مەکتەبی سەرۆک وەزیرانی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی و دامودزگا موخابەراتیەکەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داوایەکی یاساییان بەرزکردۆتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی (ڕێکخراوی ئازادی ژن لە عێڕاق)دا بە بیانوی ئەوەی کە بەشدار بووە لە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر و ئەو ژنانەشی داڵدەداوە کە توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجامدراوە. 
ئەوەی کە بەرزترین ناوەندی بڕیار لە دەسەڵاتی میلیشیایی لە عێڕاقدا و لە گەرماوگەرمی ڕوداوەکانی ئەم ڕاپەڕینەی ئێستادا، هەڵدەستێت بە بەرزکردنەوەی داوایەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی (ڕێکخراوی ئازادی ژن) پەردە لەسەر زۆر شت لادەدات، ئەم داوایە شتێک نیە جگە لە کردەیەکی سیاسی ڕیسوا و قێزەوەن دژ بە ئافرەتان و دژ بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و (ڕێکخراوی ئازادی ژن) و سەرۆکە تێکۆشەرەکەی ئەو ڕێکخراوە یەنار موحەممەد.
ئامانجی ئەم داوایە ڕێگریە لە کاری ئەم ڕێکخراوە ڕزگاریخوازەی ژنان کە مێژوویەکی پڕشنگداری خەباتکارانەی هەیە لە بەرگری لە ئافرەتان و ماف و ئازادیەکانیان و هێنانەدی یەکسانیان لەگەڵ پیاوان، ئەم داوایە ڕێگریە لە یەکێک لە گرینگترین ئەو ڕێکخراوانەی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان لە عێڕاقدا کە لە ماوەی نزیک بە حەڤدە ساڵدا بەهێزترینیان و پێداگرترینان بووە لە بەرگری لە مافەکانی ژنان و قوربانیانی توندوتیژی پیاوسالاری.
ئەو تێکشکان و تڕاژیدیا و پەڕاوێزخستنەی کە داسەپاوە بەسەر ژنانی عێڕاقدا لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە لەلایەن حزبەکانی ئیسلامی سیاسی و قەومیەکان و ڕژێمی سیاسی تائیفی و قەومیان، لە ڕاددە بەدەرە. ئەم حزبانە لە ڕێگەی داگیرکاری ئەمریکا بۆ عێڕاق و سیاسەت و ستڕاتیژە ئیمپریالیەکەیەوە کە سەراپا نوقمی تاوان و تا بینەقاقا دژە ژنە، دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست.
دەسەڵاتی میلیشیایی و حزبەکانی دەستیان نەپارستووە لە سەرکوتکرددنی هەر هەنگاوێک کە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان هەڵیهێناوەتەوە دژ بەو بارودۆخەی کە لەئارادایە. دەستیان نەپاراستووە لە سەرکوتی هەر جۆرە خەباتێکی ژنان بۆ ئازاد بوون لە کۆتوبەندەکانی ئەم دەسەڵاتە و ئەم نیزامە کۆمەڵایەتیە عەشیرەتگەریە پیاوسالاریە. ئەم داوایەی ئێستاشیان بەشێکە لەو مێژووە تاوانکاریە دەرحەق بە ژنانی عێڕاق.
لەوە دەچێت عادل عەبدولمەهدی و مەکتەبی سەرۆکایەتی و دائیرەی موخابەراتیەکەی بە پەلە و لەم بارودۆخە ڕاگوزەر و قەیرانگرتووەدا و پێش ئەوەی شوێنەکانیان بەجێبهێڵن لە ژێر گورزی ڕاپەڕینەکەدا، شتێکی تری بێ ئابڕوانە و تاوانکارانە بخەنە سەر میراتی سەرکوتی خوێناویان دژ بە ئافرەتان و خەباتە ڕزگاریخوازەکەی و دژ بە جەماوەریش.
ئەم کۆنەپەرستانەی دژە ژن، هەنگاوێکی تر دەهاوێژن بۆ ئەنجامدانی تاوانێکی قێزەوەن دەرحەق بە ژنانێک کە توندوتیژیان بەرامبەرکراوە و پێویستیەکی زۆریان بە هاوکاری هەیە بۆ ڕزگارکردنیان لە کوشتنێکی مسۆگەر لەلایەن ژنکوژانی پیاوسالارەوە. ئەم کۆنەپەرستانە دەیانەوێت یەکێک لە کۆڵەگە هەرە گرینگەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان بڕوخێنن لە عێڕاقدا کە ناوی (ڕێکخراوی ئازادی ژن)ە و لە ماوەی نزیک بە حەڤدە ساڵدا زۆر لێبڕاوانە و پێداگرانە دژی یاساکانیان و هێرشە دڕندانەییەکانیان دەرحەق بە ژنان خەباتی کردوە و داکۆکی کردوە لەو ژنانەی کە توندوتیژیان چەشتووە و ڕایانکردوە لەدەست تۆڕی بازرگانیکردن بە ژنان، هەڵاتوون لە دەست زوڵموزۆری عەشیرەتگەری و پیاوسالاری و کوشتنی بەناو “پاکشۆری ناموسی”. 
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق)، ئەم داوا ساختەکاریە و ئەم دوژمنکاریە ڕونوئاشکرایە دژ بە ژن و دژ بە (ڕێکخراوی ئازادی ژن لە عێڕاق)دا، بەتوندی سەرکۆنە دەکات. هەروەها ئەمە دادەنێت بە سنور پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەرەتایی ترین ماف و ئازادیە مەدەنی و فەردی و ئازادیە سیاسیەکان و ئازادی ڕێکخراوبوون و ناڕەزایەتی دەربڕین. داوامان لە لایەنە تایبەتەکانی دادگایە کە دەستبەجێ ئەم داوایە ڕەت بکەنەوە چونکە پێشێلکاریەکی ئەم مافانەیە.
بانگەوازی هەموو حزب و ڕێکخراوە سۆشیالیست و کۆمۆنیست و ئازادیخواز و هەموو سەندیکا و یەکیەتیە کرێکاریەکان و هەموو ڕێکخراوە ڕزگاریخوازەکانی ژنان، چ لۆکاڵی و چ جیهانی، وە هەموو لایەنگرانی ئازادی و داکۆکیکارانی ئازادی و یەکسانی ژن دەکەین، کە دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرز بکەنەوە دژ بە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی و دەسەڵاتی میلیشیایی لە بەغدا و سەرکۆنەی ئەم کردە دوژمنکارانەیە بکەن دژ بە (ڕێکخراوی ئازادی ژن لە عێڕاق)دا. هەروەها بانگەوازیشیان دەکەین کە هاوکارمان بن لەم هەڵمەتەدا بۆ پوچەڵ کردنەوەی ئەم داوایە.
بژی ڕێکخراوی ئازادی ژن
بژی ئازادی و یەکسانی ژنان
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
١٤-٢-٢٠٢٠
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
