بەبۆنەی هەشتی مارس، ڕۆژی جیھانی ژن با ھەنگاوی پتەو هەڵێنینەوە لە پێناوی بەدیھێنانی ئازادی و یەکسانی ژنان

ئەمساڵ لە کاتێکدا پێشوازی لە ھەشتی مارس، ڕۆژی جیھانی ژنان دەکەین کە ژنانی عێراق ھەنگاوی زۆر گرنگ و یەکلاکەرەوە دەنێن لە ڕەوەندی خەباتکارانەیاندا، و وەک ھێزێکی ئازادیخوازی سەربەخۆ و یەکێک لە کۆڵەکە هەرە گرنگەکانی ڕاپەڕینی ئوکتوبەریش لێبڕاوانە و جەسورانە وەڕێکەوتوون.

لە کاتێک دا پێشوازی لەم ڕۆژە دەکەین کە جەماوەری ڕاپەڕیو لە عێراقدا لە لاوان و ژنان و خوێندکاران و کرێکارانی بێکار و زەحمەتکێشان و توێژە جیاجیاکانی چینی کرێکار، خەریکی تۆمار کردنی داستانی شۆڕشگێڕانەن و خەباتی جەماوەری کاریگەر ئەنجام دەدەن دژ بە تەواوی ڕژێمی بورژوا ئیسلامی و قەومی میلیشیایی گەندەڵ کە زیاتر لە ١٧ ساڵە مۆتەکەی سەرسنگی جەماوەرە.

هاوکاتی خوێنڕژانی سەدان لە قوربانیانی خەباتکاری کوڕ و کچ و دەیان ھەزار بریندار و پەککەوتەکراو، ڕاپەڕین جەسورانە بەرەوپێش چووە و گورزی گورچووبڕی سرەواندۆتە ئەم ڕژێمە و بە تایبەتیش بنەماکانی ئیسلامی سیاسی شەقوشڕ کردوە، نەک تەنھا لە شێوەی حیزبە میلیشیاییە سەرکوتگەر و تاسەر ئێسک گەندەڵەکانی، بەڵکو ئیسلامی سیاسی وەک ڕەوتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایدیولوژیش بە دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایدیولوژیەکانیەوە شەقوشڕ کردوە.

خەباتی سەربەخۆ و کاریگەری ژنان لەم ڕاپەڕینەدا یەکێک لەو کۆڵەگە بنچینەییانە پێکدەهێنێت کە ڕاپەڕین پشتی پێ دەبەستێ و یەکێک لە ڕوخسارە پێشکەوتنخواز و ئازادیخوازەکانیەتی. ئازادی ژنان و ڕزگار بوونیان لە تڕاژیدیای ئەو دۆخەی ئێستایان لە گرەوی وەلانانی تەواوی سیستمی ئیسلامی و قەومی پیاوسالاری فەرمانڕەوادایە. هەر بۆیە ھاتنی ژنان بۆ مەیدانی خەباتی سیاسی لەم ڕاپەڕینەدا بووەتە سەرچاوەی ھەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئیسلامی سیاسی و کەلێنێکی خستۆتە ڕیزەکانی ئەوان و ڕێزەکانی قەومیە پیاوسالارەکان و لایەنگرانی نێودەوڵەتیان وەک ئێران و دەوڵەتانی تر.

تاوانەکانی ئەمریکا دژ بە ژنان و بزووتنەوەی ژنان لە کەس شاراوە نیە. ئەمریکا بوو دامەزرێنەری ئەم دەسەڵاتەی ئێستا کە ھەتا ئەو مافە کەم و ئازادیە بەرتەسکانەشی لە ژنان سەندەوە کە بە درێژایی چەندین دەیەی ڕابردوو بە خەباتیان و بە خەباتی ئازادیخوازان و سۆشیالیستەکان بەدەستیان ھێنابوو. ئەوە ئەمریکا و ھاوپەیمانە ناوچەییەکانی بوون کە دەستی تیرۆریستە ئیسلامیەکانی داعیش و ئەلقاعیدەیان ئاوەڵاکرد تا جەماوەر سەرکوت بکەن و ژنان بکەن بە کۆیلە.

