سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە (٢٥)ی نیسان هێزێکی پڕچەکی ئاسایش هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی چالاکوان (عەلی مەحمود) و بە دوور لە هەر ڕێکارێکی یاسایی فڕاندوویانە. دەزگای ئاسایشی هەولێر پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە و لەژێر گوشاری میدیا و ئازادیخوازاندا دانی بەم کردەوە نایاسایـیەی خۆیدا نا و چارەنووسی فڕێندراوەکانی ئاشکرا کرد. بەڵام بۆ پینەکردنی ئەو ئاکارە نایاسیایـیە دووبارە بە لەژێرپێنانی سادەترین مافەکانی هەر تۆمەتبارێک، بەر لە دادگایی کردن یاخود ئاراستەکردنی هیچ تۆمەتێک، ڤیدیۆی دانپێدانانی فڕێندراوەکانیان لە ڕیگای دەزگا ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاوکردەوە.
(عەلی مەحمود) چالاکوانێکی ناسراوی بواری مافخوازیی لە کەیسەکانی ئەنفال و کیمیابارانە. ڕێکخەری کەمپینی بە دادگایی گەیاندنی تۆمەتبارانی ئەنفال و کۆمەڵکوژیەکانە. ئەو تۆمەتبارانەی کە بەڵگەی حاشا هەڵنەگر لەسەر تێوەگلانیان لە دەستگیرکردن، کوشتن و بێ سەروشوێنکردنی هەزاران کەسدا هەیە و لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عیراقەوە داوا کراون، بەڵام لە بن باڵی (پارتی دیموکراتی کوردستان) و (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) و هەندێک حزبی بەناو ئۆپۆزیسیۆندا نەک هەر داڵدەدراون، بەڵکو ژمارەیەکی زۆریان خاوەن پلە و پایەی سەربازین و لە ئیمکاناتی مالی و ژیانێکی شاهانە بەهرەمەندن.
هەردوو باندی دەسەڵاتداری کوردستان بۆ درێژەدان بە تاڵانکاری سامانی خەڵکی کوردستان و داسەپاندنی هەژاری و نەداری بە سەر بەشی هەرە گەورەی کۆمەڵگادا پێویستی بەردەوامیان بە سەرۆک عەشیرەت و پەیوەندی و فەرهەنگی کۆنەپەرستانە هەیە و لە کێبەرکێی بەردەوامدان بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی ئەوانە. هەربۆیە سەرجەم بڕیارەکانی دادگا و هاواری دادخوازیی کەسوکاری ئەنفالکراوان و قوربانیەکانی ڕژێمی بەعس بە فەرامۆشی دەسپێرن و بەکردەوە هاوبەشی تاوان و تراجیدیایەکن کە هێشتا لە دەروونی قوربانیاندا زیندوون.
عەلی مەحمود تۆمەتبارکراوە بە داڵدەدانی یەکێک لەو قوربانیانە کە لە کاردانەوەی ئەو هەموو ستەم و برینە ساڕێژنەکراوانەدا دەستی بردوو بۆ تۆڵەکردنەوەی خوێنی باوکی هەرگیز نەدیوی. لە کاتێکدا کە داڵدەدانی سەدان تاوانکار و نۆکەری بەعس دڵۆپێک عارەقەی شەرم ناخاتە سەر ناوچەوانی هیچ بەرپرسێک و حاکمێک و دادوەرێکی ئەم وڵاتە. لە ڤیدیۆی دەزگای ئاسایشی هەولێردا بێ شەرمیـیەکی بێ وێنە دەچۆڕێ. ئەو دەزگا ئەمنیـیەی کە پارێزەری یاسای جەنگەڵستانە، هەموو ڕۆژێک بە بەرچاوی زەقیەوە کەرامەت و ژیانی خەڵکی بێ پەنای کوردستان بە دەست گۆپاڵبەدەستە کۆن و تازەکانی حزبەکەیانەوە لەکەدار دەکرێت و خەڵتانی خوێن دەکرێت، کەچی لافی پاراستنی ئەمنیەت و ژیانی خەڵک و بە سزا گەیاندنی تاوانکاران لێ دەدات.
هۆکاری ڕاستەقینەی فڕاندن و ڤیدیۆگرتنی (عەلی مەحمود)، پەردە هەڵماڵینێتی لەسەر تاوانکاران نەک داڵدەدانی تۆمەتبارێک. دەزگا ئەمنی و حزبیـیەکانی هەولێر دەمێکە لێو لە عەلی دەکرۆژن و لە فرسەتێک دەگەڕێن کە ئەوی هەمیشە بزێو و هەرگیز نەبەزیو بێ دەنگ بکەن. بە تۆڵەکردنەوە لەویش کۆمەڵگایەکی لێوانلێو لە توڕەیی و بێزاری بترسێنن و دەمبەست بکەن. هەربۆیە وەدەنگهاتن لەبەرانبەر ئەم کردەوە مافیایەی (پارتی) ئەرکی هەر ئازادیخوازێکە. ئەم ڕووداوە دەبێ سەرەڕای بۆنەیەک بۆ جارێکی تر پێ داگرتن لەسەر ئازادی سیاسی. دەرفەتێکیش بێت بۆ دووبارە بەرزکردنەوەی خواستی بە دادگا گەیاندنی ئەنفالچی و کۆمەڵکوژەکان.
ئێمە کە لە خوارەوە ئیمزای ئەم بەیاننامەیە دەکەین خوازیارین کە:
تۆمەتبارانی ئەنفال و کۆمەڵکوژیەکان، دەبێ دەستبەجێ هەموو پارێزبەندییەکی حزبی (پارتی) و (یەکێتی) یان لەسەر لابچێت و ئیمتیازاتەکانیان لێ دابماڵرێت و پاشان ڕادەستی دادگا بکرێن و بە سزای کردەوەکانیان بگەیەنرێن.
دەسەڵاتدارانی کوردستان دەست لە پەلامار بۆ سەر ئازادیخوازان و سەرکوتی ئازادی سیاسی هەڵگرن و سەرجەم زیندانیانی سیاسی ئازاد بکەن.
عەلی مەحمود دەبێ دەستبەجێ ئازاد بکرێت!
ئیمزاکان:
تێبینی: تا کاتی دەرچوونی ئەم ژمارەیەی ڕۆژنامەی ڕەوت، ئیمزا کۆکردنەوەکان بەردەوام بووە، بۆیە لێرەدا ئیمزاکان بڵاونەکراونەتەوە.
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
