ترۆر و کوشتاری حکومەتی ئیسرائیل دەبێ‌ دەستبەجێ بوەستێ، هەموو هاوپشتییەک بۆ جەماوەری ستەملێکراوی فەلەستین

کەنارەی ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا ناڕەزایەتییەکی جەماوەریان بەخۆوە بینی، کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕوداوی خوێناوی، کاتێک سوپای ئیسرائیل هەڵسا بە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی و هێرشی ئاسمانی وێرانکەر بۆسەر کەرتی غەززە و چەند ناوچەیەکی تر، بەمەش کۆمەڵکوژییەکی قێزەوەنی ئەنجامدا دەرحەق بە هاوڵاتیان و تا ئێستا (١١٩) کەس کوژراون لە غەززە کە (٢٧)یان منداڵن، وە ژمارەی کوژراوانیش لە هەڵکشاندایە.

شەپۆلی ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان لە فەلەستین، وە بەدیاریکراوی لە قودسی ڕۆژهەڵاتدا، لەدژی کۆچپێکردنی زۆرەملێیانەی فەلەستینیەکان لە گەڕەکی (شێخ جەراح) کە گەڕەکێکی شاری قودسە، لە هەفتەی ڕابردوودا وەڕێکەوت و بەخێرایی زوربەی شارەکانی کەنارەی ڕۆژئاوا و ئەو شارانەشی گرتەوە کە کەوتوونەتە ناو ئەو شتەی پێی دەڵێن هێلی سەوز لە ناو ئیسرائیلدا کە لەوێ پێکدادان لە نێوان تاقمە دەستەڕاستیەکانی ئیسرائیل و دانیشتوانی ئەو ناوچانەدا دروست بوو.

دەوڵەتی دینی و قەومی ئیسرائیل لە دوای ڕێککەوتنامەی ساڵی (١٩٩٣)ی ئۆسلۆ، نەک هەر نەوەستا لە دروستکردنی نشینگەکان (المستوطنات) لەناو کەنارەی ڕۆژئاوا بەڵکو پەرەیدا بە هەڵمەتی نشینگەییانە (الإستيطانية) تا ڕێگری بکا لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی کە توانای ژیانی هەبێ لەتەک دەوڵەتی ئیسرائیلدا. ئەمە و حکومەتە ڕاستڕەوەکەی نەتەنیاهۆ و دامەزراوەی بۆرژوا جولەکەی-قەومی فەرمانڕەوا، بە پشتیوانی بێ چاووڕووی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا درێژەیان دا بە دنەدان و وروژاندنی هەست و نەستی دینی و ڕەگەزپەرستانە کاتێک ئەمریکا شاری قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند، و ناساندنەکەش هاوڕای سیاسەتی کۆچپێکردنی زۆرەملێی دانیشتوانە فەلەستینیەکە بوو لەو شارە.

ئەم کوشتار و وێرانکاریەنەی حکومەتی ئیسرائیل کە لەم ڕۆژانەدا دەرحەق بە هاوڵاتیان لە کەرتی غەززە و شوێنەکانی تر ئەنجامی دەدات و بەردەوامیشە لەسەری، شتێک نیە جگە لە ملهوڕی و سیاسەتێکی شۆفێنیستانەی تاوانکارانە، و جێبەجێکردنی سیاسەتە سەربازیەکەی کە دەیان ساڵە هەڕەشەی پێ لە فەلەستینیەکان و جەماوەری ناوچەکە دەکات.

ناکرێت ئەم تاوانانە بەوە پاکانەی بۆ بکرێ کە کاردانەوەیەکن دژ بە هەڵدانی موشەکەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی بۆ شارەکانی ئیسرائیل و ئەنجامدانی تاوانی کوشتاری خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل. ئاشکرایە ئەم دوو ڕێکخراوە ئیسلامیە بەهرەبەرداری دەکەن لە شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانی ئێستای جەماوەر لە کەنارەی ڕۆژئاوا و لەناوخۆی ئیسرائیل بۆ درێژەدان بەهێز و تواناکانی خۆیان و دەستبەسەراگرتنی چارەنوسی جەماوەری فەلەستینی و توندکردنی چەپۆکیان بەسەر کەرتی غەززە و کەنارەی ڕۆژئاوادا.

