بارودۆخی سیاسی کوردستان و ڕێگەچارە

کێشمەکێشی نێوان هەر دوو حزبی بورژوا

دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستاندا، تاوی سەندووە لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی ناوەندی عێڕاق، و هەر یەکەیان خۆی لە یەکێک لە دوو کەمپی دژە شۆڕشی بەرەی (سەدر) و (چوارچێوەی هەماهەنگی)دا دەبینێتەوە و بوون بە پارسەنگ لە بلۆکبەندی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و جەمسەرە نێودەوڵەتیـیەکانی پشتیانەوە.

لەم کەش و هەوا سیاسییەدا، زوربەی هەرە زۆری خەڵکی هەرێمەکە، نەک هەر نیگەرانی لە ڕوخساریاندا بەدی دەکرێت دەربارەی ژیان و گوزەرانی خۆیان و خانەوادە و ئایندەی مناڵەکانیان، بەڵکو ناچاریشن ڕۆژانە مانبگرن و بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی، دژ بە دواکەوتنی موچەکانیان، دژ بە نەبونی خزمەتگوزاریە بنەڕەتیـیەکانی وەک نەوت و گاز و کارەبا و ئاو، دژ بە خراپی و گرانی خزمەتگوزاریەکانی کەرتی تەندروستی و خوێندن، دژ بە بێکاری و قفڵکردنی دەرگای دامەزراند لە کەرتی گشتیدا لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە توێژێکی سەروەتمەند لە ملیۆنلەر و ملیاردێری خاوەن پڕۆژە و کۆمپانیا و گەورە بازرگان هاتۆتە ئاراوە بەتایبەت لە سەران و بەرپرسانی پلە یەکی حکومەت و حزب و دامەزراوەکانی دەسەڵاتدارەتی هەرێمەکە، بەمەش دەسەڵات و ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا، لە یەکەیەکی تۆکمەدا لە دەست کەمایەتیەکی کۆمەڵگە چڕبۆتەوە و هەژاری و بێکاری و بێمافیشیان داسەپاندووە بەسەر زوربەی هەرە زۆری خەڵکی زەحمەتکێشدا، و لەناو کۆمەڵگەدا بۆتە پەرەداربوونی داوێنی تاوانەکان و خۆکوژی و ڕەشەکوژی ژنان و قوربانی بوونی لاوانی ئەم هەرێمە لە کۆچ و ڕەوی بەکۆمەڵیاندا بۆ دەرەوەی وڵات، بۆ ڕزگاربوون لەو بارودۆخە دۆزەخیەی کە دەسەڵات بۆی خوڵقاندوون. نەک هەر ئەوەش بەڵکو حکومەت و حزبە  میلیشیاکانی دەسەڵات سڵیشیان نەکردۆتەوە لەوەی ناڕەزایەتی و شەپۆلی خۆپێشاندانەکان و ڕاپەڕینی ئەو جەماوەرە شەڵاڵی خوێن بکەن.

ئەجندا و بەرنامەی ئابووری حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات، و هەموو ئۆپۆزیسیۆنی بورژوا قەومی لیبڕاڵ و ئیسلامی، پیادەکردنی سیاسەتی خەسخەسە و نیو لیبرالیزم بووە و لە کۆنفراسی هاوبەشی (بانکی نێودەوڵەتی) و (حکوومەتی هەرێمی کوردستان) بە پشتگیریی (نەتەوە یەکگرتووەکان) لە (٣٠-٥-٢٠١٦) لە هەولێر، لەژێر ناوی (ڕیفۆرم لە ئابووری هەرێمی کوردستاندا) ستڕاتیژێکی سێ ساڵە و پلانی ڕیفۆرمی ئابووری هەرێمی کوردستانیان ڕاگەیاند و سەرۆکی هەرێمی ئەو کاتەش (مەسعود بارزانی) لە (٩-٦-٢٠١٦)دا پەیامێکی دەستخۆشانە و پشتیوانی لێ کردنی بڵاوکردەوە.

