
سەبارەت بە تیرۆری هونەرمەند خواناس وریا
تیرۆری ئەم هونەرمەندە لە ئێوارەی پێنج شەممەی (٢٢-٦-٢٠٢٣)، لەناو بازاڕی چەمچەماڵ، لە لایەن هاوڕێیەکی خۆیەوە، و لەسەر جیاوازی بیروڕا دەربارەی ئایین، ڕووداوێکی دڵتەزێن و ویژدان هەژێنە، بەڵام ئاماژە و گوزارشیش لە زۆر شتی تر دەکات.
لەژێر چەتری دەسەڵاتی حزبە ناسیونالیستەکانی کوردستان بە درێژایی سێ دەیە لە فەرمانڕەوایەتییان، مەیدان ئاوەڵاکراوەتەوە بۆ بانگخوازان و سەلەفییەکان و مەلای مزگەوتەکان، کە نەک هەرچی بێ حورمەتی هەیە دەرحەق بە ژنان و بە ئازادیخوازان بڵاوی بکەنەوە، بەڵکو لە زۆر بۆنەشدا هەڕەشە و دنەدانی کوشتنیش ڕابگەێنن، لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا کانیانیانەوە.
ئەمە شتێک نییە کە بڵێین، کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی سوننەتی و ئایینییە و دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی سەرمایەداری کوردایەتی، ناچارە چاوی خۆی لێ بنوقێنێت، بەڵکو دەسەڵاتدارانی هەرێم و حکومەتەکەیان کۆمەکی مادی و مەعنەویان دەکەن، بەمەبەست و ئامانج ئەم مەیدانەیان ئاواڵاکردۆتەوە بەدژی خەڵکی ئازدیخواز و یەکسانیخوازی کوردستان، بۆ ئەوەی دەستی کۆمپانیا و پڕۆژەکان و بەرپرسانی حزبی و حکومییان زیاتر کراوە بێت بۆ گەندەڵی و ڕاوڕوتی داهات و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە، ئیتر ئەوە دەرنجامەکەیەتی، بەداخەوە دەبێ بەبەردەوامی گوێبیستی هەواڵی ئاوا بەئازار و جەرگ بڕ بین.
هەرچی بەرەی ئیسلامی سیاسی هەیە دەیانەوێت و لە هەوڵدان ئەم تاوانە بەوە پەردەپۆش بکەن کە توندوتیژی لەهەردوو لای فکری ئایینی و فکری سێکیولار ئەم بەرەنجامەی لێ کەوتۆتەوە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەر لە بەرەی ئایینییەوە دەستبراوە بۆ چەک و کاری توندوتیژی ئەنجامدراوە، دیارە ئەو بەرەیە ئازادی ڕادەربڕینی سێکیولارەکان و بێخودایان (مولحیدەکان) بە توندوتیژی دادەنێن بەرامبەر بە خۆیان و قبوڵی ناکەن و خوێنی لەسەر دەڕێژن، وە بەڕاستیش ئەمە واقعەکەیە، کە بەرەی ئیسلامی سیاسی و بەگشتی کۆنەپەرستی ئایینی تەحەمولی ئازادی ڕادەربڕین ناکات بۆ بەرەی دژ بە بیروباوەڕی خۆی، لە کاتێکدا ئەوان هەزاران مینبەر و سەکۆیان هەیە و ڕۆژانە بانگەوازی خۆیانی تیا ڕادەگەێنن.
ئەم جۆرە تاوان و تیرۆرە دیاردەیەکی نامۆ نیـیە لە کوردوستان، بۆیە دەبێ بەرەیەکی ئازادیخواز لە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەڕێ بخرێت دژی ئەم هێرشە ناڤرۆڤایەتی و کۆنەپەرستییە لەکوردستاندا، دەبێ دەست بۆکارێکی مەیدانی بەرین.