ئەمڕۆژانە کە ژنان ھاتوونەتە مەیدانی خەباتی ئازادیخوازانەیان، یەکەمین زیان لێکەوتووی باڵادەستی سەرمایەداری نیولیبرالیزمن لە عێراقدا کە بەردەوام چنگ و نینۆکەکانی لە سەرتاپای جەستەی کۆمەڵگە گیردەکات. سیاسەتە ئابووریە نیولیبرالیەکانی دەوڵەت یەکێک لەو ئاکامە کارەساتبارانەی هێناویەتیە ئاراوە، خوڵقاندنی دۆخێکی تڕاژیدیایە بۆ ژنان لە عێراقدا لەڕێگەی بەتایبەتی کردنی کەرتی پیشەسازی، پرۆژە ئابووریەکان، خوێندن، تەندروستی، خزمەتگوزاریە گشتیەکان و دەست بەرداربوونی دەوڵەت لە ھەموو جۆرە بەرپرسیارەتیەک بەرامبەر بە ھاووڵاتیان وەک دابین کردنی بیمە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان بۆ زەحمەتکێشان و بێکاران ..ھتد.

لەمڕۆدا ژنانی کرێکار و ھەژارکراو نەک تەنھا قوربانی ڕژێمی ئیسلامی و کوتەکی خێڵەکی و بەھا پیاوسالارەکانن لە کۆمەڵگەدا، بەڵکو قوربانی یەکەمیشن لەڕووی ڕێژەی بەرزی بێکاری و بێبەش بوون لە خزمەتگوزاریەکانی وەک خوێندن و تەندروستی خۆڕایی. ژنان یەکەمین سەرنشینانی زیانلێکەوتووی ئەم جەنگەڵستانە دڕندەیەن.

خەبات و بەرگری ژنان و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان ئەم ڕۆژانە لە عێراقدا بە یەکێک لە گرنگترین وەرچەرخانە مێژووییەکانی خۆیدا تێدەپەڕێت. لەگەڵ ڕاپەڕیندا خەباتی ژنان و ژنانی سۆشیالیستی هەڵسوڕاو و ئازادیخواز پێی نایە ئاستێکی بەرزتر و مەیدانێکی بەرینتر و گەشاوەتر لە جاران.

ئەمڕۆ پێمان خستۆتە ناو قۆناغی گۆڕانکاریە گەورەکانەوە، کاتی ئەوە ھاتووە کە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان لە عێراق و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی پرۆلیتاری و ھەموو بەرگریکاران لە ئازادی و یەکسانی ھەمەلایەنەی ژنان بە تەواوی ھێز و توانای خۆیانەوە ئەم گۆڕانکاریانە لە ئامێز بگرن کە ھێزی بەرەنگاری جەماوەری ژنان هێناویەتیە ئاراوە کە خۆی ھەڵقوڵاوی قووڵایی کۆمەڵگە و بەشداری چالاکانەی ژنانە لە ڕاپەڕیندا. بەھێز کردنی ئەم چالاکیە جەماوەریەی ژنان و ڕێکخراوکردنی بەدەوری ئاسۆیەکی سیاسی ڕزگاریخوازانە و سۆشیالیستیدا ئەمەیە کە هەنگاونانی پتەوی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان لە عێراق و ناوچەکەدا دەستەبەر دەکات بەرەو بەدیھێنانی ئازادی و یەکسانی ژنان.

