەی مافە پێشێلکراوەکانی کرێکاران. هەروەها لە هەولێریش ئەم ئیستیمارانە دابەشکراون بۆ کۆکردنەوەی داتا و تیشک خستنەسەر بارودۆخی کرێکاران. شایەنی باسە بەپێچەوانەی دەوڵەتی ناوەندیەوە، دامودەزگا دەوڵەتی و حکومیەکانی هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە بەدواداچونێک ئەنجام نادەن بۆ مافە پێشێلکراوەکانی کرێکاران و پێشێلکردنی یاساکانی کار لەلایەن خاوەنکار و پڕۆژە و بنکە ئابووریەکانەوە.
- گەرچی بێکاری دیاردەیەکی نیزامی سەرمایەداریە و ئەرکی دەوڵەت و حکومەتە کە بەرپرسیارەتی لەو بوارەدا بگرێتە ئەستۆ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، وەک شۆڕش عومەر ئاماژەی پێدا (یەکێتی شورا و سەندیکا کرێکاریەکان) لە کەرکوک و سەلاحەدین هەڵساوە بە کۆمەگی و هاوکاری کرێکارانی بێکار بە کردنەوەی خولی فێربونی سەرتاشی و ئاسنگەری و دارتاشی بۆ کوڕان و لاوانی بێکار، هەروەها خولی جوانکاری و خەیاتی و چنینیش بۆ کچان و ژنانی بێکار کە سەدان کەس بەشداریان کردوە لەو خولانەدا.
- ئەو کار و چالاکیانەی کە لەماوەی دوساڵدا ئەنجام درابوو لەڕێگەی “داتاشۆ” بە ڤیدۆ و وێنەوە خرایە بەردەم ئامادەبوان.
دواتردەرگای گفتوگۆ کرایەوە بەڕوی ئامادەبوان بۆ بەشداریان و ڕونکردنەوەی زیاتری بابەتەکان بە پرسیارەکانیان کە (نەوزاد بابان) و (شۆڕش عومەر) وەڵامی خاڵ بەخاڵی ئامادەبوانیان دایەوە.
لەکۆتایدا، بەڕێوەبەری ۆڕک شۆپەکە (تەلار خان) ڕایگەیاند کە زۆرێک لە پێشنیار و ئەو کار و چالاکیانەی کە (یەکێتی شورا و سەندیکا کرێکاریەکان لە عێراق) پێی هەڵساوە دەخرێتە ناو ئەجەندا و بەرنامەکانی ڕێکخراوی “ئەنجومەنی یەکبونی کۆمەڵایەتی لە سلێمانی” و هەوڵدەدرێت کە کاری ھاوبەش لە نێوان ھەردولادا ئەنجام بدرێت.
سەرەتای ئابی ٢٠١٩
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
