خۆپێشاندانی جەماوەر لە سلێمانی دەکەوێتە بەر پەلاماری دڕندانەی هیزەکانی دەسەڵات

پێنج شەممە (٣-١٢-٢٠٢٠) لە شاری سلێمانی، جەماوەرێکی بەرفراوان، لە مامۆستایان و کارمەندان، لە کرێکاران و کاسبکاران و خەڵکی ناڕازی، دژی دواکەوتنی موچەکانیان و بێدەربەستی حکومەتی هەرێم بەرامبەر برسیەتی و بێکاری و نەبونی خزمەتگوزاریەکان و دەسدرێژی بۆسەر ئازادیەکان، بەردەوامیاندا بە خۆپێشاندانەکەی ڕۆژی چوار شەممەیان.

هێزە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵات هەڵمەتیان بردەسەر خۆپێشاندەران کە ئاشتیانە ناڕەزایەتیان دەردەبڕی و تەقەیان بەسەراکردن و بە گوللـەی پلاستیک و گازی فرمێسکڕێژیش ڕووبەڕوویان بوونەوە، لە ئەنجامدا چەندین خۆپێشاندەر توشی گرفتی هەناسەدان و تێکچونی باری تەندروستی بوون، و زیاتر لە پانزە کەسیش دەسگیر کراون.

هاوکات لە شاری (ڕانیە)ش بەشێک لە هەڵسوڕاوان، مامۆستایان و فەرمانبەران گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا دژی بێموچەیی و داسەپاندنی برسیەتی و دەسەڵاتی گەندەڵکار، وە پشتیوانی خۆشیان ڕاگەیاند بۆ خۆپێشاندەرانی سلێمانی.

حکومەتی هەرێم بەدرێژایی دوانزە مانگی ئەمساڵ تەنها چوار موچەی خەرجکردوە، بەمەش بێگوزەرانی و دەستەنگی بۆ جەماوەرێکی زۆر هێناوەتەئاراوە و برسیەتی و بێکاری و گرفتە کۆمەڵایەتیەکانی وەک خۆکوژی و کۆچوڕەوی لاوان بەرەو هەندەران لە مەودایەکی بەرفراواندا پەرەیان سەندوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە داهاتێکی زۆروزەوەند لە سامانە سروشتیەکان و گومرگی دەروازە سنوریەکان و باجەکانی ناوخۆ لە ڕێگەی بەرپرسانی پلەباڵای حزبی و حکومی و کۆمپانیاکانیانەوە دەستی بەسەراگیراوە. هەربۆیە ژنانێکی زەحمەتکێش و خەڵکێکی داخ لە دڵ و وەتەنگهاتوو بەدەست نەبوونی و نەداریەوە لەناو ئاپۆرەی خۆپێشاندەران و پێشوازی گەرمی ئەواندا پڕبەدەم هاواریان دەکرد ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە، مافیا و دزە، دەبێ بڕوات و یەخەمان بەربدات.

بەدڵنیاییەوە دەبێ ئەم دەسەڵاتە بڕوات، بەڵام ڕۆیشتنەکەی و لەوەش گرینگتر ئەوەی کە دوای ڕۆیشتنەکەی دەسەڵات بکەوێتەدەست ئەم خەڵکە زەحمەتکێشە، پەیوەستە بەوەوە کە هەر ئێستا لە مەیدانەکانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیەکاندا، لە شوێنی کار و گەڕەکەکانی ژیاندا، خەڵکی ئۆڕگانەکانی ئیرادەی خۆیان بهێننەدی؛ لە کۆمیتەکان و لیژنە و کۆمەڵە هەرەوەزیەکان و شۆراکاندا.

بۆ بەدەستهێنانی موچەکان و چۆکدادان بە حکومەتی هەرێم و چارەسەری کێشەی برسیەتی و بێکاری، پێویستە دەستبەجێ مامۆستایان و کارمەندان، کرێکاران و موچەخۆران، لە ناوەندەکانی کاردا نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن و لیژنەیەکی باڵاش لەو نوێنەرانە پێکبێت لە سەرتاسەری کوردستاندا تا خواستەکانیان ڕاگەێنێت و بە پشتیوانی هێزی یەکگرتووی ئەو جەماوەرە بتوانێ لایەنێکی چاودێر بێت بەسەر داهات و بودجە و دابەشکردنی موچە و دانوسانەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا.

  • نەنگ و ڕیسوایی بۆ توندوتیژی هێزە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵات
  • ئازادی دەستبەجێ بۆ گیراوەکان
  • موچەکان دەستبەجێ و بێ لێبڕین و بەتەواوی دەبێ بدرێن
  • بۆ پێشەوە بەرەو هەڵبژاردنی نوێنەرانی ڕاستەوخۆی کریکاران و کارمەندان و مامۆستایان و موچەخۆران

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

٤-١٢-٢٠٢٠

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بە بۆنەی گیان لەدەسدانی هاوڕێی ئازیز جەلیل شەهباز

زۆر بەداخەوە هاوڕێی ئازیزمان جەلیل عەبدال شەهباز، دوێنێ دوو شەممە (٤-٥-٢٠٢٦)، لە ڕێگەی گەڕانەوەی لە ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

بە بۆنەی یەکی ئایاری ٢٠٢٦، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکارەوە ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕۆژی ...

ببنە هاوبەشی کۆبوونەوەی نارەزایەتیمان ٢٤.٤.٢٠٢٦

   

بە توندی سەرکۆنەی تاوانی وەرنەگرتن و پێشکەش نەکردنی فریاگوزاری بۆ غەزال مەولان، دەکەین

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی سلێمانی/ ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق بەپێی ڕاگەێندراوێکی (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)، دوانیوەڕۆی سێ ...

هەوڵی تیرۆڕی ‌هاوڕێ عەلی جەوادی بە تۆندی سەرکۆنە دەکەین

راگەیاندنی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عیراق بەپێی ڕاگەیاندنی حزبی کۆمۆنیست کرێکاری ئێران/ حیکمەتیست، شەوی یەکشەمممە ...