ناوەڕۆکی ئەو پلان و ڕیفۆڕمە؛ شانخاڵی کردنەوەی حکومەتی هەرێم بووە، هەرچی زووتر و خێراتر، لە خەرجیە گشتییەکان، وەستاندنی دامەزراندن و کارپێدان لە کەرتی گشتی و کەمکردنەوەی ژمارەی کرێکار و کارمەندەکانی، ڕادەستکردنی خزمەتگوزاریەکان و پێشکەشکردنیان بە هاوڵاتیان لە ڕێگەی کۆمپانیاکانەوە کە هەریەکەیان بەجۆرێک سەر بە حزبەکانی دەسەڵاتن. کابینەی نۆهەمیش کە بە دروشمی چاکسازیەوە لە تەمموزی (٢٠١٩)دا دەستبەکار بوو، ئەم ڕەوەندەی بە هەنگاوی گەورەتر و خێراتر بەناوی چاکسازییەوە بردۆتەپێش.

بە پێچەوانەی لێکدانەوە و بۆچوونی سیاسی لیبرالەکانی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی بورژوا قەومی لیبرال و ئیسلامی، ئەم بارودۆخە ئاکامی لێنەهاتوویی و نەشارەزایی چەند سیاسەتمەدار و ڕابەڕێکی حزبی و حکومی نییە، بەڵکو ئاکامی کارێکی ئاگاهانەی هاوبەش و هاوئاهەنگی دەسەڵاتی بورژوا لۆکاڵی (خۆماڵی) کوردی و دامەزراوە بورژوا ئیمپریالیستیەکانی جیهانە پێکەوە. کوردستان دەمێکە بۆتە بەشێک لە بازاڕی سەرمایەداری جیهانی و دەسەڵاتەکەشی هاوئاهەنگ و لێکهەڵپێکراوە لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەتانی بورژوا کۆنەپەرستی ناوچەکە و لەگەڵ ستڕاتیژ و پلانی وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا بەتایبەت ئیمپریالیزمی ئەمریکی.

کۆمەڵگەی کوردستانی عێڕاق ئەمڕۆ گەیشتۆتە بنبەست، خەڵکی بە هیچ کلۆجێک ناتوانن بەم شێوەیە درێژە بەژیانێک بدەن کە دەسەڵات بەسەریانیدا سەپاندووە، دەسەڵاتی هەرێمەکەش هیچ چارەسەرێکی پێ نیـیە بۆ ئەو کێشە و قەیرانە سەختە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیەی کە سەرتاپای کۆمەڵگەکەی داگرتووە. ڕووی ڕاستەقینەی ئەم دەسەڵاتە، وەک دژە شۆڕش و دژە جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخواز، وەک دەسەڵاتێکی پیاوسالاری کۆنەپەرستی دژە ژن، دەمێکە دەرکەوتووە.

لەم نێوەدا ئۆپۆزیسیۆنی بورژوا لیبرالی قەومی و ئیسلامی، لە هەوڵی خۆکۆکردنەوەدایە بۆ بەهرەبەرداری لەم ناڕەزایەتیانە، تا بیکەنە دەستمایە و سرەواندنی گورزێک لە دەسەڵات، لە پێناو هێنانەدی ئاڵوگۆڕێکی شکڵی و ڕوکەشانەی سیاسی لە دەسەڵات و لە قۆرخکاری ئابوریەکەی، تا هەم بوار بڕەخسێنێ بۆ بەشداریان لە دەسەڵات و هەم پەرلەمان و دامەزراوە بونیادییەکانی دەسەڵاتی بورژوازی و سیستمە ئابوورییە نیولیبڕالیزمەکەشی بپارێزێت لە دەست ڕاپەڕینی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش.

لەبەرامبەر ئەم بارۆدۆخەدا وەڵامی چینی کرێکار و بەهەژارکراوان و گەنجانی کچ و کوڕی ئازادیخواز لەمێژە ڕاپەرین  و خەباتی شۆرشگێرانەی جەماوەری بووە و هەیە بۆ هەڵپێچان و وەلانانی هەردوو ڕژێم لە کوردستان و لە ئاستی عێراقدا. ڕیگەی چاکسازی و تەڵەکەبازی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی و ململانێی چەواشەکارانەی پەرلەمانی نیوانیان و ڕیفورمسازی نیوە و ناچڵ هەوڵ و تەقەلا و بەرگرتن بووە بە سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە.

