دەربارەی ئاگربەست لە غەززە

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

ڕۆژی یەکشەممە (١٩)ی کانوونی دووەمی (٢٠٢٥)، کاتژمێر یازدە و چارەک (١١:١٥) بەکاتی ناوخۆیی، شەڕی جینۆساید دژی فەلەستینییەکان لە غەززە بۆ ماوەیەکی کاتی وەستا، دوای ئەوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمەش دوای زیاتر لە (١٥) مانگ لە جینۆسایدکردنی فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە لەسەر دەستی حکومەتی ئیسرائیل، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە (٤٧) هەزار کەس کە ڕێژەیەکی زۆریان منداڵ بوون، هاوڕای وێرانکردنی زۆربەی باڵەخانە و ژێرخان و کەرتی خزمەتگوزاری و نەخۆشخانەکان و ئاوارەکردنی زۆرینەی دانیشتوانی غەززە و برسیکردنیان و بێبەشکردنیان لە پێداویستییە هەرە سەرەتاییەکانی ژیان.

ئەمڕۆ دەبینین ئەو فەلەستینیانەی کە لە هۆلۆکۆستی شەڕ و جینۆساید ڕزگاریان بووە، هیواکانیان لەسەر ئەم ڕێککەوتنە هەڵچنیووە و بە تامەزرۆییەوە چاویان بڕیوەتە ئەوەی کە بەهرەمەند بن لە ئاشتی و ئاسایش و ڕزگاربوون لە چنگی شەڕ و بەڵاکانی، هەتا ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورت و کاتیش بێت. ئێمە هاوڕای هەر مرۆڤێک کە ئاواتەخوازی ئازادی و خۆشگوزەرانی و ئاسایشی ئینسانیـیە، خۆمان بەهاوبەش دەزانین لەگەڵ شادی مناڵانی غەززە و جەماوەری ئەو کەرتە لە هەموو تەمەنێکدا چ ژن بن چ پیاو، سەرەڕای ئەو ناڕوونی و نادڵنیاییەی کە دەوری ئەو شادی و خۆشییەشی داوە لە هەموو لایەکەوە.
ئەمە و خانەوادەی زیندانیانی ئیسرائیل و هاووڵاتییانێکی سڤیل کە هاوسۆزیانن و ماوەیەکی زۆرە دژی حکوومەتی نەتانیاهۆ و هاوبەشە فاشیستەکانی لە دەسەڵاتدا خۆپیشاندان دەکەن و داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دەکەن، خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکەیان بۆ وەستاندنی شەڕ و ئازادکردنی دیلەکان.

ئەوانەی بەشداربوون لە ئەنجامدانی ئەم کۆمەڵکوژیـیە و ئەو تاوانانەی کە زیاتر لە (١٥) مانگ لە غەززە بە بەردەوامی بەڕێوە دەچوو، تەنها سنوردار نەبوو بە دەوڵەتی ئیسرائیل و دامەزراوەی ڕەگەزپەرستی و ئایینی و حکومەتی تیرۆریستی نەتانیاهۆ و هەماهەنگی و پشتیوانی هەمەلایەنەی دەوڵەتی سەرمایەداری ئیمپریالیستی تاوانباری ئەمریکا و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی و ئیدارەی بایدن، بەڵکو ئەوانەش بەشداربوون لەو تاوانەدا کە هاوبەش و هاوپەیمانی ئیسرائیل بوون لە جەمسەری ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا و وڵاتە جۆراوجۆرەکانی کە بۆ ساتێکیش دوودڵ نەبوون لە پێدانی چەک و کەلوپەلی جەنگی بە ئیسرائیل و پشتیوانی کردنی سیاسی و میدیایی و دیپلۆماسی و شتی تر.

