عەبدوڵا ساڵح
ساڵانێکە (ڕەنج سەنگاوی) بەرنامەیەک لەسەر کەناڵەکانی (تی ڤی -TV) حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان پێشکەش دەکات بەناوی (لەگەڵ ڕەنج)، سەرەتا لە کەناڵەکانی (کوردسات) و (خاک)ی سەربە (یەکێتی)یەوە دەستی پێکرد، پاشان چوو بۆ کەناڵی (ئێن ئاڕ تی -NRT)، بەڵام لەگەڵ دامەزراندنی کەناڵی (ڕوداو)ی سەر بە (پارتی)، خۆی و بەرنامەکەی چوونە ئەو کەناڵە. ناوەرۆکی بەرنامەکە ئەوەیە چمکی بابەتێکی نەرێنی (سلبی) ژیان و گوزەرانی خەڵک دەداتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و هەندێک جاریش ڕەخنەی توند.
گومان لەوەدا نیـیە ڕاگەیاندن (ئیعلام) کە پێی دەڵێن دەسەڵاتی چوارەم، ڕۆڵێکی یەکجار زۆر گرنگ دەبینێ لە ئاڕاستەکردنی زەین و هۆشی خەڵک، بەتایبەت ئەوانەی لەچاوی میدیاوە سەیری دنیای دەوروبەر دەکەن، بەرەو ئامانجێک کە دەزگای ناوبراو مەبەستیـیەتی، بۆ نمونە، لە بەریتانیا کە گوایە بێشکەی “دیموکراتی”یە لە یەکێک لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا لە کەسێکی دانیشتووی ئەو وڵاتەیان پرسی دەنگ بەکام حزب دەدەی؟ لەوەڵامدا وتی: جارێ ڕۆژنامەی (THE SUN)١ م نەخوێندۆتەوە؟
هەموو بەرنامەیەک، بەتایبەت ئەو بەرنامانەی لە تی ڤی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە پێشکەش دەکرێن، بێشک بێ ئامانجی سیاسی نین، ئامانجی ئەم بەرنامەیەی (ڕەنج)یش کردنەوەی کونێکی بچووکە لەو کاسە پڕ لە قین و توڕەیـیەی خەڵک، لەو شەپۆلە لە بێزاری و نەفرەت تا لەسەریەوە نەڕژێ و لافاوێک بەدوای خۆیدا نەهێنی کە ئەم دەسەڵاتە ڕاپێچەک بدات. جا بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە لەسەر هەمان ڕێچکە بەردەوام بێت، دەبێ بەرنامەی لەم جۆرە و پێشکەشکاری پرۆفیشیناڵی وەک (ڕەنج سەنگاوی) هەبێ!
ئەگەر کەسێکی نامۆ بە بارودۆخی کوردستان سەیری ئەو بەرنامەیە بکات وا دەزانێ ئەم تەلەفزیۆنە و ئەم بەرنامەیە و ئەم ڕاگەیاندنکارە لە دڵسۆزترینی خەڵکی کوردستانن و ئەم وڵاتەی دەنگی ئاوا ناڕازی و میدیای ئاوا ئازادی تێدا بێ وەک “شامی شەریف” وایە! لەوەتای (ڕەنج) خەریکی ئەو بەرنامەیەتی و گوایە پەردە لەسەر دیوە دزێو (سلبی)ە شاردراوەکانی سیاسەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لادەدا، دەبوو ئەم وڵاتە جۆرێکی تر بوایە، کەچی ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێ، شێوازی ئەم بەرنامانە لە زۆرێک لەو وڵاتانەی حزبێک یا چەند حیزبێک بەناوی حوکمڕانیەوە تاڵانچیـیەتی دەکەن کەم نیـیە.
لە بەرنامەکەی ڕۆژی (٢٤-٧-٢٠٢٢)، بۆ نمونە، کە لەسەر بابەتی کواڵەتی کۆنتڕۆڵ بوو، هەر لەوێشدا ئەو ڕاستیـیەی درکاند کە کواڵەتی کۆنتڕۆڵ لە ئێستادا دراوە بە سێ کۆمپانیا، یەکیان سەر بە (پارتی) و یەکیان سەر بە (یەکێتی) و ئەویتریان سەر بە (گۆڕان)ە و پرساری کرد: {چۆن دەبێ ئەو کارە حەساسە بدرێ بە کۆمپانیا، چۆن دەبێ چارەنوسی منداڵی کورد بدرێتە دەست کۆمپانیا؟}، دیارە (ڕەنج) بیری چۆتەوە کە حکومەتەکە خۆی حکومەتی کۆمپانیایە!