لەگەڵ تێپەڕینی چەندین دەیە کە پڕبوون لە ڕووبەڕووبونەوە و کێشمەکێشی نێوان حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئیسرائیل و فەلەستینیەکان، بەڵام ئەم کێشمەکێشە هێشتا هەر لەئارادایە بەبێ گەیشتن بە چارەسەرێکی ڕاستەقینە کە کۆتایی بە تراژیدیای هاوڵاتیان بێنێت. هۆکارەکەشی لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی ئەو ڕژێمە سەرکوتگەرەی کە لەسەر کۆچی زۆرەملێ و ڕەشبگیری و ملهوڕی سەربازی لە ئیسرائیل دامەزراوە و لەلایەن هێزە سەرمایەدارە ئیمپریالیەکانی جهیانەوە وە لەسەروی هەمووشیانەوە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری لێدەکرێت.

بانگەوازی شەرمنۆکانە بۆ پشتیوانی لە جەماوەری فەلەستین، لەلایەن دەوڵەتە عەرەبیەکان و هێزە قەومی و ئیسلامیەکانی ناوچەکە، هەروەها لەلایەن ئێران و تورکیاوە کە لە ڕووی سیاسیەوە لەسەر تڕاژیدیای فەلەستین دەژین، شتێک نیە جگە لە فرمێسکی تیمساح کە بۆ خەڵکی بێگوناح هەڵیدەڕێژرن. هەروەها هێز و ڕەوتە قەومیە عەرەبیەکانی فەرمانڕەواش، بە هەمان شێوە مامەڵەی مەینەتیەکانی جەماوەر دەکەن لە فەلەستین. ئەم هێز و ڕەوتانە لە چرکەساتی قەیرانێکی قوڵدا دەژین چونکە چەند مانگێکی کەم تپەڕیووە بەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و چونە سەنگەرەوە لەگەڵیدا وەک قەوارەیەکی کۆنەپەرست و ستەمکار لەناوچەکەدا دژ بە جەماوەری ئازادیخواز.

ئەم هێزە کۆنەپەرستانە نایانەوێت قەیرانی بەردەوامی فەلەستینی – ئیسرائیلی چارەسەرێکی کۆتایی بۆ بکرێ. ئیسرائیل و بۆرژوازی جیهانی بەتایبەت ئەمەریکا درێژە بەم دۆخە دەدەن لە خزمەت بەرژەوەندیەکانی خۆیان و ئامانجە جیۆ-سەربازی و ستراتیژیەکانیان لە ناوچەکەدا. هەروەها بەردەوامبوونی ئەم کێشمەکێشە ڕێگا خۆشدەکات بۆ بەهێزکردنی ڕەوتی دینی تائیفی و قەومی لە گشت وڵاتانی ناوچەکە و هێشتنەوەی ڕژێمە قەومیە عەرەبی و ئیسلامیەکانی فەرمانڕەوا، ئەمەش خۆی دەبێتە ئاستەنگیەک بۆ بەرەوپێشچونی خەباتی جەماوەر لە پێناو ڕزگاربوون لەدەست چەوسێنەرانیان، وە دەبێتە ئاستەنگیش لەبەردەم توانای هێزە شۆڕشگێرەکان بۆ دەربازبوون لە چوارچێوە و چەمکە قەومی و دینی و تائیفیەکان ڕووەو چوارچێوەیەکی سۆشیالیستی ئازادیخواز و بەگژاچوونەوەی ئەو ڕژێمە بورژوازیانەی کە مافەکانیان زەوتدەکەن.

