پێش (٣٥) ساڵ لە جەرگەی توندوتیژبونەوەی جەنگی عێراق-ئێران، ڕژێمی بەعسی فاشیست بە بەکارهێننانی چەکی کیمییایی تاوانی کۆمەڵکوژی شاری هەڵەبجەی خوڵقاند. تیایدا زیاتر لە پێنج هەزار کەس کوژران و بەهەزاران بریندار و ئاوارەی ناوخۆ و وڵاتانی هەندەران بوون، ژمارەیەکی زۆریش لە منداڵان بێ سەروشوێن بوون.
جەنگی هەشت ساڵەی دوو ڕژێمی فاشیست و خۆینڕێژ کە پتر لە ملیۆنێک ئینسانیان جینۆساید کرد، بە پاڵپشتی ئەمریکا و هیزە ئیـمپریالیستە ڕۆژئاوایـیەکان و وڵاتانی کەنداو بەڕێوە دەچوو و ئاگرەکەی خۆشدەکرا، و هیزەکانی ناسیونالیزمی کوردیش ستراتیژی دەستڕاگەیشتنیان بە دەسەڵات بەم تاوانکاریـیە گەورەیەوە گریدابووەوە. کارەساتی هەڵەبجە لوتکەی ئەم تاوانکاریـیە بوو کە ڕژێمی بەعسی فاشیست دەستی بۆ برد.
بەرژەوەندیـیە ئابوری و جیۆسیاسییەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە و زلهێزە ئیمپریالیستەکان، کە بە بەردەوامی هۆکاری سەرەکی جەنگ و شەڕە خوێناوییەکانن، تائێستاش سەروسیما دەدەن بە ڕەوەندە سیاسییەکانی ناوچەکە و کوردستان.

حزبە قەومییەکانی کوردستان کە خۆیان بەشێک بوون لەو هاوکێشانەی ئەم تاوانی کۆمەڵکوژییە یەکێک لە دەرهاویشتەکانی بووە، تائێستا و پاش تێپەڕینی سێ دەیە لە دەسەڵاتدارەتییان ئاسەواری ئەم ترایژیدیایە بەڕاستەوخۆیی لەژێر سایەیاندا درێژەی هەیە.
ئەمەش خۆی دەنوێنێت لە نەبوونی خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە چارەسەری بەرکەوتەکان و دابین کردنی داودەرمان و خەستەخانەی تایبەت و ڕەوانەکردنی بەرکەوتەکان بۆ دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەرکردن، هەربۆیە بەرکەوتەکان ناچارن نەک هەر لە ناوخۆی وڵاتدا بەدوای داودەرمان و چارەسەردا بگەڕێن، بەڵکو لەسەر خەرجی خۆیان گەشتی دەرەوەی وڵاتیش بکەن بۆ چارەسەر وەرگرتن.
دەبوو هەڵەبجە تایبەتمەندییەتی وەک شارێکی زامداری دوای جەنگ لەبەرچاو بگیرایە و بکرایەتە نمونەی شاری ئاوەدانیی و ئارامی و سەوزایی و باخچە و ئازادی و جۆرەها نەخۆشخانەی چارەسەری جەستەیی و دەرونی، بەڵام بەپێچەوانەوە، دەبینین زۆر پەراوێزخراوە و بەدەست کێشمەکێشی کۆنەپەرستانەی حزبە دەسەڵاتدارەکان و ڕەوتە ئیسلامیەکانەوە گیری خواردووە و بۆ هەر پێداویستیەکی سەرەتایی لە ئاو و کارەبا و نەخۆشخانە و قوتابخانە و ڕێگاوبان، دەبێت وەک شارەکانی تری هەرێم خۆپیشاندان و مانگرتنی چەند ڕۆژە بەڕێبخەن.
هەر ئەم ڕاستیانەشە وای کردووە خەڵکی ناڕازی و ئازادیخوازانی شارەکە بایکۆتی ئەو یادکردنەوانە بکەن کە لە لایەن حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتدارەوە هەر ساڵە بەڕێ دەخرێت.
لەسەروبەندی یادی (٣٥) ساڵەی ئەم تاوانی کۆمەڵکوژیـیەدا، دەسەڵاتداران ڕووبەڕووی ڕق و قینەی جەماوەری دڵ پڕ لەسوێی ئەم شارە بوونەتەوە. هێزە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵاتیش بۆ بەرگرتن بە تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکانیان، هەر لە ئێستاوە کەوتوونەتە گرتنی هەڵسوڕاوان و ڕێکخەرانی ناڕەزایەتیـیەکان و داسەپاندنی بارودۆخێکی سەرکوتگەرانە بەسەر شارەکەدا، نەکا جەماوەر بێنەمەیدانی ناڕەزایەتی دەربڕین، بەتایبەت لە ڕاگەیاندنێکدا هاتووە کە سبەی (١٤-٣-٢٠٢٣) خۆپێشاندانی جەماوەری بەڕێوە دەچێت.
ئێمە لەو یادە خەمناکەدا، سەرباری هاوبەشیی خەم و ماتەمینیمان بۆ تەواوی شارەکە، و پشتیوانی هەر جۆرە ناڕەزایەتیەکی جەماوەری شارەکە لە پێناو باشترکردنی ژیان و چارەسەری کێشە تەندروستی و ئابووری و کۆمەڵایتەتیـیەکانیان، بەتوندیش سەرکۆنەی گرتنی هەڵسوڕاوان و ڕێکخەرانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەین و خوازیاری دەستبەجێ ئازادکردنیانین.
ڕۆژنامەی ڕەوت
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
