با لێبڕاوانە دژ بە میلتاریزەکردنی شارەکان و سەرکوتی سیاسی بوەستینەوە

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەی کە گوایە فەرمانی دادگا دەرچووە بۆ دەستگیركردنی (لاهوری شێخ جەنگی) کە سەرۆكی (بەرەی گەل)ە، هێزە چەکدارەکانی سەر بە (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) هەڵسان بە میلیتاریزەکردنی تەواوی شاری سلێمانی، و گەمارۆدانی بارەگای (لاهور) لە وتێل (لالەزار) لە ئێوارە و شەوی پێنج شەممەدا، وە دوای چەند سەعات شەڕ، و کوژران و برینداربوونی چەند کەس لە هەردوو لا، بەرەبەیانی جومعە (٢٢-٨-٢٠٢٥) (لاهور) و هەردوو براکەی و چەند کادر و فەرماندە و چەکدارێکی ئەو حزبە دەستگیرکران.
ئەم ڕووداوە (١٠) ڕۆژ دوای گرتنی سەرۆکی حزبێکی تری ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی (شاسوار عەبدولواحید) دێت، بەبیانوی جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا، وە بەهەمان شێوازی خۆنمایشکردنی میلیتاریستی و سەرکوتگەرانەوە.
(لاهور) و براکانی و ڕەوتی (بەرەی گەل) تا چەند ساڵێکی کەم لێرەوپێش لە بەرپرسانی پلەیەکی سیاسی و دەزگای زانیاری و دژە ترۆری (یەکێتی) بوون، لە دامەزرێنەران و داڕێژەرانی سیاسەتی هەمان ئەو هێزە چەکدارە بوون دژ بە جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخواز و ئێستاش خۆیان کەوتونەتە داوی هەمان ئەم دامودازگا و هێزە میلیشیایەوە.
سەرکوتگەری و دیکتاتۆریەتی (پارتی دیموکراتی کوردستان)یش لە مێژە باڵی کێشاوە بە سەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەم حزبەدا، و هەر جوڵانەوە و ناڕەزایەتیـیەکی جەماوەری و هەر ئۆپۆزسیۆن و لایەنێکی دژ بە دەسەڵاتی خۆی بەو پەری درندەیـیەوە سەرکوتکردووە، و لەم ڕاستایەشدا یاسا و داداگای وەک ئامرازێک بەکارهێناوە هەر وەک نمونەی ئەوەی کە بەناوی یاسا و دادگاوە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی (شیروان شیروانی) کە چەند ساڵێکە لە زینداندایە، چوار ڕۆژ لێرەوپێش لە (١٩-٨-٢٠٢٥)دا حوکمێکی تری (٤) ساڵ و پێنج مانگی بەسەردا سەپێندرا.
دەسەڵاتدارەتی هەردوو حزبی میلیشیایی (یەکێتی) و (پارتی) بە گرتنەبەری سیاسەتی نیولیبرالیزم بۆ هەرچی زیاتر کەڵەکەی سەرمایە و چەوساندنەوەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە سێ دەیەی ڕابردوودا، هەلومەرجێکی فەلاکەتباریان لە بێکاری و بێ مووچەیی و برسیەتی و بـێـبەشی و بێ مافی و بێ خزمەتگوزاری داسەپاندووە بەسەریاندا، ئێستاش لەگەڵ بنبەستی فەرمانڕەوایەتی و قەیرانە ناوخۆیـیەکانی هەرێمەکە و دژواری پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و بگرە لەگەڵ کێشەناوخۆیـیەکانی دەرونی حزبەکانیشیاندا ڕووبەڕوو بوونەتەوە، و لەبەردەم کێشەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاقیشدان، هەموو ئەمانەش لە بارودۆخێکی جیهانیدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتۆتەبەر گێژەڵوکەی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاریـیەکانی.
بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخە، هەردوو حزبی دەسەڵات لەهەوڵدان هەرچی زیاتر لە هاوئاهەنگی و پلانی هاوبەشدا بن بۆ سەرکوتی نەیارانیان و پەنابەرنەوە بەر نەریتی دەستدرێژیکارانە و ڕیشەداری کوردایەتی کە پەلاماردانی بارەگا و بنکەی حزبە نەیارەکان و کوشتن و پاکتاوسازی سیاسی چالاکوانانە.
(یەکێتی) وەک هێزێکی دەسەڵاتدار هەر دەم ئەم کارە تیرۆریستانەی بە تایبەت لە پاریزگای سلێمانی و ناوجەرگەی ئەم شارەدا بەکارهێناوە و نمونەی زۆرە لەوانە تیرۆری پێنج (٥) لە هاوڕێیانی کۆمۆنیست لە تەمموزی (٢٠٠٠)دا کاتێک (یەکێتی) شارەکەی میلتاریزەکرد و هەڵیکوتایە سەر بارەگاکانی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق).
بۆ بەرگرتن بە ملهوڕی و سەرکەشی ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارە میلیشیایە، بۆ ڕێگرتن لە داسەپاندنی کەشوهەوایەکی میلیتاریستی کە ژیان و ئاسایشی جەماوەر و ماف و داخوازیـیە ڕەواکان و بزووتنەوە ناڕەزایەتیـیەکانیان بخاتە بەر مەترسی تیاچوونەوە، پێویستە نەک هەر بەربگیرێت بەم ملهوڕیـیە میلیتاریستیـیە، بەڵکو کۆتاییش بهێندرێت بە دەسەڵاتدارەتیـیان، ئەویش لە ڕێگەی خۆڕێکخراوکردن و هاتنەمەیدانی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە بە ڕیزێکی یەکگرتووی جەماوەری بەهەژارکراو و ستەمدیدە و و بەئاسۆیەکی ڕزگاریخوازانەی سۆشیالیستییەوە.
٢٢-٨-٢٠٢٥

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

کۆمۆنیزم دەبێ ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی سۆشیالیستی و پڕۆلیتاری بە عەمەلی بخاتە بەردەم کۆمەڵگە

نادر عەبدولحەمید هەرێم لە پڕۆسەیەکی مێژوویی جیهانیدا لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە (١٩٩١) کۆمەڵگەی کوردستان ...

ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە ٤٢

ژمارە (42)ی ڕۆژنامەی (ڕەوت)، ئەیلول/ سێپتێمبەری (2026)، بڵاوکرایەوە ڕۆژنامەی (ڕەوت) بە چاپی وەرەق لە هەرێمی ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق، لە یادی هەشت ساڵەی دامەزراندنیدا

یادی هەشت ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق دەکەینەوە، و هەر ساتە هەست بە ...

چەند کلیپێک لە بەشداریکردنەکانی مەراسیمی یادی هاوڕێی ئازیز یەنار محەمەد لە سلەیمانی ٢١-٦-٢٠٢٦

چەند کلیپێک لە بەشداریکردنەکانی مەراسیمی یادی هاوڕێی ئازیز یەنار محەمەد لە سلەیمانی ٢١-٦-٢٠٢٦ لەم کلیپەدا: ...

ڕاپۆرتێک دەربارەی ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی هاوڕێی ئازیز یەنار محەمەد لە سلێمانی!

لە ژێر دروشمی (شۆڕشی یەنار بەردەوامە!)، ئێوارەی (٢١)ی حوزەیرانی (٢٠٢٦)، ڕێوڕەسمێکی شایستە و بەشکۆ بەڕێوەچوو ...