لەگەڵ ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە، (جۆ بایدن) و (دۆناڵد ترەمپ) دەستیان کرد بە لێدوان و شکۆمەندکردنی ڕۆڵی ئەرێنی خۆیان لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەوان لە بەهێزترین نوێنەرانی بۆرژوازی ئەمریکین کە لایەنگری هەڵوێست و ستراتیژییە تاوانکاری و ڕەگەزپەرستییەکانی ئەمریکا و دامەزراوەی حوکمڕانی ئەمریکان دژ بە مەسەلەی فەلەستین و مافی جەماوەرەکەی بۆ ڕزگاربوون لە داگیرکاری ئیسرائیل و بەدەستهێنانی مافە سیاسییەکانیان دوور لە داگیرکاری و ستەمی میللی و ڕەگەزپەرستیی بەرامبەریان.

ئاگربەستی ئێستای غەززە، لە لایەن ئیسرائیلەوە تەنها ئاگربەستێکی کاتیـیە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییە کاتیـیەکان و دڵنیایی لە ئارادا نییە کە قۆناغەکانی دواتری ڕێککەوتنەکە ڕۆشنایی ڕۆژ بەخۆیەوە ببینێت، چونکە هەموو توخم و پاڵنەرەکانی بەردەوامیدان بە شەڕەکە هێشتا لە شوێنی خۆیانن، و تەنانەت چڕتریش بوونەتەوە.
دوای (١٥) مانگ لە کۆمەڵکوژی و شەڕی قڕکردن لە غەززە و گورزە سەربازییە گورچووبڕەکانی ئیسرائیل لە دژی نەیارانی خۆی لە ناوچەکەدا، هاوسەنگی هێزی سەربازی بە قازانجی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی حەماس و حیزبوڵڵا و ڕژێمی ئیسلامی لە ئێران و “تەوەری بەرەنگاری” گۆڕاوە بەگشتی، جگە لە سڕینەوەی ڕژێمی ئەسەد لە نەخشەی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە. ئەم ئاڵوگۆڕانە ئیسرائیلیان خستۆتە دۆخێکەوە کە بتوانێت بە چڕی و بەرفراوانتر لە جاران بەرەو بەدیهێنانی سیاسەت و ستراتیژیی فراوانخوازی و داگیرکاریی خۆی هەنگاو بنێت.
ئەم سیاسەت و ستراتیژەی ئیسرائیل، لە هەمان کاتدا یەکێک لە کۆڵەکە هەرە گرنگەکانی سیاسەت و ستراتیژی ئیمپریالیستی (ترامپ) پێکدەهێنێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەت دژی ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێران. ئەمەش بەو مانایەیە کە هیچ چارەسەرێکی جددی بۆ پرسی فەلەستین یان دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی ئومێدبەخش بۆ خەڵکی غەززە لە ئەولەویەت و کارنامەی ترامپدا نییە.
بۆ ئیسرائیل و ترەمپ، ئاگربەست لە غەززە، لە نێوەندی ئەم هاوکێشانەدا، شتێک نییە جگە لە ئاگربەستێک لە کەرتێکدا کە بەردەوام دەبێت لە ناڵاندن بەدەست وێرانکارییەوە و دانیشتووانەکەشی لە سەخترین بارودۆخدا بەردەوامی بە ژیان دەدەن بەبێ ئەوەی هیچ ئاسۆیەکی سیاسی و ئابووری لە بەردەوامیاندا هەبێت بۆ ژیانێک کە دڵنیایی و ئاشتی هەمیشەیی تێدا بێت.

ترامپ لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی سیاسەتی هەرێمایەتی خۆی کە گوشارخستنە سەر ڕێژیمی ئێران و چالاککردنی پرۆسەی ئاساییکردنەوەیە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و فراوانکردنیەتی بۆ ئەوەی سعودیەش بگرێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ کەڵەکەبوون و جوڵەی سەرمایەی ئەمریکا و ئیسرائیل کە تێکەڵ بە تۆڕی سەرمایەی ناوچەکەیە لەسەر حیسابی بەردەوامیدان بە نەهامەتیەکانی جەماوەری فەلەستین و بێبەشکردنیان لە مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان.