جەماوەری ژنان، ئازادیخوازان

با ھەشتی مارسی ئەمسال بکەین بە ڕۆژی نیشاندانی ھێزی ملیۆنیمان، هێزی ژنان و پیاوان، هێزی خوێندکاران و لاوانی کچ و کوڕ. باگۆڕەپانەکان و شەقامەکان پڕ بکەین لە ڕێپێوانی گەورە و دەنگی شۆڕشگێڕانەمان بەرز بکەینەوە و بڵێین:

“بژی ھەشتی مارس، ڕۆژی جیھانی ژنان”، “ئازادی لە کۆمەڵگەدا بوونی نیە بەبێ ئازادی و یەکسانی ژنان”، “جیا کردنەوەی ئاین لە دەوڵەت و لە سیستمی خوێندن”، “با خەباتمان ڕێکخەین لە شوورا جەماوەریە شۆڕشگێڕەکاندا”، “بەدیھێنانی ئازادی و یەکسانی ژنان ئامانجێکی سەرەکی ڕاپەڕینە”.

با بەناوی جەماوەری ڕاپەڕیوەوە ڕایگەێنین کە “دەبێ یاساکانی دژ بە ژنان لە دەستووری ووڵاتدا لاببرێن”، “توندوتیژی دژ بە ژنان تاوانە و سزای لەسەرە”.

با سەرکۆنەی “داوا یاسایی”ەکەی حکومەتی عادل عەبدولمەھدی بکەین و بەرنگاری ببینەوە، کە دژ بە (ڕێکخراوی ئازادی ژن)ە لە عێراق.

(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) بەبۆنەی ڕۆژی خەباتی جیھانی ژنانەوە پیرۆزبایی لە ژنانی عێراق و جیھان دەکات، ژنانێک کە لێبڕاوانە و بەهەنگاوی پتەو خەبات دەکەن بۆ بەدیھێنانی ئازادی و یەکسانی ھەمەلایەنەی ژنان.

ھەروەھا (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) شان بەشانی چینی کرێکار و جەماوەری ڕاپەڕیو خەبات دەکات بۆ بەرەوپێش بردنی ڕاپەڕین بە ھەنگاوی مەزن و بەدەستھێنانی ئامانجە شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانەکانی و دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرا جەماوەریە شۆڕشگێڕانەکان لە جێگەی ئەم ڕژێمەی ئێستا.

بژی ھەشتی مارس ڕۆژی جیھانی ژنان

بژی ئازادی و یەکسانی ژنان

بژی سۆشیالیزم

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

٢٧/ شوبات / ٢٠٢٠

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بارودۆخی سیاسی کوردستان و ڕێگەچارە

کێشمەکێشی نێوان هەر دوو حزبی بورژوا دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستاندا، تاوی سەندووە لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق: سەبارەت بە قەیرانی ئۆکرانیا و هێرشی سەربازی ڕوسیا

بەدوای پەرەسەندنێکی خێرای قەیرانی ئۆکرانیا لە چەند مانگی ڕابردوودا، هاوڕای پەرەسەندنی کێشمەکێشی نێوان ڕوسیا لە ...

ڕزگاری ژن، یەکێک لە ئەرکە هەرە گرینگەکانی شۆڕشە لە عێڕاقدا

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژن ژنان بوونە نێچیر بەدەست ترۆر و سەرکەوتی خوێناوی بێ پەردە ...

سەبارەت بە جیابوونەوەکانی ناو حزبی کۆمۆنیستی ئێران و (کۆمەڵە)

دوای چەند ساڵ کێشمەکێش، جیابوونەوەی دووباڵ لەناو (حزبی کۆمۆنیستی ئێران) و (کۆمەڵە - ڕێکخراوی کوردستان)ی ...

ئەبێ زیندانیانی خۆپیشاندانەکانی (پیرەمەگرون) دەستبەجێ ئازادبکرێن

شەوی سێ شەمە (٤-١-٢٠٢٢) کەناڵە تەلەفزیۆنەکانی سەر بە دەسەڵاتی پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان، هەژدە ...

%d مدونون معجبون بهذه: