ئامادەکردنی ڕاپۆڕت: ڕۆژنامەی ڕەوت

لە بارودۆخی سیاسی ئێستا و لەم هاوسەنگی هێزی چینایەتییەی کە لە ئارادایە، سیاسەتی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) و بە دیاریکراوی (کۆمیتەی سلێمانی) بۆ بەرزڕاگرتن و بەڕێوەبردنی چالاکیـیەک لە یەکی ئایاردا، بریتی بوو لە دەستپێشخەری و کارکردن و هەوڵدان بۆ بەشداری چالاکانەی هەرچی زیاتری توێژ و بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار و تەواوی ڕێکخراوە کرێکاری و جەماوەرییەکان، لە ناوەند و کەرتەکانی؛ بیناسازی، ژینگەپارێزی، کارەبا، تەندروستی و خەستەخانەکان، مامۆستایان و خانەنشینان، ژنان و خوێندکاران و شوفێرانی تاکسی و … هتد، لە بەرزڕاگرتنی ئەو ڕۆژە و بەڕێکخستنی چالاکییەک بەو بۆنەوە.
هەر لەو ڕاستایەشدا پەیوەندی گرتن لەگەڵ هەڵسوڕاوانی کرێکاری و جەماوەری و سۆشیالیست و ئازادیخواز بە پێویست زانرا بۆ هەرچی زیاتری هاوئاهەنگی و سەروساماندان و بەشداری لەو ڕێوڕەسمەدا.
ئەمە و دەستپێشکەری کردنی هاوڕێیانی (بەدیلی کۆمۆنیستی) بۆ پەیوەندی کردن بەچەند لایەنێکی سیاسییەوەی بە گرینگ دانراوە بۆ هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش و بەشداری لە بەڕێوەبردنی مەراسیمێک بە دەستەجەمعی،…
دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەرایی چەند هەڵسوڕاوێک لە سلێمانی وەک ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانتری هەڵسوڕاوان، بڕیاری پێکهێنانی (کۆمیتەی یەکی ئایار) درا و لە کۆبوونەوەکانی دواتردا (کۆمیتەی یەکی ئایار) هەڵسا بە کاردابەشکردن و دیاریکردنی میکانیزمی دابینکردنی کۆمەگی مالی و خەرجییەکان و دیاریکردنی دروشم و ئامادەکردنی وتاری کۆمیتەکە و سەعات و شوێنی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە و بەرنامەی بەڕێوەبردنەکەی.
لە ڕۆژی یەکی ئایاری (٢٠٢٥)دا لە سەعات چواری عەسر (١٦:٠٠)وە جەماوەرێک لە کرێکاران و زەحمەتکێشان، لە ژنان و خوێندکاران، لە هەڵسوڕاوان و ئازادیخوازان و چالاکوانانی سیاسی و کۆمۆنیستەکان لە شەقامی سالم لەو شوێنە کە ناسراوە بە (سەهۆڵەکە) گردبوونەوەیەک دەستی پێکرد و بە ڕێپێوان بەرەو (باخی گشتی) شارەکە، بەڕێکەوتن بە بەرزکردنەوەی ئاڵای سور و چەندین لافیتە لە خواستە کرێکارییەکان لەوانە:
- یەکسانکردنی ستانداردی مووچەکانی هەرێم لەگەڵ ستانداردی مووچەکانی عێڕاق.
- دابینکردنی خانەنشینی بۆ کرێکارانی بیناسازی کەرتی تایبەت.
- قەرەبووی پەککەوتە و قوربانیانی شوێنی کار.
- بەرزکردنەوەی هەقدەستی کرێکاران.
- دابینکردنی کاری گونجاو یان بیمەی بێکاری.
- یاسا کارێکی سەردەمیانە. سەلامەتی شوێنی کار.
- دابینکردنی بێ بەرامبەری خزمەتگوزاریـیە گشتیـیەکانی تەندروستی و خوێندن و …
هەروەها بەدەم ڕێپێوانەکەوە چەندین سرودی کرێکاری و دروشم دەوترانەوە، لەوانە:
- ڕۆژی ١ی ئایار ….. یەک ئامانج و یەک هاوار.
- چەوسانەوە و زۆرداری ….. سیمای سەرمایەداری.
- ئازادی و یەکسانی ….. ژیانێکی ئینسانی.
دوای ئەوەی ڕێپێوانەکە گەیشتەبەردەم باخی گشتی، لەوێ ئاپۆڕەی بەست بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامەی ڕۆژی یەکی ئایار، بە ئامادەبوونی چەندین کەناڵی تەلەفزیۆنی و ڕاگەیاندنی دەنگ و ڕەنگ بۆ ڕووماڵکردنی مەراسیمەکە، کە سەرەتا بە سرودی ئینتەرناسیوناڵ دەستی پێکرد و پاشان وتاری (کۆمیتەی یەکی ئایار) لە لایەن (عەلی مەولود)ەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا، بەدوایدا پارچە شعرێک لە لایەن (بەندی عەلی) و سرودێکی کرێکاری لە لایەن (نەجم محمەد)ەوە پێشکەش کرا. بەدوایدا وتەی (ئەنجومەنی سەربەخۆی کارمەندانی کارەبا) لەلایەن (زانا شێخ محەمەد) و وتەی (ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان) لەلایەن (سۆزان حەسەن)ەوە خوێندرایەوە. لە کۆتاییدا هۆنراوەیەک لەلایەن (شیرین کاف)ەوە پێشکەش کرا. مەراسیەمەکە بە وتنەوەی دەستەجەمعی سرودی ئینتەرناسیوناڵ لەلایەن بەشێک لە بەشداربووان و ڕێکخەرانی مەراسیمەکە کۆتاییهات.
٣-٥-٢٠٢٥
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