ئەمەش وادەکات داهاتووی پرسی فەلەستین و خەڵکی غەززە وابەستەی ئەم ستراتیژە بن و ئەو فۆرمەش کە تا ئێستا پیادەکردنی کردەیی ئەم وابەستەییە بەخۆیەوە گرتووە، بریتی بووە لە داگیرکاری زیاتر و بەرفراوانکردنەکەی و کوشتن و لەناوبردنی زیاتری فەلەستینییەکان، شتێکی تر لە ئارادا نییە کە پێچەوانەی ئەمە بێت.

بەرژەوەندییە مادیـیە ئابووری و سیاسی و ستراتیژیـیە سەربازییەکانی نەک هەر ئەمریکا و ئیسرائیل، بەڵکو هی بۆرژوازی و ڕەوتە کۆنەپەرستە جۆراوجۆرە فەرمانڕەواکانیشی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەچەشنی ڕەوت و حزبەکانی ئیسلامی سیاسی وەک “تەوەری بەرەنگاری”، و ناسیونالیستەکان و ڕەوتی ئیسلامی سیاسی سوننە، پێویستی بە لەبەریەک ترازاندنی ڕیزی خەباتی جەماوەری چینی کرێکار و زەحمەتکێش و چەوساوەکانە بە جۆرەها شێوە، بەتایبەتی لەسەر بنەمای نەتەوە و ئایین و مەزهەب.
هاتنەدەرەوەی ئەم جەماوەرە لەژێر باری فەرمانڕەوایەتی بۆرژوازی و ڕزگاربوونیان لەدەست دڕندایەتی سیاسەت و ستراتیجی داگیرکاری و کۆیلایەتی ئەمریکا و ئیسرائیل و جەمسەرە هەرێمییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەندە بە ڕادەی زاڵبوونی ئەو جەماوەرە بەسەر ئەم لەبەریەکترازانەی ڕیزی خەباتیان و بەوەشەوە بەندە کە تا چ ڕادەیەک سیاسەتی شۆڕشگێڕی و ئینتەرناسیۆنالیستی چینایەتی پرۆلیتاریا پەیڕەو دەکەن و بزووتنەوەیەکی ڕێکخراو لەسەر ئەو بنەمایە بنیات دەنێن. تەنیا گەشەکردن و پێشکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە دەتوانێت کۆتایی بەو هەموو کۆمەڵکوژی و وێرانکاری و بێبەشیـیە بهێنێت لەناوچەکەدا.

(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) وەک ڕەوتێکی مارکسیستی و بەشێک لەو بزووتنەوەیە تێدەکۆشێت بۆ بەهێزکردن و ڕێکخستن و پەرەپێدانی.
١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی و بەرنامەی کابینەکەی، خزمەتە بە چەسپاندنی بەرژەوەندییەکانی سەرمایە و بەردەوامیدانە بەو دۆخە سیاسییەی کە هەیە

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق دوای زیاتر لە شەش مانگ لە کۆتاییهاتنی گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردنەکانی ...

بە بۆنەی گیان لەدەسدانی هاوڕێی ئازیز جەلیل شەهباز

زۆر بەداخەوە هاوڕێی ئازیزمان جەلیل عەبدال شەهباز، دوێنێ دوو شەممە (٤-٥-٢٠٢٦)، لە ڕێگەی گەڕانەوەی لە ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

بە بۆنەی یەکی ئایاری ٢٠٢٦، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکارەوە ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕۆژی ...

ڕاپۆرتێک لەسەر گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن، ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٦

بۆ ڕاگەیاندنی دەستبەجێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە تیرۆرکردنی (یەنار محەمەد) ژنە کۆمۆنیست و ڕابەری بزووتنەوەی ...

ببنە هاوبەشی کۆبوونەوەی نارەزایەتیمان ٢٤.٤.٢٠٢٦