هیچ ڕێگایەک لە ئارادا نیە بۆ دەربازبوونی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و  ئازادیخواز لە فەلەستین و لە ئیسرائیل جگە لە یەکگرتووکردنی ڕیزی خەباتیان لە بەرەیەکی چینایەتی ئازادیخوازی یەکگرتوودا کە هەڵگری ناسنامەیەکی ئینسانی گشتگیر بێت دژ بە بورژوا قەومی و دینی ئیسرائیل و فەلەستین و ناوچەکە.

چارەسەری کردەییانەی ئێسایی بۆ کێشمەکێشی ئیسرائیلی – فەلەستینی و کۆتاییهێنان بە ستەمی میللی لەسەر فەلەستینیەکان، خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە پێی دەوترێ چارەسەری پێکهێنانی دوو دەوڵەت، لەسەر بنەمای ویست و ئیرادەی ئازادانەی جەماوەر دوور لە هەژموونی هێزە ڕەگەزپەرستە ئاینیەکان کە لەلایەن سەرمایەی جیهانیەوە پشتیوانیدەکرێن.

(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق) بەتوندی سەرکۆنەی کوشتارەکانی حکومەتی ئێستای ئیسرائیل دەکات لە غەززە لەگەڵ سەرکۆنەکردنی دەستدرێژی بەردەوام و سەرکوتی دڕندانەی هاوڵاتیانی فەلەستینی، وە بانگەوازی هەموو ئازادیخوازان دەکات لە جیهاندا بۆ پەرەپێدانی خەبات لە دژی ئەم تاوانانە و فشارهێنانیان بۆ حکوماتەکانیان بۆ وەستاندنی دەستبەجێی ئەم کوشتوکوشتارە و ئەم کردە سەرکوتگەرانەیە، هاوکات (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق) تاوانەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە کوشتنی خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل مەحکوم دەکات.

(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق) هاوپشتی خەباتی جەماوەرە لە فەلەستین بۆ کۆتاییهێنان بە زوڵمی قەومی و داوای یەکگرتووکردنی ڕیزی خەباتی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و ئازادیخوازان دەکات لە هەردوولای فەلەستین و ئیسرائیل دوور لە کێشمەکێشی ئاینی و تائفەگەری و قەومی بۆ پایەڕێژی بەدیلێکی سۆشیالیستی.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

١٤-٥-٢٠٢١

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بەبۆنەی یەکی ئایارەوە ڕێکخراوبوون ئامڕازی یەکلاکەرەوەی خەباتی چینی کرێکارە

دوای چەند ڕۆژێکی تر پێشوازی دەکەین لە یەکی ئایار، ڕۆژی ھاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکار. چینێک ...

سەرکوت و هێرش بەدژی هاوڕەگەزخوازان سەرکۆنە دەکەین

کەمپینێکی دواکەوتوانە و کۆنەپەرستانە لەلایەن بەرەی کۆنەپارێزی کۆمەڵگا و بەبەشداری ڕەوتە ئیسلامیەکان و حزبە ناسیونالیستە ...

بەبۆنەی کۆچی دوایی كرێکاری خەباتکار و سوشیالیست شێخ قادر

زۆر بەداخ و پەژارەوەین کرێکاری خەباتکار و سۆشیالیستی ناسراوی شاری سلێمانی بەڕیز، عبدالقادرعبدالڵە مارف، ناسراو ...

ڕاگەیاندن: سەبارەت بە خۆپێشاندانەکەی الشامیە

ڕۆژی یەکشەممە، (٢١-٣-٢٠٢١)، خۆپیشاندانێکی جەماوەری فراوان لە قەزای الشامیە هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی قەزای عەفەک و ...

کۆتاییهێنان بە ڕژێمی بۆرژوا ئیسلامی و قەومی لە عێڕاق، هەنگاوێکی بنەڕەتیە ڕووەو ڕزگاری ژنان

لە کاتێکا لەمساڵدا پێشوازی لە ھەشتی مارس، ڕۆژی جیھانی خەباتی ژنان دەکەین، کە زیاتر لە ...

%d مدونون معجبون بهذه: