ئامادەکردنی ڕاپۆرت: سالار سابیر
لە (٢٨-١-٢٠٢٥)ەوە، بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی لە بەردەم ئۆفیسی [یو.ئێن-UN] لە سلێمانی گردبوونەوە و خەیمەیەکیان هەڵدا و تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، ئەوە سێ ڕۆژە بەردەوامە، دژ بە پێنەدان و دواکەوتنی موچەکان و پلە بەرز نەکردنەوە و پاشەکەوتی زۆرە ملێی مووچە و بڕینی دەرماڵەکانیان و دانەمەزراندنی مامۆستایانی خۆبەخش و وانەبێژ و گرێبەستەکان. ئەم مانگرتووانە لە کەشوهەوایەکی زۆر ساردی زستانەدا وێڕای مانگرتنیان لەناو ئەخەیمەیەدا، ڕاشیان گەیاندووە کە مانیشیان لە خواردن گرتووە.
شایانی وتنە نوێنەرانێک لە کفری و کەلار و چەمچەماڵ و کەرکوکیشەوە هاتوون بۆ بەشداری و پشتیوانی، لەگەڵ مامۆستایان و خانەنشینان و زیندانیانی سیاسی ئامادە بوون. هەروەها خۆپێشاندانی بەرفراوانیش لە سلێمانی بۆ پشتیوانیان ئەنجامدرا
ئەمە یەکەم جار نیـیە لە کوردستاندا کێشەی مووچە هاتبێتەئاراوە، بەڵکو ئەوە زیاتر لە دە (١٠) ساڵە لە (٢٠١٤)ەوە حکومەتی هەرێم مووچەی کارمەندان و کرێکاران و خانەنشینان و … بەگشتی مووچەی هەموو مووچەخۆرانی کەرتی گشتی دواخستووە، یان بە زۆەملێی لە ساڵێکدا چەند مانگێک مووچەکانیانی پاشەکەوت کردووە، یان بەشێکی لێ بڕیوە وەیا نیوە مووچە و چارەکە مووچەی دابەش کردووە.
لە ئێستاشدا جگە لەوەی بەشێک لە مامۆستایان مووچەکانی مانگی تەمموز و ئابی ساڵی (٢٠١٤)یان وەرنەگرتووە، موچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمیش لە مانگی دوانزە (کانوونی یەکەم)ی (٢٠٢٤) نەدراوە لەلایەن حکومەتی هەرێم، و هیچ دەنگوباسێک لەبارەیەوە لەئارادا نییە، ئەمەش واتا یان دوا دەکەوێت یان بێ سەروشوێن دەکرێت وەک مووچەی چەند مانگێک لە ساڵانی ڕابردوودا. ئەمە جگە لەوەی کە ئێستا لەسەرەتای مانگی دوو داین و مووچەی مانگی یەکیش نەدراوە.
هەموو ئەم برسیی کردن و داسەپاندنی بێ مافیـیە لە کاتێکدایە داهاتی ناوخۆ لە گومرگی سەرسنورەکان و باجەکانی ناوخۆ و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و ئاودیوکردنیان بۆ ئەو دیوو سنورەکان بە کاروانی تەنکەر، نوقمی گەندەڵی و تاڵانکاریـیەکی لەڕاددە بەدەرن. هەروەها کۆمپانیا و پڕۆژەکانی بازرگانی و پیشەسازی (کە زووربەشیان سەر بە یەکێک لە حزبەکانی دەسەڵاتن) ڕۆژانە خەریکی کەڵەکەی سەرمایە و چنینەوەی قازانجن لەسەر شانی دەرد و ڕەنجی خەڵکی چەوساوە و مافخوراوی هەرێمەکە. ئەمڕۆ کەرتەکانی کارەبا و خوێندن و پاکوخاوێنی ژینگەی شارەکان و کەرتی تەندروستی بوونەتە بزنێسکی پڕ سوود لەسەر حیسابی ژیانی خەڵکی زەحمەتکێشی هەرێمی کوردستان.
ئەم سیاسەتەش لە لایەن کابینەی هەشتەم و نۆیەمی حکومەتی هەرێمەوە پەیڕەوی لێ کراوە، و بەشێکە لە سیاسەتی نیولیبرالیزمی ئابووری و کابینەی دەیەمیش کە بەڕێوەیە پێکبهێندرێت لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی) و (یەکێتی)یەوە درێژەپێدەری هەمان ڕێبازی نیولیبرالیزمی حکومەتی هەرێم دەبێت کە ئاگاهانە پیادەی دەکات. هەر لێرەشەوەیە کە کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی هەرێم نەک هەر کێشەکانیان چارەسەر نەکردووە، بەڵکو ڕۆژبەڕۆژ بەرەوخراتر و خراپتریشی دەبەن.
ئەمە جگە لەوەی حکومەتی ناوەندیش لە بەغدا کە لە دەستی ڕەوتە تائیفی و قەومییەکاندایە و لە کێشمەکێشیاندا لەگەڵ حزبە قەومییەکانی کوردستان ناردنی بەشە بوودجەی هەرێم و مووچەکان وەک ئامڕازی فشار بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز بەدژی یەکتری بەکاردەهێنن.
ئەم یاری کردنە بەمووچەی مامۆستایان و کارمەندان و خانەنیشیان و کریکاران و زیندانیانی سیاسی لە لایەن حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵەوە، ژیانی مووچە خۆرانی کردۆتە بارمتە، و گرفتە سیاسیەکانی خۆیان خستوەتە ئەستۆی خەڵکی ستەم دیدە و مافخوراوی هەرێمی کوردستان. کێشمە کێش و گەندەڵی دەسەڵات لە هەرێم و حکومەتی ناوەند باجەکەی لەسەر گیرفانی مووچە خۆرانە.
شایەنی باسە ئەم مانگرتوانە بە هاوسۆزی و پشتیوانی خەڵکی کوردستان هەنگاوێکیان هەڵگرتووە، و ئەم نارەزایەتیـیەی ئەم جارە براوەتە بەردەم داموو دەزگا نێودەوڵەتیەکان وەک (UN)، ئەمەش ئەوە دەگەێنێت کە چاوەڕوانییان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی نییە تا سکاڵاکانیان بخەنەبەردەمیان، وە هیچ خۆشباوەڕیـیەکیان بەو دوو حکومەتە نەماوە، بەڵکو مانگرتوان پێیان وایە لەم ڕێگایەوە فشار بخرێتە سەر هەردوو دەسەڵاتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی لە بەغدا تا چیتر یاری بە چارە نووسی خەڵکی کوردستان نەکەن و کێشە سیاسیەکانیان نەشکێنرێتەوە بەسەر خەڵکی ستەم لێ کراوی کودستاندا، ئەمەش خۆی ڕەنگدانەوەی ناڕێکخراوبوون و نایەکگرتووبوونی ئەو جەماوەرە ناڕازییە دەردەخات.
بە بۆچوونی من ئەوە ڕێکخستن و یەکگرتووکردنی ناڕەزایەتی توێژ و بەشە جۆراوجۆرەکانی جەماوەری زەحمەتکێشە، بە هاوپشتی خەڵکی ستەم لێ کراوی عیراق، کە دەبێتە هەوین بۆ سەرخستنی ئەم ناڕەزایەتییانە و دابین کردنی مافەکانمان لە ڕووبەڕوو بونەوەدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانێکی مافیایی و گەندەڵ کە هەم نوێنەرانی سەرمایە و سەرمایەدارانن و هەم خاوەن کۆمپانیا و پڕۆژە ئابوورییەکان و قۆرخکاری بازاڕ و دەسەڵاتن لە هەردوو زۆنی (زەردی پارتی) و (سەوزی یەکێتی).
٣٠-١-٢٠٢٥
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