لە هەمان بەرنامەدا و لەسەرەتادا باسی لەوە کرد کە ئەو کاتەی (مەسعود بارزانی) سەرۆکی هەرێم بوو، بەرنامەیەکی ئەوی دیتبوو لەسەر کواڵەتی کۆنترۆڵ و دەڵێ: {جەنابی سەرۆک بارزانی دوای دوو ڕۆژ لە بەرنامەکە د. ئومێدی -یەکێک لە میوانانی بەرنامەکە- بانگ کردبوو هەموو توانایەکی مادیی خستبووە بەردەستی و پێشی وتبوو واستە لە کەس قبوڵ مەکە، بۆیە دوای ئەم بەرنامەیە کواڵەتی کۆنترۆڵ بەتەواوی کۆنتڕۆل کرا!!}، لێرەدا با واز لەوەبێنین ئەم قسەیە چەندە ستایشی بەرپرسی ناوبراوی تێدایە کە سەربە هەمان خانەوادەی (ڕووداو تی ڤی)یە، خەڵک بۆی هەیە بپرسێ کە ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر کراوە بۆ ئەم بەرنامەیە دووبارە دەکاتەوە؟ یان ئەوەی نەبوونی ئەم بەرپرسەیە لە سەرۆکایەتی هەرێم وای کردوە دووبارە کواڵەتی کۆنترۆڵ بگاتە ئەو ئاستە خراپە؟ واتە “دەستکاریەکە” پەیوەندی بەکەسەکانەوە هەیە نەک بە کوللی سیستمەکە!!
لەو بەرنامانەدا، (ڕەنج)م وەک حاکم دێتە بەرچاو هەندێ جار میوانەکەی دەخاتە نێو قەفەزی تۆمەتەوە! بەتایبەت کە میوانەکە سەر بەحزبێکی غەیرە (پارتی) بێت، بۆ نمونە هەر لەو بەرنامەیەدا چەند میوانێکی بانگهێشت کردبوو یەکێک لەوان کارمەندی کۆمپانیایەکی (یەکێتی) بوو کە کاری کواڵەتی کۆنتڕۆڵی پێ سپێردرابوو (ڕەنج) پرسیارپێچی کردبوو تا ڕادەیەک خستبوویە ژێر مەنگەنەوە.
لە کۆتایی هەموو ئەم بەرنامانە دوا قسەی ڕوو دەکاتە بەرپرسان کە ئەمە بارودۆخەکەیە فریای کەون، یا دروستتر بڵێین فریای خۆتان بکەون و هەندێ جاریش دەڵێ: (وما علی الرسول الا البلاغ – پەیام هێنەر تەنیا پەیام گەیاندنی لەسەرە).
با لە خۆمان بپرسین ئاخۆ بەردەوامی بەرنامەکەی ڕەنج نیشانەی زیاد بوونی ئەو دیاردە قێزەونانە نیە؟ بەڵام کام دیاردانە؟ بێشک ئەوانەی وەک دەڵێن (زەرەریان بۆ پەزەکان نیە)، لیرەدا ئەو ڕاستیە دەمانخاتە بەردەم پرسیارێک لە (ڕەنج سەنگاوی): ئاخۆ بەرنامەیەکت کرد لەسەر هەموو ئەو زیندان و گرتووخانانەی، بەدزی و بە ئاشکرا، لە کوردستاندا هەن و سەربە حزبەکانی دەسەڵاتن و بەدەیان و بەسەدان کەسانی زیندانیـیان تێدا بێ سەروشوێن کراوە، ئەمە جگە لە زیندانی فەرمی حکومەت؟ ئاخۆ باسێکی ئەوانەت کرد کە تەنیا لەسەر بیر و ڕای جیاوزیان لەگەڵ دەسەڵاتدارن ڕاپێچی زیندان کراون و لە دادگاکانی دەسەڵاتدا تاوانیان بۆ داتاشراوە؟ مەگەر ئەوە دیوێکی نەک قێزەوەن، بەڵکو قێزەوەنترین دیوی حوکمڕانی نیـیە لە کوردستاندا؟
لە ڕواڵەتدا ئەم بەرنامانەی (ڕەنج) خەمخۆرییە بۆ کێشە و گرفتەکانی جەماوەرێکی بێ خزمەتگوزاری و ناڕەوایی دەرحەقکراو لە کوردستاندا، بەڵام لە ناوەڕۆکدا خۆڵکردنە چاویان و چاوبەستەگییانە تا حەقیقەت و جەوهەری دژە جەماوەر و دژە خەڵکی دەسەڵات پەردەپۆش بکرێت و جامی غەزەبیان لەسەریەوە نەڕژێت و لافاوەکەی دەسەڵاتداران ڕانەماڵێت، بۆیە فەرمانڕەوایان لەو بەرنامانەدا وا نیشاندەدرێن کە یا ئاگایان لەو “کەمووکوڕی” و “نا عەدالەتی”ـیانە نییە، وە هەر کاتێک ئاگادار بوونەوە وەک (بارزانی) دەستپێشکەری دەکەن بۆ چارەسەرکردنی، یان بەرپرسان و دەسەڵاتداران نەیانپڕژاوەتە سەر ئاوڕدانەوە لێی و جێگەی ڕەخنەن و داوایان لێدەکات ئاگادار بن و لایەکی “مەرحەمەت” لە جەماوەر بکەنەوە. هەربۆیە، وەک لە زمانی فارسیدا دەڵێن: (زیر این کاسە نیم کاسەایست – لەژێر ئەو کاسەیەوە نیو کاسەیەک هەیە!) بەڵێ لە پشت پەردەی ئەم بەرنامانەوە فریوکارییەکی سیاسی ئامانجدارانە و سیاسەتێکی کۆنەپەرستانە خۆی حەشارداوە و دەبێ ڕیسوا بکرێت. لە کۆتاییدا دەبێ بە ڕەنج بڵێین کە: بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێ!!
٢-٨-٢٠٢٢
-.-.-..-
١- (THE SUN)، ڕۆژنامەیەکی دەستەراستیـیە لە بەریتانیا دەردەچێ.
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
