دوێنێ، سێ شەممە (٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، لە شاری سلێمانی / گەڕەکی بەختیاری، (ناگەهان كەمال ئاكارسێڵ) ناسراو بە (هەڤاڵ زیلان) لەبەردەم ماڵەکەیدا درایەبەر دەستڕێژ و تیرۆرکرا.
ئەو چالاکەوانیکی بواری پرسی ژنان، نوسەر و ڕۆژنامەنوسی خەڵكی كوردستانی تورکیا و ئەندامی ناوەندی (ئەكادیمیای لێكۆڵینەوەی ژنۆلۆژی)، و (گۆڤاری ژنۆلۆژی) بووە، پێشووتر لە زیندانەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیادا زیندانی بووە.
لە سێ دەیەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستانی عێڕاق، هەمیشە و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ شوێنی دەستێوەردانی هەردوو دەوڵەتی کۆنەپەرستی ئێران و تورکیا بووە و دەستیان نەپارستووە لە تۆپباران و لەشکرکێشی و تیرۆری هەڵسوڕاوانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو دوو ڕژێمە، بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئەم تاوانانەیان بە شێوەیەکی چڕ و خەست پەرەی سەندووە، بەتایبەت بەدوای ڕاپەڕینی ژنان و خەڵکی ئازایخواز لە سەراسەری شارەکانی ئێراندا.
حکومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەردوو (دەڤەری زەرد) و (دەڤەری سەوز)یش، کە هاوبەرژەوەندی سیاسی و ئابووری ئەم دوو دەوڵەتە کۆنەپەرستەن، زەمینە و کەشێکی لەباریان لە هەرێمەکەدا خوڵقاندووە بۆ جێکەوتنی تۆڕە سیخوڕی و تیرۆریستییەکانی سەر بەو دوو دەوڵەتە و لەشکرکێشی و تۆپبارانەکانیان و تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیانی هەرێمەکە.
نەک هەر چاوپۆشی و گوێنەدانیان هەڵبژاردووە بەرامبەر ترۆر و دەستدرێژییەکانیان، بەڵکو دامودەزگاکانی (ئاسایش) و (پاراستن)ەکەی خۆشیان وەک (پاسداری جمهوری ئیسلامی) و دەزگای (میتی تورکیا) کەوتوونەتە هەڵمەت و هێرش بردنە سەر هەر گردبوونەوە و خۆپێشاندانێکی هاوپشتی جەماوەری ئازادیخواز لە هەرێمی کوردستان دژ بەو دوو دەوڵەتە.
لە کاتێکدا کە ژنان و جەماوەری ئازادیخواز و زەحمەتکێش لە ئێران ڕاپەڕیوون، بۆ لەگۆڕنانی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی، لە کاتێکدا کە ئەو جەماوەرە لە ناوخۆی تورکیا بە شەپۆلی گەورە دێنەمەیدان دژ بە دەوڵەتی بۆرژوا ئیسلامی ئەو وڵاتە، ئەوە بەرجەستەکردنەوە و بەهێزکردنی هاوپشتییەکی نێونەتەوەییە، بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە سنورێک دادەنێت بۆ ملهوڕی و لەشکرکێشی و ترۆری ئەو دەوڵەتانە، و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی بورژوا ئیسلامی و قەومی لە ناوچەکەدا، بە دەسەڵاتی هاوپەیمانە لۆکاڵیەکانیشیانەوە لە هەرێمی کوردستاندا.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) وێڕای سەرکۆنەکردنی توندی ئەم تیرۆرە سیاسییە و بەرپەرسکردنی دەسەڵاتدارانی دەڤەرەکە لە دەرخستنی ڕاستی ئەم تیرۆرە و دۆزینەوە و گرتنی تاوانبارانی، پاراستنی گیانی چالاکوانانی پەنابەر و دابینکردنی ئاسایش و ئارامییان دەخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبی دەسەڵاتدارەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندن
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
٥-١٠-٢٠٢٢