ڕاگەیاندن: سەبارەت بە خۆهەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوی (یەکێتی کۆمۆنیستەکان لە عێڕاق)

بەپێی ڕاگەیاندنێک کە لە سەرەتای ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا بڵاوکراوەتەوە، (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) لە (٢٧ی ئەیلولی ٢٠٢٥)، و لە کۆنفراسی پێنجەمی خۆیدا و بەتێکڕای دەنگی بەشداربووان بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاندووە.

وێڕای ئەوەی کە زۆربەی هاوڕێیانی هەردوو ڕێکخراوی (بەدیلی کۆمۆنیستی) و (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) مێژووییەکی هاوبەشی خەباتکارانەیان هەیە، هەر لە ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست)ەوە تا (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق) و دواتریش درێژەدان بە پەیوەندی بە شێوازی جۆراوجۆر، لە تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەری ٢٠١٨)شەوە وەک دوو ڕێکخراوی سیاسی بە فەڕمی لە پەیوەندیدا بووین، و دوای زنجیرەیەک گفتووگۆ و دانیشتن لە کۆتایی تشرینی دووەم (نۆڤێمبەر)ی هەمان ساڵدا بەیاننامەی هاوبەشمان دەرکردووە، کە لە هەردوو ڕۆژنامەی (الغد الإشتراكي) ژمارە (٢) کانوونی یەکەم (دێسێمبەری ٢٠١٨) بەزمانی عەرەبی، و دواتریش لە ژمارە (١)ی ڕۆژنامەی (ڕەوت) ئایاری (٢٠١٩) بە زمانی کوردی بڵاوکراوەتەوە. کە تییادا هاتووە (ئامانج لێی پێکهێنانی هاوفکری و هاوڕایی سیاسی و بەرنامەیی و چوونەناو پڕۆسەیەکی سیاسی عەمەلیـیە بۆ یەکگرتوویی و هەنگاونان بەرەو هێنانەدی حزبێکی کۆمەڵایەتی مارکسیستی شۆڕشگێڕ).

ئەم ڕاگەیاندنەی (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) ڕاگەیاندنی ڕێکخراوێکی خەباتکارانەی ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی بوو کە ئێستا ئەندامانی بەو ئاکامە گەیشتوون ئەزموونێکی نوێ بخەنە دەستووری کاریانەوە کە هاوشێوەی ئەوە بێت ئەمڕۆ لە کوردستانی سوریا لە ئارادایە.

ئەمەشیان ڕاشکاوانە لەم ڕاگەیاندنەدا باس لێوەکردووە “دوای بەرخۆدانی کۆبانێ، هەروەها سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئەزموونی ڕۆژئاوا ئەم ڕێکخراوە زیاتر پێداگربوو لەسەر ئەوەی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و چەپ لە گرنگی ئەم دۆخە سیاسییە نوێیە تێبگات و ئامادەکاری بکات بۆ خۆنوێکردنەوە و دەستبردن بۆ ئەزموونی سیاسی هاوشێوە لە عێراق و ناوچەکەدا”.

واتا بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لەژێر ناوی “تێگەیشتن لە دۆخی سیاسی نوێ و خۆنوێکردنەوە” دەستبەرداری مارکسیزم و کۆمۆنیزم و خەباتی چینایەتی و مێژووی خۆی بێت و وەک ئەوان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و شێوازی “ئەزموونی ڕۆژاوا” بگرێتەبەر.

ئاڵوگۆڕەکانی دوو سێ دەیەی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوڕای پەرەسەندنی سەرمایەداری لە کوردستان زەمینەسازی گەشە و هێزگرتنی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد بووە بە باڵی ڕاست و چەپـیەوە تا ئاستی دەسەڵات لەناو هاوکێشە جیۆپۆلیتکییەکانی ناوچەکە و ڕۆڵ بینینیان وەک پڕۆکسی لەناو کێشمەکێشێکی ئاڵۆزی زلهێزە ئیمپیریالیستەکان و دەوڵەتە بورژوا کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەدا.

ئەم ئاڵوگۆڕانە، پێ بەپێ تەرازووی هێزی چینایەتییان لەناو کۆمەڵگەدا لە بەرژەوەندی ناسیونالیزمی کورد گۆڕیووە، و وێڕای سەرکوتگەری بەرامبەر ڕەوتی مارکسیستی و کۆمۆنیستی، فشاری بزووتنەوەی ناسیونالیزمی چەپ و دیموکراتخواز و لیبراڵ-ناسیونالیستیش قورسایی خۆی لەسەر ئەم ڕەوتە داناوە، وە ئەوانەش لەناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا کە سەرەداوەکانیان لەگەڵ باڵە جۆراوجۆرەکانی ناسیونالیزمدا نەپچڕاندووە لەبەریەک هەڵوەشاندۆتەوە، هەر بەم پێیەش ناسیونالیزم کادر و هەڵسوڕاوان و ئۆڕگانەکانیشیانی وەک بلۆک و خشتی باڵەخانەی ڕووخێنراو بەکاردەهێـنێتەوە بۆ پتەوکردن و بەرزکردنەوەی دیواری خۆی لە بەرامبەر چینی کرێکار و کۆمۆنیزمدا.

