پەرلەمانی عێڕاق لە کۆبوونەوەی خۆیدا، لە (٤)ی ئابی (٢٠٢٤)دا، خوێندنەوەی بۆ پڕۆژەیەکی پێشنیارکراو کرد دەربارەی گۆڕینی یاسای باری کەسێتی عێڕاق، ژمارە (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩).
ئەم گۆڕینەش نەک لەو ڕووەوە کە ماف و ئازادی و دەسکەوتی زیاتر بۆ ژنان و منداڵان دەستەبەر بکات، بەپێی ئەو پەرەسەندن و پێشکەوتنە گەورانەی کە لە کۆمەڵگەی عێڕاق و جیهاندا هاتوونەتە ئاراوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە، بۆ لێ سەندنەوەی ئەو ماف و دەسکەوتانەی کە (٦٥) ساڵ لێرەو پێش بە یاسا جێگیرکراون.
بەپێی پڕۆژەی پێشنیارکراو ئەو سنوردارکردن و سزایانە لادەبرێن لەسەر بەشوودانی مناڵانی کچ و دەستی دامودەزگا ئایینییەکان ئاوەڵا دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بەناوی مەزهەب و تائیفەی دینی مناڵانی (٩) ساڵان بەشوو بدەن و هەرچی بێ مافی و نایەکسانی هەیە دای سەپێنن بەسەر ژنان و مناڵاندا. ئەمە و مافی سەرپەرشتی کردنی مناڵیش بەپێی پڕۆژەی پێشنیارکراو لە دایکان دەستێندرێتەوە کە یاسای ژمارە (١٨٨) تا تەمەنی (١٥) ساڵان بۆی بەڕەسمی ناسیووە. وە گەلێک بڕگە و بەندی تری پێشنیارکراو بەدژی ماف و یەکسانی ژنان و بە کۆیلەکردنیان.
ئەمە یەکەمجار نیە کە حزبە سیاسیـیە ئیسلامیـیەکانی شیعە لە پەرلەمان هەوڵدەدەن ماف و دەستکەوتەکانی ژنان و یاساکانی پاریزەری ئەو دەستکەوتانە بسەننەوە، و لە جیگەیاندا یاسای تایفی دژ ژن و منداڵ دابنێن. لە ئیستادا لە ڕیگەی پرۆژەی گۆڕینی یاسای باری کەسێتیەوە ئەم کارە ئەنجام دەدەن، بەڵام ڕوبەڕووی ناڕەزایەتی بەرینی جەماوەری ئازادیخوازان و چالاکەوانانی بەرگریکار لە ماف و ئازادیەکانی ژنان بونەتەوە.
ئەم هەوڵانەی گۆڕینی یاساکە گەرچی لە پەرلەمانی عێڕاقدا دەگوزەرێت، بەڵام لە حاڵەتی سەرکەوتنیدا کاریگەری ڕاستەوخۆشی لەسەر بارودۆخی کوردستان دەبێت. کۆنەپەرستانی کوردستان پشت و پەنایەکیان بۆ پەیدا دەبێت و دەستیان ئاوەڵا تر دەبێتەوە بۆ دەستدرێژی و سوکایەتی کردن بە ژنان و بە ماف و ئازادییەکانیان. حزبەکانی بەشداربوو لە پەرلەمان و دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرپرسیار دەبن لە بەرامبەر خەڵکی کوردستاندا گەر دەنگ بدەن بەم پڕۆژە یاسا کۆنەپەرستانەیە.
ئێمە وەک کەسانی ئازدیخواز کە واژۆی ئەم ڕاگەیاندنەمان کردوە، بریامانداوە بەهەموو تواناوە دژی ئەم ڕەوتە نامرۆڤانەیە بوەستینەوە، کە نەک هەر مەترسییە بۆسەر ژنان و مناڵانی ناوەڕاست و خوارووی عێڕاق، بەڵکو مەترسیشە بۆسەر ئازادی و ماف و دەسکەوتەکانی ژنان و مناڵان لە هەرێمی کوردستان.
هەروەها لە هەوڵدادەبین لەگەڵ هەموو ئەو کەمپین و هەوڵوکۆششانەدا هاوئاهەنگی و هاوکاری بکەین، چ لەسەر ئاستی عێڕاق و چ لەسەر ئاستی هەرێم، کە دژی ئەم پڕۆژە پێشنیارکراوەن، بەتایبەت (هاوپەیمانی ١٨٨ بۆ بەرگری لە یاسای باری کەسایەتی کارپێکراو)، کە چەترێکە لە ئێستا بۆ کۆکردنەوەی هەوڵ و چالاکییەکان بۆ وەستاندن و پوچەڵ کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە.
هاوکات بانگەوازی هەڵسوڕاوان و چالاکوانانی بواری بەرگری لە ئازادی ژنان و مافە مەدەنییەکان، لە ڕێکخراوەکانی لایەنگر لە مافی مرۆڤ و هەموو ئەو حزب و لایەن و کەسایەتیـیانە دەکەین کە ڕادەی سامناکی ئەم تاوانە ویژدانیان ڕادەچڵەکێنێت، دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرزبکەنەوە و بە هەرجۆرێک بۆیان دەکرێت دژی ئەم گۆڕانکارییە کۆنەپەرستانەیە لە یاسای باری کەسێتیدا بوەستنەوە و گوشار بخەنە سەر لایەنە بەرپرسەکانی عێراق و پەرلەمان و دەزگای قەزایی بۆ ئەوەی ئەم پرۆژەی ئاڵوگۆڕیە پوچەڵ بکرێتەوە، واژکردن و پشتیوانی کردنتان بەشێکە لە بەهێزکردنی بزووتنەوەیەک بۆ پوچەڵەکردنەوەی ئەم پڕۆژە یاسایە.
١٦-٨-٢٠٢٤
-.-.-.-.-.-.-
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
