نووسینی: ڕۆزا لۆکسەمبۆرگ
و. لە ئینگلیزییەوە: ئازاد ئارمان
هزری کامەرانی وەک یەک جەژن و پشووی پرۆلیتاری، بە پێناس و وەسیلەی جێبەجێ کردنی (٨) سەعات کار لە ڕۆژێکدا یەکەمین جار لە ئوسترالیا لە مالبۆرن لە دایک بوو. کرێکارانی ئوسترالیا لە ساڵی (١٨٥٦) بە کۆمەل بڕیاری یان دا یەک ڕۆژ کار رابگرن و کۆبوونەوە و مەراسیم بەرێبخەن لە پێناوی چەسپاندنی (٨) سەعات کار لە ڕۆژێک دا. ئەم ڕۆژەی ئەو مەراسیمەیان تیایدا بەرپاکرد (٢١)ی ئەپریل بوو. لە سەرەتادا کرێکارانی ئوسترالیا بە تەنها ساڵی (١٨٥٦)یان لە بەر چاو گرتبوو، بەڵام مەراسیمی یەکەمین ساڵ کاریگەری گرنگی دانا لەسەر جەماوەری پرۆلیتاریای ئوسترالیا، کە بە شوێنێک گەیشت بوو بە وروژانێکی دیار و نوێ، بۆیە بڕیاریاندا هەموو ساڵێک دووبارە مەراسیم بگێرن.
لە ڕاستیدا چ شتێک ئەو ئازایەتیـیە مەزنەیدا بە کرێکاران کە باوەر بە هێزی خۆیان بکەن و هەروەها ڕێککەوتن نامەیەکی کاری جەماوەری بە خۆیان هەڵیبژێڕن؟ چ شتێک توانی ئەم ئازایەتی یە بە کۆیلانی دەستی کارگە و کارخانەکان بدات بۆ بانگەوازکردنی سوپای خۆیان؟ بەوشێوەیە ئیدەی مەراسمی پرۆلیتاری بەخێرایی قەبوول کرا، وە لە ئوسترالیا دەستی پێکرد و بڵاوبۆوە بۆ وڵاتانی تر سەرەنجام تەواوی پرۆلیتاریای جیهانی گرتەوە.
یەکەمین نموونە کە بە دوای کرێکارانی ئوسترالیا دا بەرێوە چوو، کرێکارانی ئەمریکایی بوون. لە ساڵی (١٨٨٦)دا ئەوان باوەڕیان وابوو (١)ی ئایار ببێت بە ڕۆژی ڕاگرتنی کار لە جیهاندا. لەم ڕۆژەدا (٢٠٠) هەزار کرێکار دەستیان لە کار کێشایەوە و داخوازی (٨) سەعات کاریان لە ڕۆژێکدا بەرزکردەوە. دواتر دەسەڵاتداران ڕێگری یاسایی و پولیسی یان دانا بۆ قەدەغەکردنی کرێکاران بۆ چەندین ساڵ بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارە بوونەوەی {ئەم قەبارەیە} لە خۆپیشاندان. هەروەها لە ساڵی (١٨٨٨)دا ئەوان سەرلەنوێ بڕیاریاندا و سووربوون کە مەراسیمی داهاتوو ئەبێت لە (١)ی ئایاری (١٨٩٠)دا بێت.
لەو سەردەمەدا بزووتنەوەی کرێکاران لە ئەوروپا گەشەی بەهێزتر و گورجوگۆڵتر بوو. بە هێزترین نموونەی ئەم بزووتنەوەیە کۆنگرەی کرێکارانی ئەنتەرناسیونال بوو لە ساڵی (١٨٨٩)دا. لەم کۆنگرەیەدا، کە (٤٠٠) کەس لە نوێنەری کرێکاران ئامادەبوون و بڕیاریاندا (٨) سەعات کار لە ڕۆژێکدا یەکەمین داخوازی یان بێت. لە سەرووی هەموویانەوە نوێنەرانی یەکێتیـیە کرێکاراییەکانی فەرەنسا، کرێکاری لاڤین (Lavigne) لە برۆدۆ (Bordeaux)، داواکاری ئەوە بوون ئەم داخوازیـیە ببێتە داخوازی کرێکارانی تەواوی وڵاتان و بەرزبێتەوە بۆ وەستانی کار لە سەرانسەری جیهان. نوێنەرانی کرێکارانی ئەمریکا بانگێشەی هاوڕێیانیان کرد بۆ مانگرتن لە (١)ی ئایاردا لە ساڵی (١٨٩٠)دا. کۆنگرە بڕیاری دا ئەم ڕۆژە ببێتە ڕۆژی مەراسیمی پرۆلیتاریای جیهان.
لەم مەسەلەیەدا (٣٠) ساڵ بەر لە ئوسترالیا، کرێکاران لە ڕاستیدا یەک جار خۆپیشاندانیان بەرێخست. کۆنگرە هەڵوێستی گرت کرێکارانی سەرتاسەری دونیا بە هاوپشتی لەگەڵ یەکتر لە پێناوی (٨) سەعات کار لە ڕۆژێکدا لە (١)ی ئایاری (١٨٩٠) خۆپیشاندان بەڕێبخەن. هیچ کەس قسەی نەکرد لە سەر پشووی ساڵانی داهاتوو. چونکە بە شێوەیەکی سروشتی هیچ کەسێ نەیتوانی ئەم بروسکە لە ناکاوە پێشبینی بکات و کە بەم شێوەیە قەبووڵ بکرێت و بەم خێراییـیە لە ڕێگای چینی کرێکارانەوە بەرەو پێش بچێت. هەرچۆنێک بوو گێرانی مەراسمی (١)ی ئایار یەک جار بوو. بەڵام ئێستاکە هەموو کەس تێگەیشتووە و هەست دەکات کە ڕۆژی (١)ی ئایار بووە بە داب و نەریتێکی ساڵانە و بەردەوامە.
یەکەمین داخوازی (١)ی ئایار دەروازەیەک بوو بۆ (٨) سەعات کار لە ڕۆژێکدا. بەڵام هەتا پێش گەیشتن بەم ئامانجەش، ڕۆژی (١)ی ئایاریان واز لێ نەهێنا. تا ئەو کاتەی خەباتی کرێکاران لە دژی بۆرژوازی و دەسەڵاتی فەرمانرەوا بەردەوام بێت، تا ئەو کاتەی بە مافەکانمان دەگەین، ڕۆژی (١)ی ئایار پێوستە دەربرینی داخوازی ساڵانەمان بێت، تاکو ڕۆژێکی باشتر شەبەق دەدا، تا ئەو کاتەی چینی کرێکاری جیهان سەردەکەوێ و ڕزگاری بە دەست دێنێ ئەو کاتە مرۆڤایەتی لەوانەیە مەراسیمی ڕۆژی (١)ی ئایار جەژن بگرێت بۆ ڕێزلێنان لە خەباتی تاڵ و ئازاری ڕۆژانی ڕابردوو.
تێبینی: ئەم وتارەی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، یەکەمین جار لە ساڵی (١٨٩٤) بە زمانی پۆڵۆنی و لە ڕۆژنامەی (Sprawa Robotnicza) بڵاوکراوەتەوە.