ئەم ڕاگەیاندنە پاسیفیزم و دەست لە کار کێشانەوە نیـیە لە خەباتی فکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی، بەڵکو ڕاگەیاندنێکە بۆ تێهەڵچوونەوەیەکی سەرلەنوێ، بەڵام لە پڕۆسەیەکدا کە زەمینەسازیان کردووە بۆ سڕینەوەی ئاسەواری بنەما فکری و سیاسیـیەکانی ڕابردوویان تا ڕاشکاوانە بژاردەکەی خۆیان لە بنەمایەکی تری فکری سیاسی و بزووتنەوەیەکی تری کۆمەڵایەتی سیاسی بخەنەڕوو، “… بۆ خۆئامادەکردن و بەشداری لە پرۆسەی سیاسی، … لەگەڵ ڕەوت و گرووپ و کەسایەتی و هەڵسوڕاوانی تر” بۆ پیادەکردنی پڕۆژەیەکی هاوشێوەی ئەزموونی کوردستانی سوریا “ڕۆژاوا”، لە عێراق و ناوچەکەدا.

بەم شێوەیە ئاسۆی گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیەکی سیاسیـیان خستۆتەڕوو کە تەواو پێچەوانەی ئاسۆی ئەو پڕۆژەیەیە کە لە بەیاننامەی هاوبەشی هەردوو ڕێکخراوی (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) و (بەدیلی کۆمۆنیستی)دا باسی لێکراوە.

چارەنوسێک کە ئەم ڕێکخراوە پێی گەیشتووە ڕووداوێکی فکری سیاسی و ڕێکخراوەیی ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستییە بەدەر لەهەر هەڵسەنگاندنێک کە ئێمە هەمان بێت بۆی  کاریگەریی نەرێنی بەجێ دەهێڵێت بەوەی کە بورژوازی و ڕەوتە سیاسی و فکرییەکانی بەکاری دەهێنن بەدژی کۆمۆنیزم و مارکسیزم لانی کەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانی عێڕاق.

ئەمە و ئەو چەمکە فکری و سیاسیـیانەش کە لە خودی ڕاگەیاندنەکەدا هاتوون بۆ پاساودان و ئارایشکردنی ئەو چارەنووسە، دەروازەیەک ئاوەڵادەکەنەوە بۆ بەدگومانی بەرامبەر مارکسیزم و کۆمۆنیزم و کولکردنی خەباتی چینایەتی کرێکار.

لەم ڕووەوە ئێمە بۆ بەرگری لە مارکسیزم و کۆمۆنیزم وەک تیۆری و ئامڕازی خەباتی چینایەتی، وە وەک بەشێک لە خەباتی چینی کرێکار و ئامانجە ڕزگاریخوازەکانی، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لە هەوڵدابین بۆ وەلانانی کاریگەریـیە نەرێنیـیەکانی ئەم پڕۆسەیە و بەرپەرچدانەوەی بەدگومانی و پەلامارەکانی ئایندە.

لەمڕۆی سەرمایەداری قەیرانگرتووی سەدەی بیست و یەک، بۆرژوازی و دەوڵەتەکانی لە ئاستێکی جیهانیدا بەخێراییەکی لەڕادەبەدەر خەریکی خۆ پڕ چەککردن و توندوتیژکردنەوەی چەوسانەوەی چینایەتین و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ڕاپێچ دەکەن بۆ نێو جەنگ و هەژاری و کارەساتە ژینگەییەکان و بیروباوەڕە بەسەر چووەکان، هەر لەم ناوەندە تێهەڵچوونە چینایەتیـیانەدا کە هەر ڕۆژە مانگرتنی سەراسەری کرێکارانی ڕشتە جۆراجۆرەکان و خۆپیشاندانە جەماوەریـیە ملیۆنیـیەکان تا دەگاتە ڕاپەڕینە جەماوەریـیەکان، بۆتە بنەمایەکی بەهێزی گەشە و پەرەگرتنی کۆمۆنیزم و مارکسیزم و ئەمەش لە ئاستی جۆراجۆری فکری و سیاسی و ڕێکخراوەیـیە لۆکاڵی و ئینتەرناسیۆنالییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە.

لە کۆتاییدا:

ئەم هەنگاوەی (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆیان بەم ناوەڕۆکە فکری و سیاسییەوە، هەڵبژاردنێکە لە وەرچەخانێک لە ڕەوەندی هەڵکشانی پۆڵاریزە و توندوتیژبوونەوەی هەرچی زیاتری کێشمەکێشی چینایەتی لە کوردستان و عێڕاقدا.

داپۆشینی ئەم ڕاستییە لەژێر ناوی ئامۆژگاری گرتنەبەری ڕێباز و ڕەوەندێکێکی فکری و سیاسی تر لە گەرمەی ئەم کێشمەکێشەدا بێ بنەمایە.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

نامەی هاوسۆزی و هاوپشتی ئاراستەی مارکسیستی هاوچەرخ بۆ مەراسیمی رێزگرتن لە هاوڕێ یەنار محمد لە لەندەن ٢٩.٣.٢٠٢٦

بەڕێز، هاوڕێ  موئەیەد ئەحمەد، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق هاوڕێیانی ڕێکخراوی بەدیلی ...

Condolence Statement, Socialist Alternative – Iraq, Kurdistan, for Yanar Mohammed’s memorial event in London 29.3.2026

Today, at this mourning gathering, we express not only our grief and sorrow in honour ...

ووتەی ڕەحمانی حسێن زادە لە مەراسیمی رێز لێنان لە یەنار محمد لە لەندەن 29.3.2026

   

Bahar Munzirووتەی هاورێ بەهار مونزیر بۆ مەراسیمی رێز لێنان له یەنار محمد لە لەندەن ٢٩.٣.٢٠٢٦

پەیامی تۆری ٨ی مارس بۆ مەراسیمی رێز لێنان لە یەنار محمد لە لەندەن لە لایەن بیزا عەبدوڵڵا