بە پێچەوانەی هەوڵە چاوشکاریەکانی بورژوا ئۆپۆزسیون، خەباتی جەماوەری و سەربەخۆ بۆ  داسەپاندنی داواکارییە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و خزمەتگوزارییەکانی جەماوەر لە کوردستاندا بەسەر ڕژێمی بۆرژوا ناسیۆنالیزمی کورد و هەر  پێشڕەوییەک لەم بوارانەدا و لە ئاستی ڕێکخراوبوونی سەربەخۆی کریکاران و زەحمەتکێشان و گەنجان و ژنانی ستەمدیدەدا، زەمینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هیزی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە، بەهێزتر، پتەوتر و ئامادەتر دەکات.

کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی چەوساوە و لاوانی کوردستان کە لە هەوڵی ڕزگاربووندان لە دەست ئەم دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستان، بەرژەوەندییەکی هاوبەشی چینایەتی و کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆیاندەکاتەوە لەگەڵ کرێکاران و زەحمەتکێشانی سەراسەری عێراق، بەپێچەوانەی بورژوازی ئەمڕۆی عێڕاقەوە کە دابەش بووە لەسەر بنەمای نەتەوە و تائیفە و سەر بەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت و ڕەوتی دژ بەیەک، وە لەڕێگەی تەوافوق و سەرکوتی میلیشیاییەوە دەسەڵاتی چینایەتیان داسەپاندوە.

ئەرکی هەرە سەرەکی بەهێزکردنی ‌‌کەمپی شۆرشی کریکاران و نەدارنە بە دژی تەواوی سیستمێک کە ئینسانی کرێکار و زەحمەتکێش دەچەوسێنرێتەوە لە چوارچیوەیدا، و چەکداربوونە بە ئاسۆی سیاسی و فیکری سەربەخۆی چینایەتیان و بەدیلی  ئابوری سۆشیالیستی و ئینتەرناسیونالیستیان.

چارەسەر ڕێکخراوبوونە بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستانەی ئینتەناسیوناڵەوە کە چینی کرێکار لە کوردستاندا و خەباتەکەی گرێبداتەوە بە خەباتی سەراسەری چینی کرێکارەوە لە عێڕاقدا بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بورژوازی.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

١٧ مارسی ٢٠٢٢

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم Akismet للحدّ من التعليقات المزعجة والغير مرغوبة. تعرّف على كيفية معالجة بيانات تعليقك.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

لەباربردنی منداڵ، قەیرانێکی ئینسانی شاراوە!

ساڵانە هەزاران ژن ناچار دەبن بڕیاری زۆر قورس سەبارەت بە دووگیانبوونیان بدەن، و ڕەنگە قورسترینیان ...

تایبەتمەندییەکانی میدیای کۆمۆنیستی و ئاستەنگییەکانی بەردەمی

چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەی (ڕەوت) لەگەڵ هاوڕێ (ئەحمەد مەرزوق) لە لیژنەی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی ڕەوت: سوپاس ...

پرسەکانی بێکاری لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق

نەوزاد بابان لە لێدوانێکی ڕادیۆییدا: دەبێ بیمەی بێکاری بەسەر حکومەت و حزبەکانی دەسەڵاتدا بسەپێندرێت، ئەویش ...

ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە 24

ژمارەی نوێی(٢٤) ی ڕۆژنامەی ڕەوت ، بڵاوکرایەوە بایەخێکی گرنگی ئەم ژمارەیە لە وەدایە سەبارەت بە ...

سەبارەت بە تیرۆری هونەرمەند خواناس وریا

  تیرۆری ئەم هونەرمەندە لە ئێوارەی پێنج شەممەی (٢٢-٦-٢٠٢٣)، لەناو بازاڕی چەمچەماڵ، لە لایەن هاوڕێیەکی ...

%d مدونون معجبون بهذه: